ئەودەمەی (ڕوخسار) جـوانی جـوانـە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەودەمەی (ڕوخسار) جـوانی جـوانـە

 ڕوخسار، ڕوومەت، شێوە، لە مەزنترین و بایەخدارترین ئەندامی مرۆڤە، بۆیە زیاتر لەھەر شوێنێکی تری گرنگی پێدەدات و لەپای دەوەستێت. چونکە ھەروا پێی دەناسرێتەوە، سەنگینی و پەسەندیشی پێوە بەندە.

بەدڵنیاییەوە، ڕوخسارو ڕوومەت و شێوەی مرۆڤ، ئەودەمە جوانی و جەماڵی و شیرینی و بەھای دەگاتە ترۆپک، کەوا خاوەنی (اللە) بەدروستی بناسێت و بەڕاستی پەیڕەوی لە فەرمانی بکات. واتە ببێتە چاکەکارو، بۆ خەڵکی چاکەو سودی لێ دابارێت: (بَلَىٰ مَنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لِلَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ فَلَهُ أَجْرُهُ عِنْدَ رَبِّهِ/ البقرة:١١٢).

وە پاڵنەر بۆ ئەم چاکی و چاکەکاریەی، فەرمانبەرداری و بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوایەو بەس: (وَمَا تُنْفِقُونَ إِلَّا ابْتِغَاءَ وَجْهِ اللَّهِ/ البقرة: ٢٧٢). وە لە پایدا ئارامگرو پشودرێژو بەتاقەتە، چون ئاکامە بەنرخەکەی وا لەبەر چاوانی. 

دەسا ئەو کەسانەی ئاگایانە ئەم ڕێیە ھەڵدەبژێرن و دەیگرنەبەر، مزگێنی پڕقیمەت، چاوەڕێیان دەکات و گەیشتن پێی تەنھا لەسەر کات وەستاوە، چونکە ئەم پرسە ھێجگار قورئانی پڕخێر، بە بایەخەوە لەسەری وەستاوەو بەچەندین دەستەواژەی سەرنجکێش تاریفی واتادارو چێژبەخشی لەبارەوە ھێناوە. لەوانە: (يَوْمَ تَبْيَضُّ وُجُوهٌ/ آل عمران: ١٠٦)، واتە: ڕۆژێک دێت ڕووخسارانێک سپی و گەش و درەوشاوە دەبن. (وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ مُسْفِرَةٌ/ عبس: ٣٨)، لەو ڕۆژەدا ڕووخسارانێک گەش و جوان و ڕوون و شادن.

بێگومان ئەو ڕووخسارڕوونی و ناسکی و جوانی و شادیە: (وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ نَاعِمَةٌ)، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا ئەوان لەکارو کۆشش و ڕەنجیان ڕازین و پێی دڵخۆشن، (لِسَعْيِهَا رَاضِيَةٌ/ الغاشية:  ٩). لێرە (ئاوەز) سەرمەشقیان بووە نەک (ھەوەس).

دواجار ئەوان دەگەنە ترۆپکی جوانی جوانی و جەماڵ و شادمانی: (وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ نَاضِرَةٌ). بەخ لەو نازو نازداریە! دەسا کەی؟ شاد دەبن بەو پایەبەرزیە. ئەودەمەی کەوا: (إِلَى رَبِّهَا نَاظِرَةٌ/ القيامة: ٢٣)، ھەریەکەو بۆخۆی تەماشای خاوەنی دلۆوان و دڵاوای دەکات (اللە). ڕۆچووە لە ویساڵ و تینی تاوسەندوی ئەوینداری، چوون بۆ ھەمیشە سۆزو ڕەحمەتی خوایی دای دەپۆشێ: (وَأَمَّا الَّذِينَ ابْيَضَّتْ وُجُوهُهُمْ فَفِي رَحْمَةِ اللَّهِ هُمْ فِيهَا خَالِدُونَ/ آل عمران: ١٠٧).

بێگومان، کاتێ خاوەنی ئەم ڕوخسارانە لێرە لەدونیا توانیویانە ببنە (أُوْلَئِكَ هُمْ خَيْرُ الْبَرِيَّةِ)، حەتمەن لە دواڕۆژدا دەگەنە ترۆپکی جوانی و جەماڵی، تاجی سەرداری و سەروەری لەبان سەریان دەنرێت و بۆ ھەمیشە خۆشبەخت دەژین.

ھەروەھا لەبەرانبەردا دەستەی نەیارانیان بەچۆکدا ھاتوون، ڕووڕەش و زەبوون: (وَتَسْوَدُّ وُجُوهٌ)، لە زاڵگەی لێپرسینەوە ڕاگیراون: (وَقِفُوهُمْ إِنَّهُم مَّسْـُٔولُونَ/ الصافات: ٢٤). خەجاڵەت و شەرمەزارو ڕیسوان: (وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ خَاشِعَةٌ / الغاشية). چاوەڕوانی بەدبەختی و چارەڕشین، بەھۆی سەرەڕۆیی و خراپی دونیایان.

هه‌واڵی گرنگ