خۆپیشاندانی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكانی سلێمانی بەردەوامەو لەخۆپیشاندانەكە وێنەی دكتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی بەرزكراوەتەوە.
ئەمڕۆ دوای دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆو پەیمانگاکانی سلێمانی، جارێکیتر قوتابیانی زانکۆ بۆ داواکردنی دەرماڵە ڕژانە سەر شەقام، ئەوەی جێی تێڕامانبوو قوتابیەکان وێنەی د.سەید ئەحمەد پێنجوێنیان بەرز کردبۆوە، کە زانای ئایینی دیاری هەرێمی کوردستانە.
بەرزکردنەوەی وێنەی دكتۆر سەید ئەحمەد لەلایەن قوتابیانەوە دوای ئەوە دێت، کە مامۆستا لەوتارێکی هەینی پێشوتر پشتگیری قوتابیانی کردو دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە وەزارەتی ئەوقاف قەدەغەیکرد وتارەکانی مامۆستا سەید ئەحمەد لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵەکان بگوازرێتەوە.
دكتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیھانیە، لە ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لەكوردستاندا بە شێخی وتاربێژان ناسراوەو بەوە ناسراوە كە هەمیشە لەگەل داواكردنی مافەرەواكانی چینەكانی كۆمەڵگەدابووە .
ماوەی 44 ساڵە لەوتارخوێندن بەردەوامەو چەندین جار لەبەر وتنی قسەی حەق لەسەر کاری وتار خوێنی لابراوە، جارێک لە بەغداد لە ساڵی ١٩٨٧، چەند جارێکیش لە کوردستان، جگە لەوەی توشی ڕاونان و ئەشکەنجەی زۆر ھاتووەلە ژیانیدا، لە وتاری هەینی رابردووش پشتگیری لە خۆپیشاندانی قوتابیانی زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی كرد.