لەکوردستان هەموو شت گرانە ، تەنها (جگەرە) هەرزانە!!!!!!!!! ~~~~~~~~~ ~~~ وتتان و وتتان ، بەڵام وادەرنەچوو!!
چەندین جار لەسەر زمانی وەزیری کارەبا، وتتان بەرهەمهێنانی کارەبامان زیادکردوە ، کەچی کارەبای نیشتمانی هەروەکو خۆیەتی و لە ١٦ کاتژمێر تێناپەڕێ !
وتتان بەدانانی (پێوەری زیرەک) بڕێکی باش کارەبا زیاد دەبێت و چەند کاتژمێرێک دەچێتە سەرکاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی ،کەچی هیچ وانەبوو ، بگرەنەک سەعاتەکانی پێدانی کارەباتان زیاد نەکرد ، بەڵکو بڕی کارەباکەشتان ئەوەندە کەمکردەوە،کە دەبێ ئەگەر (ئوتی) یان ( وشککەرەوەی پرچ) یان ( دۆڵکەی ئاو گەرمکردن) بەکار بێنی، گیزەرەکەت بکوژێنیتەوە ! ئەگەرنا سرکتت دادەبەزێ و ماوەیەک بێ کارەبا دەبی.
پێش ماوەیەک وتتان کومپانیای ( دانا گاز ) بڕی بەهەمهێنانی غازی لە کێڵگەکانی (کۆرومۆر) زیادکردوەو ئیتر کێشەی غازی ماڵانمان نابێ و بگرە هەناردەی دەرەوەی دەکەین . بەوبۆنەیەوە هەموو قەرزەکانی دانا گازمان داوەتەوە و قەرزی لامان نەماوە. کەچی وادەرنەچوو قەیرانی غازی ماڵان تائێستاش بەردەوامەو لە بازاڕی ڕەش بوتڵی بە ١١هەزارو بگرە تا ١٥هەزاریش دەفرۆشرێ.
وتتان ئەم زستانە بەچەندین ڕێگە کێشەی نەوت چارەدەکرێ ، کەچی هێشتا زۆپاکان دانەگیرسابوون ،نرخی نەوت لەپایتەخت و شارەکانیش فڕی و ئێستا بەرمیلی بە ١٨٠ هەزار دینارە !!.
وتتان بەچەندین ڕێگە کێشەی گرانی بەنزین چارە دەکەین ، ئەویش وادەرنەچوو ، ئەمڕۆ خراپترین بەنزین لەشارەکان ، لیتری بە ٦٩٠ دینار دابەش دەکرێ ، موحەسەن بەسەروی ٩٠٠ دینارو سۆپەریش بەسەروی ١٠٠٠ دینار دەفرۆشرێ!.
وتتان بەتەواوبونی پڕۆژەی (ئیفرازی ٤) کێشەی بێئاوی هەولێری پایتەخت نامێنێ، کەچی پڕۆژەکە وەستاوەو ناوە ناوە هێڵی ئیفرازی ٣ ش دەشکێ و هاوینی ڕابوردوو گەورەترین قەیرانی کەمئاوی زۆرێک لە گەڕەکەکانی هەولێری پایتەختی گرتەوە، خوا ڕەحم لەهاوینی داهاتومان بکات.
- ئەمە ڕەوشی کارەبا و ئاوو نەوت و غازو بەنزین ،کەپێداویستی بنەڕەتی و سەرەتایی ژیانن، خۆ ئەگەر باسی نرخی (نان و سەمون و مادە خۆراکیەکانی دیکەو دەرمان و کاڵاکانی دیکە)ی بازاڕ بکەین ، ئەوە ڕوونە کە نرخی هەمویان بەهەنجەتی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، زیادیکردووە..
- ئایا دەزانن هەرزانترین شت لەم وڵاتە چیە ؟
من پێتان ئەڵێم : هەرزانترین کاڵا (جگەرە)یە ، کە پاکەتێک جگەرەی ٢٠ دانەیی بە ٥٠٠ دینارو بگرە ٢٥٠ دیناریش دەس ئەکەوێ ! ئەزانی بۆ ؟ تاکو زۆرترین منداڵ و مێرد منداڵ فێری بن و ئالوودەی ئەو ژەهرە ترسناکە بن و گرانی نەبێتە ڕێگر لەبەردەمیاندا !! خوا ڕەحم بە خەڵکی کوردستان بکات.