خەو یەكێك لە گرنگترین بەشەكانی ژیانی هەر كەسێك، بێخەوی، كەم خەوی یان ئاڵۆزبوونی سیستەمی خەو دەتوانێ كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و كاروباری رۆژانەمان هەبێت، لەدرێژەدا بەشێك لە هۆكارەكانی خەواڵوویی یان تێكچوونی پرۆسەی خەو دەخەینە بەر باس.
1. وەرزش نەكردن: یەكێك لە هۆكارەكانی خەواڵوویی، پسپۆڕان دەڵێن چوار رۆژ لە هەفتەداو هەر جارێك بە ماوەی (40) خولەك وەرزش بكەن، جەستەی ئێوە هاوشێوەی مەكینەیەو ئەگەر بەردەوام پشوو بدات تێك دەچێت.
2. ئاڵۆزبوونی خەو: هەندێك كەس بە رادەی پێویست ناخەون و هۆكارەكەشی سەرقاڵی رۆژانەیە، كەوابوو بەردەوام هەست بە خەواڵوویی دەكەن، خەو یەكێك لە پێویستییەكانی ژیانەو نابێ شەوانە لە شەش كاتژمێر كەمتر بخەوین، هەڵبەت جەستەی ژنان بەنیسبەت پیاوان خەوێكی زیاتری پێویستە.
3. كەم خوێنی: ئەو كەسانەی كەم خوێنن بە بەردەوامی هەست بە بوورانەوەو ماندوویەتی دەكەن و حەزیان لەوەیە بخەون، كەم خوێنی دەتوانێ لە كەمبوونی ئاسنەوە سەرچاوە بگرێت و هەستی قورسبوونی ماسولكەو لاوازبوونی جەستە بە تووشبووان ببەخشێت.
4. كۆنیشانەی ماندوویەتی بەردەوام: كۆنیشانەی ماندوویەتی بەردەوام ماندوویەتییەكی قورسەو بەگشتی زیاتر لە شەش مانگ درێژەی دەبێت، كەسی تووشبوو بەگشتی هەست بە ماندوویەتی و خەواڵوویی دەكات.
5. شەكرە: واتە شەكری خوێن لە ئاستێكی بەرزدا بێت و ئەمەش هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی وزەو لەم حاڵەتەدا كەسەكە هەست بە ماندوویەتی و خەواڵوویی دەكات.
6. سترێس و دڵەڕاوكێ: یەكێك لە هۆكارە باوەكانی ماندوویەتی و لاوازبوونی جەستەیە، ماندوویەتی مێشك و جەستە پێوەندیان لەگەڵ یەك هەیەو بە هۆكاری خەواڵوویی دێنە ئەژمار.