بۆئەوەی نەبنە ڕابردوو
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆئەوەی نەبنە ڕابردوو

 

لەگەڵ ئەوەی ئاڵا سنبول و ڕەمزی هەرگەل و نەتەوەیەکەو میللەتی کوردیش لەو پێناوەدا دەیان قوربانی و باجی قورسی داوە.

بەڵام تەنها مرۆڤێک نەک لە ئاڵا بەڵکو لە کەعبەی شەریف پیرۆزترەو بەهاو قەدرو بایەخی زیاتر لەهەرشتێکی دیکە ی هەیە.

ئەم دیزە بەدەرخۆنە کردنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و سیاسیە چەورەکان و کەناڵەکانی سێبەر شینی بۆدەکەن دەبوو زۆر لە مێژتروو لە 16 و 17ئۆکتۆبەر ئەوکاتەی ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای کەرکوک داگیراو یانیش لە چەندین شوێنی جیاوازی کەرکوک و شەنگال لێکرایەوە، دڕێنراو ژێرپێ خراو سوکایەتی بەخەڵک و خاک و ئاوو نەتەوەو ڕەمزمانکرا ئەو هەڵوێستەیان هەبوایە.

یانیش ئەوکاتەی گەورە بەرپرسێکی تورکیا کەدەڵێ لەتورکیاو هیچ ووڵاتێک قەوارەیەک نیە بەناوی کوردستان و هەرێمی کوردستان و دەیانجار خەڵکەکەی سوکایەتی بەڵای کوردستان کردووە دەبوو ئەوکات ئەو پەرلەمانتارو خەڵکە چەورانە قسەیان بۆ ئاڵا هەبوایەنەک ئێستا.

بەپێچەوانەوە ئەوەی دەگوزەرێ لەبارەی ئاڵا تەنهاو تەنها خۆڵ لەچاوکردن و دیزە بەدەرخۆنەکردنی ڕاستیەکان و پشت کەنوو خستن و لە بیربردنەوەی مافە ڕاستەقینەکەی قوتابیانە یانیش گۆڕینی ئاراستەی ڕای گشتی و نێوخۆییە بەڵای شتێکی ترداو چاوترساندنی نەوەی نوێیە تابەوهۆیەوە ژمارەیەک گەنج ڕاپێچی زیندانەکان بکەن و کەللەی سەریان بکەنە قوربانی پۆستاڵەکانیان.

تەماشای ئەم چەواشەکاریەبکەن قوتابی بێنازە، کەساس و بێ موچەیەو داوای دەرماڵەیەکی شایستە دەکات کەچی هەندێ کەس لکاوە بەئاڵاوە ئەوە لەکاتێکدا خودی بەرپرسانی ئەم هەرێمە ڵەژێر پەردەو پەرتووی ئەم ئاڵایەدا دەیان کاری سپیکردنەوەی پارەو قاچاخچی و بازرگانی نەوت و چەک و کاڵاو شت و مەک و مرۆڤیان ئەنجامداوەو لەولاشەوە دێن موزایەدەی بێبنەمابەسەر سەر خەڵکی سڤیلەوە دەکەن و تاوانەکانیان مکیاج دەکەن کارەساتتر لەوە ئەم دووهێزە زیاتر لە سەدا 51 خاکی هەرێمیان پێشکەشی حەشدو عەبادی کردو شەنگال و کەرکوکی قودسو دڵیان لەپای چەند بەرژەوەندیەکدا بەخشی و خاک و ئاوو نیشتیمانێکیان هەرزانفرۆش و پۆڕاو خوراوکرد کەچی دێن موزایەدەی ئاڵادەکەن و لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش هەڵڵای لەسەر دروست دەکەن.

تکادەکەم ئەم خۆخەڵەتاندن و خەڵک گەوجاندنە بوەستێنن خەڵک برسیە بێ نەوتە بێ کارەباو غازو کەم حەوسەڵەیە کەچی بەم جۆرەش مامەڵە لەگەڵ مافەڕەواکانی قوتابیاندا دەکەن و بڕی 100 هەزارێکیان پێ ڕەوانابینن.

ئێ خۆ پارەی ڕۆژێکی ڕیزە تانکەرو باج و گومرگەکانتانە بڕوابکەن پارەی100 قوتابی تێچووی گەعدەیەکی شەوان و پارەی قوتابیانی کۆلێژێکیش پارەی شەوانێکی قومارو باڕتانە.

دڵنیابن ئەم شۆڕشەی قوتابیان شۆڕشی سپی و برسیەکانە وتراویشە لە (کاتی برسێتیدا هەموو فەلسەفەی دونیا لەتێک نان ناهێنێ) بۆیە فەلسەفەکانتان بپێچنەوەو گیرفانتان هەڵتەکێنن کات کاتی خزمەت و هەڵوێستە کاتی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنە ئەوبەڵێنانەی خەڵکێکی خۆش باوەڕتان پێ خەڵەتان و کردتانە قادرمەو پیای سەرکەوتن دڵنیابن خوێنی گەرمی ئەمجارەی گەنجان بەرەنجامی کۆمەڵێک بورکانی پەنگخواردووی هاوڵاتیانی ئەم نیشتیمانەیە گەربێت و جددی نەبن لە پێدانی مافەکانیان بومەلەرزەی ئەمجارەی گەنجان بەجۆرێک دەتان هەژێنێ ئیدی ئەوکات نەک پارەکانتان بەڵکو کورسی و پۆستەکانیشتان دەکەوێتە مەترسیەوەو وێنەی دیکتاتۆرەکان دەبنە ڕابردوو.

 

هه‌واڵی گرنگ