دەزانن لە ئێستادا لە چ سەردەمێك دەژین ..؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

دەزانن لە ئێستادا لە چ سەردەمێك دەژین ..؟

 

 

ئایا ئێوە ئاگادارن ئێمەی مرۆڤ لە ئێستادا چەندە زانیاری دیجیتاڵیمان هەیە..؟ ئەی دوای (10) ساڵی تر چی لێ دێت و بڕی زانیاریە دیجیتاڵیەكانمان دەگاتە چەند..؟ توشی سەرسوڕمان دەبن...

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم هەموو قەبارەی داتا دیجیتاڵیەكانمان لەچەند مێگابایتێك زۆرتر نەبوو، بەڵام لە ساڵی (2018) لە (18) زێتابایت تێپەڕی كرد، واتە دەیەها تریلیۆن ئەوەندە زۆرتر بووە لەو كاتەوە، كۆتایی ئەمساڵیش (2021) دەگاتە پتر لە (74) زێتابایت..!

تا نزیكەی (10) ساڵی تریش پێ دەنێینە سەردەمی (yottabyte) یۆتابایت...

بڕی یەك زێتابایت (zettabyte) چەندەو یەكسانە بە چەند بایت ..؟

یەك زێتابایت لە داتا یەكسانە بە یەك تریلیۆن گێگابایت، یەك یۆتابایتیش یەكسانە بە هەزار زێتابایت، واتە هەزار تریلیۆن گێگابایت، هەمووشتان دەزانن یەك گێگابایت واتە یەك بلیۆن یان یەك ملیار بایت ...

هەر بۆ زانین هەموو زانیارییە دیجیتاڵییەكان بەشێوەیەك یان فۆرماتێك هەڵدەگیرێن كە بە ژمارە (0 یان 1) دەست پێدەكات، تەنها یەكێك لەو ژمارانە بچووكترین بڕە لە زانیاری دیجیتاڵی و بە (bit) ناسراوە، یەك بایتیش لە زانیاری دیجیتاڵی یەكسانە بە (8) بیت...

لە سەردەمێكی چەندە سەرنجڕاكێش دەژین، بەر لە (65) ساڵ و بە وردی لە ساڵی (1956) كۆمپانیای (IBM) ی ئەمریكی یەكەم هارد درایڤی دروست كرد كە توانای هەڵگرتنی تەنیا (5) مێگابایت لە داتای هەبوو، قەبارەكەشی دوو ئەوەندەی بەفرگرێك دەبوو...

بەڵام لە ساڵی (2012) هەموو زانیاری و داتا دیجیتاڵیەكانمان گەیشت بە یەك زێتابایت واتە یەك تریلیۆن گێگابایت، ساڵ بە ساڵیش زۆر بەخێرایی زۆرتر دەبێت، بۆ مەزەندەكردنی یەك زێتابایت ئەم نموونەیە دەهێنمەوە: ئەگەر یەك ملیار كۆمپیوتەر بهێنین كە هەریەكە توانای هەڵگرتنی یەك تێرابایت بێت، هەموویان پڕ بكەین لە زانیاری ئەوا ئەو هەموو بڕە زانیارییە یەكسانە بە یەك زێتابایت..!

لە ساڵی (2016) یش تەنیا بڕی زانیاری و داتاكانی نێو ئینتەرنێت یەك زێتابایتی تێپەڕاند..!

بڕی داتاو زانیارییە دیجیتاڵیەكانمان ئەوەندە بەخێرایی زۆردەبن تا كۆتایی بیستەكانی ئەم سەدەیە دەگەین بەسەردەمی یۆتابایت ..!

بڕو قەبارەی زانیاریەكانمان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەڕ ڕوو لە زۆربوونە...

بەهۆی داهێنان و كارپێكردنی تۆڕە بێتەلەكانی نەوەی پێنجەم (5G) لەئێستاداو بەستنەوەی پتر لە (12) ملیار ئامێر لەگەڵ ئەو تۆڕانە تاوەكو ساڵی (2022)، چاوەڕوان دەكرێت بڕی هەموو زانیارییەكان لەنێو تۆڕی ئینتەرنێت تاوەكو ساڵی (2025) لە (175) زێتابایت تێپەڕ بكات ..!

تا كۆتایی بیستەكانیش چاوەڕوان دەكرێت بڕی هەموو داتاكانی نێو ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان لە (1000) زێتا بایت تێپەڕ بكات، هەزار زێتابایتیش پێی دەووترێت یۆتابایت، واتە (1000) تریلیۆن گێگابایت..!

بەڵام شۆڕشێكی مەزن و نوێش بەڕێوەیە لەبواری هەڵگرتنی داتا، دوای چەند دە ساڵێكی تر چیتر داتا بەم شێوەیەی ئێستا لەنێو هارد درایڤ هەڵناگرین كە وزەی زۆری دەوێت، هارد درایڤەكان بە گشتی قەبارەیان گەورەیەو تێچووشیان زۆرە، بەڵكو بە ڕێگەیەكی زۆر نوێترو بەتواناتر هەڵدەگیرێت، ئەویش بریتی دەبێت لە بەكارهێنانی (DNA) بۆ هەڵگرتنی زانیاری دیجیتاڵی ...

تێبینی: تریلیۆن واتە هەزار ملیار ئەمەش لە نوسیندا دەكاتە ژمارە یەك دوانزە سفری لە تەنیشت، ملیارێكیش هەزار ملیۆنە، واتە ژمارە یەك نۆ سفری لەتەنیشت بێت...

نوسینی: لوقمان حەوێز

هه‌واڵی گرنگ