بەداخەوە لە دووزۆنی هەرێمی کورستان سەرباری کەڵە کە بوونی خەرمانێک کێشەی ئابووری و دەرهاویشتەی نەخوازراوی سیاسی کەچی دیاردەی لێدان و مۆمیاکردنی دەنگی ئازادو خەفەکردنی گەرووی ناڕەزایی و ئەتکردنی سیمای دیموکراسی بۆتە دیاردەیەکی نەخوازراوو باری لاری ئەم دەسەڵاتە بەجۆرێک لە بری ڕێزو ئەرک و ماف و کەرامەتی مرۆڤی کورد کەچی بەڕۆژی ڕووناک ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی بەڵتەچیەکانیەوە بەقامچی و شەق و چەک و لێدان هەڵدەکوتنە سەر هەموو ئەوانەی داوای ماف و قوت و موچەیان دەکەن. خوا هەڵناگرێ لەم لایەنەوە جیاوازی لەگەڵ مرۆڤی ووردو درشت و قوتابی و ڕۆژنامەنوس و فەرمانبەرو کاسبکاری ئەم هەرێمەدا ناکەن هەرکەس لەدەرەوەی خواستەکانی دەسەڵات داوای مافی ڕەوای کردبێت ئەوان بێباک بوونە لە لێدان و ئەشکەنجەو یانیش تۆمەتی بێبنەمایان بۆ هەڵبەستوون و دواتریش لەکونجی زیندانەکان قایمیان کردوون. ئەوان گەرچی ناکۆکن بەڵام لە دیاردەی داپڵۆسین و شەق وەشاندن و کپکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی دا هەردوو لا هاوڕاو هەماهەنگن کورد ووتەنی موناچێ بەبەینیاناو تەنانەت تەنسیق و تەوزیفی ناتەندروستیان هەیە سەیرترلەوە گۆڕانیش کە بەرکەوتەی کێکی دەسەڵاتە ئەوانیش بێ هەڵوێست و سەرکزو چاونوقاون لەم پرسانەداو لەپێناو لەتێک نان و قومێک نەوت و قاچە کورسیەک دا سەری کزیان بۆدەسەڵات دەلەرزێنن و یانیش بێ دەنگ و بێ هەستن. هەموو ئەوانەی کە سوارچاکی بەردەواماندنی کێشەکانن دەبێ بزانن گۆپاڵ و قامچی و شەق وەشاندن و توندو تیژی باجی هەیە دڵنیابن بەئەندازەی شەقەکانتان هاوڵاتیان تۆڵەی گورچک بڕ دەکەنەوە لەئاوچونی دەنگ و کورسیەکانتان لەخۆڕانیە بەڵکو تاوانی کەیلی و کوێریتانە بەرامبەر داخوازیەکانی هاوڵاتیان مزگێنی بێت هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان نزیکەو خەڵکیش زیاتر لە جاران هۆشیارە دڵنیابن بەئەندازەی گەندەڵی و بێباکیتان زیاتر لە قامچی و شەقەکانتان گەرم و گوڕتر لە فیشەک و بۆنی بارووتان خێراتر لە ئاودیوکردنی تانکەری نەوت و دزینی پارەو قوتی خەڵکی سڤیلتان خەڵکی تۆڵەتان لێدەکەنەوەو کورسی و دەنگتان لەخاچ دەدەن. بەڵێ دەتوانن بەزوڵم کردن هەموو شتێک بەدەست بێنن بەڵام بزانن بەدوعای مەزوڵم ئەو ڕۆژەدێ دەنگ و سەنگ و کورسیتان لەدەست بدەن و ئەستوری زوڵم و سەرەڕۆیتان کۆتایی بێت. سیروان سەید