خوێندکاران و خۆپیشاندان
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ناپلیۆن دەڵێت: من لەو شۆڕشانەى کە بەهۆى برسێتى و بێ نانى ڕوودەدەن زیاتر دەترسم، نەک بەرامبەر لەشکرێکى دووسەد هەزار کەسى شەڕ بکەم.

زیاتر لە دوو سەدە لەمەوبەر ناپلیۆن ئەو قسەیەى کردوە، کە بۆ زۆرێکمان ئەوە ڕوونە ئەو سەرکردەیە بۆ سەردەمى خۆى بەدەسەڵاتترین کەس بووە و توانیتى وەرچەرخانى گرنگ لە ژیانى فەڕەنسیەکان بەتایبەتى و جیهان بەگشتى بێنێتە ئاراوە، دەتوانین بڵێین پێشکەوتنى ئێستاى ئەم گێتییەى ئێمە لەسەرى دەژین شۆڕشى فەڕەنسى یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانى.

لێرەوە دێینەوە سەر خۆپیشاندانى دوو ڕۆژى ڕابردووى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان کە تیایدا زۆر بەڕاشکاوى داوا و پەیامى خۆیان گەیاند بەلایەنى بەپرس و دەسەڵاتدارانى هەرێم، ئەوەى ئێستا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیان داوەتێ مشتێکە لە خەروارێک چونکە بیرمان نەچێت لە هەڵبژاردنى پێش وەختەى مانگى ڕابردووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاستى کەمى بەشدارى خەڵک و بوونى ڕێژەیەکى زۆرى دەنگى پوچەڵ ئەوەى بەگوێى دەسەڵاتدارانى هەرێم دایەوە کە ئێستا زۆرینەى خەڵک لەگەڵیان نەماوە و ئامادە نین وەکو نوێنەرى خۆیان ناوزەندیان بکەن.

ئەتوانین بڵێین ئەو خۆپیشاندانەى ئێستاى خوێندکاران کە ئەنجامیدەدەن لە ناوەڕۆکدا بریتییە لە شۆڕشێکى گەورە چونکە زۆرینەى خەڵکى ئاسایی و مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشکان و ئەندازیاران و پارێزەران و دادوەران و کاسبکاران و بەشێک لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بەدڵ و ویژدان لەگەڵیانن لەبەرئەوەى لە دەرەنجامدا داواى خوێندکاران داواى زۆربەى چین وتوێژەکانى کۆمەڵگەن کە برسى و بێ خزمەتگوزارى کراون لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمە سەرەڕاى گرانى نرخى شتومەک و زیادکردنى باج و ڕسومات لەسەر خەڵکى. بۆیە داواکردنى دەرماڵە لەلایەن خوێندکارانەوە ڕەنگە لە ڕیزبەندى داواکارییەکانیاندا دوا داواکارى بێت چونکە داواکارى زۆر لەوە زیاتریان هەیە، وەکو دابینکردنى بەشە ناوخۆیی شایستە و سوتەمەنى و ئاو و کارەبا.

کارەساتەکە لەوەدایە دوێنێ لە هەولێر شەق لە مامۆستا هەڵدرا ئەمڕۆش لە سلێمانى وەجاخى دەسەڵات ڕۆشنکرایەوە بەشەق هەڵدان لە خوێندکارى زانکۆ، کەچى لەولاوە ئەگەر سەیرى گۆڕەپانەکە بکەیت دەسەڵات دێت و ئەڵێت داواى خوێندکاران ڕەوایە و مافى خۆیانە، لەکاتێکدا خودى خوێندکاران و ئێمەش باش ئەزانین کە هەر ئەو دەسەڵاتەى فرمێسکى تیمساحى ئەڕێژێت خۆیان هۆکارى سەرەکى و بنەڕەتى نەهامەتییەکانى ئەم میللەتەى ئێمەن.

لەلایەکیترەوە هەڵسوکەوتى هێزە ئەمنییەکان کە بەشێوەیەکى توندوتیژى ڕوبەڕوى خوێندکاران دەبنەوە جێگەى نیگەرانى قوڵە، ئەمە پێمان دەڵێ  کە داواکردنى هەر مافێک لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەپێدراو نییە.

بڕیاردانى بەشێک لە زانکۆکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بۆ ڕاگرتنى دەوامى خوێندکاران و داخستنى بەشە ناوخۆییەکان دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە دەسەڵات ترسى جدى بۆدروست بووە لەو خۆپیشاندانەى کە خوێندکاران ئەنجامیاندا لەبەرئەوەى ترسیان هەیە کە چالاکیەکە تەشەنە بکات و زرۆبەى چین وتوێژەکان بگرێتەوە.

یەکێک لەلایەنە گرنگەکان کە دەتوانن کارى گرنگ بۆ خوێندکاران بکەن ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانن کە دەتوانن لەڕێگەى پرۆژە یاسایەک یاخود بڕیارێکى تەشریعى پەرلەمانییەوە حکومەت پابەند بکەن بەدابینکردنى گشت پێداویستییەکانى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان لەناویاندا پێدانى دەرماڵەیەکى شایستە بەگشت خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان تاوەکو لایەنى کەمى پێداویستیەکانى ڕۆژانەیان پێدابین بکەن.

بەهۆى دەسەڵاتى کوردى خوێندکارانیش وەکو زۆرێک لە چین وتوێژەکانى کۆمەڵگە لە ژیانى ناهەمواردان بۆیە هاتنە سەرشەقام و خۆپیشاندان مافى ڕەواى خۆیانە و پێویستە لەسەر پارتەکانى دەرەوەى دەسەڵات و ڕێکخراوە خوێندکارییەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بەدەنگى بەرز و زوڵاڵ پشتگیرى خۆپیشاندانەکان بکەن و بەکردەوە بچنە ناو خوێندکاران تاوەکو دەسەڵات بەچۆکدا بهێنن و مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە، لە ئەگەرى سەرکەوتنى خۆپیشاندانى خوێندکاران ڕێگە خۆش دەبێت بۆ گشت چین وتوێژەکانیتر کە بە مانگرتن و خۆپیشاندانى مەدەنى مافەکانیان بەدەستبهێنن.

ماوەتەوە بڵێین پشتگیرى مافە ڕەواکانى خوێندکاران دەکەین و دژى هەر جۆرە توندوتیژییەکین کە بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، خوێندکاران شایەنى ژیانێکى شایستەن چونکە هەر ئەوانن کە لە داهاتوو دەبن بە فریادڕەسى ئەم کۆمەڵگەیە و لەم نەهامەتییە ڕزگارى ئەکەن.                       

هه‌واڵی گرنگ