دانیشتن بەدیار تەلەفزیۆن و شاشەی كۆمپیوتەرو ئایپادو مۆبایلەكان بۆتە دیاردەیەكی هەمیشەیی و هەن زۆربەی كاتەكانیان لەگەڵ دەبەنە سەر، ئەگەر بۆ هەموو كاتێك ئەو خووە ئاسایی بێت، بەڵام لەسەر سفرەی ژەمەكانی ناخواردن ناشێت، چونكە لەوبارە زۆر دەخۆیت هەر تێر ناخۆیت.
دكتۆرە (Susan Albers) پرۆفیسۆری دەرونناسی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كەسانەی هەمیشە بەدەم سەیركردنی شاشەكانەوە نان دەخۆن ئاسایی نین و ئەو خووە دەبێتە هۆی قەڵەوی و تێكچوونی تەندروستی و باری دەروونی مرۆڤ، ئەو زانایە دەڵێ : كاتێك سەیری فیلمێك یان رووداوێكی سەرنج ڕاكێش دەكەی ئاگات لە خواردنەكە نامێنێ و بەدەم تێكەڵاوی دیمەنەكانەوە هەر دەخۆیت و دەخۆیت و هەست بە تێربوون ناكەی، چونكە مێشك ئاماژە ناداتێ بۆ تێربوون و هەر خەریكی رووداوەكانی ناو تی ڤیەكە دەبێت.
توێژینەوەیەكی زانكۆی هارڤاردیش بڵاویكردۆتەوە كە تێربوون هەر پەیوەندی بە رێژەی ئەو خواردنەوە نیە كە دەیخۆیت، بەڵكو مێشك و هزریش رۆڵی تیادا دەبینێت، كە مێشك بە بوارێكی ترەوە سەرقاڵ بكەی و لەگەڵیشیدا نان بخۆیت، ئەوا ئەو ماوەیە كە (20) دەقیقەیەو مێشك ئاماژە دەدات بۆ تێربوون درێژتر دەبێتەوەو كاتێكی زیاترو خواردنێكی زیاترت پێویست دەبێت.
گۆڤاری (Gesundheit) ی ئەڵمانیش لەبابەتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات كە خواردن بەدەم سەیركردنی تیڤی و شاشەكانی تر مەترسیدارە، چونكە مێشك مامەڵە لەگەڵ بارەكە ناكاو كاتێك خواردنەكە هەڵدەگری و دەیخەیتە ناو دەمت و لە قوڕگت دەچێتە خوارەوە تەنها میكانیزمێكەو هەر دووبارەو چەند بارە دەبێتەوە بەبێ ئەوەی مێشك پێی بزانێ و كاردانەوەی لەگەڵ دروست بكات، بۆیە ئەو كەسانەی وادەكەن زۆر دەخۆن و كێشیان بەڕادەیەكی زۆر زیاد دەكات، گۆڤارەكە نووسیویەتی زۆربەی خەڵكی لەهۆڵەكانی سینەما یان لە ماڵەوە گەنمەشامی و خواردنی سوك دەخۆن بەرادەیەك ئەوەندە لەبەردەم خۆیان دادەنێن كە بەدرێژایی سەیركردنی فلیمەكە بەشیان بكات كەئەمەش سنوربەزاندنەو دەبێتە هۆی قەڵەوبوونی خێرا.
خاتوو (Dr. Rashmi Prakash) مامۆستای زانكۆی (Lucknow) ئوسترالیا دەڵێت: ئەو حاڵەتە بۆ منداڵان زۆر خەراپە كاتێك بەدیار فیلمەكانی كارتۆنەوە خواردنیان لەبەردەم دادەنێن، مێشك و هۆش و گۆشیان لەگەڵ كارتۆنەكان تێكەڵاو دەبێ و نەسودی لێ دەبینن و نەتێریش دەبن، دوای نانخواردن بەدیار تیڤیەوە بەماوەیەكی كەم دیسان برسیان دەبێتەوەو داوای ژەمێكی تریش دەكەن، بۆیە ئامۆژگاری دایك و باوكەكان دەكات كە لەكاتی ژەمدان بە منداڵەكانیان شاشەكانی تیڤی و لاپتۆپەكانیان لەسەر بكوژێننەوە تا سوود لە پرۆتین و ڤیتامینەكانی ناو خواردنەكان ببینن و مێشكیان زەنگی تێربوونیان بۆ لێ بدات.