نەوت لە هەولێر قۆرخ كراوە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

نەوت لە هەولێر قۆرخ كراوە

 

 

پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات لە هەولێر بەرمیلی نەوتی سپی (190) هەزار دینارە، چونكە ڕێگا نادرێت داخڵ ببێت، ئەوەشی دەیهێنێت دەبێت بیفرۆشێتە كەسێك بەناوی (نەبەز).

(عەلی حەمە ساڵح) ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، قۆرخكاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بۆ بەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەك لە پارێزگای هەولێر هەیەو ئەوەش هۆكارە بۆ گرانبوونی سوتەمەنی لە شارەكە.

ئەو لە چەند تەوەرێكی جیاوازدا دۆسیەكانی ئاشكرا كردووەو دەڵێت، لەهەولێر لە سەرجەمی ئەو بازگانەی لەگەڵ عێراق هەیەو لە بازگەی دێگەڵەش ڕێگا نادرێت بەهیچ شێوەیەك بەنزین داخڵی هەولێر بكرێت، تەنیا یەك ڕێگا هەیە، ئەویش ڕێككەوتن لەگەڵ گروپێك و دوان لەو گروپە ناویان (نەبەز موحەمەد) ە، ئەوانیش بۆ هەر بارهەڵگرێك یەك ملیۆن دینار وەردەگرن! ئەم پارە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە حكومەت نیە.

پەرلەمانتارەكە هۆشداری دەدات لە خراپی كوالێتی گازوایل و دەڵێت، كۆمپانیای لاناز، ڕۆژانە نزیكەی (2) ملیۆن لیتر گازوایلی هەیەو ڕەوانەی دەرەوەی دەكات، ئەمە وایكردووە لە ڕووی نرخەوە گازوایل زۆر گران بێت و تەنی بووە بە (520) دۆلار لە نێوخۆدا، لە ڕووی كوالێتیشەوە گازوایلی بازاری كوردستان زۆر خراپە، ئەو گازوایلەی بەكاردێت بۆ مۆلیدە، پشت بە پاڵاوگەی بێ مۆڵەت (پێ‌ لەقە) و تێكەڵكردن دەبەستێت، هەم كرێی مۆلیدە لەسەر هاوڵاتی گران دەبێت و هەم ژەهریش لە مۆلیدەوە بۆ هاوڵاتیان دەچێت.

(عەلی حەمە ساڵح) ئاشكراشی دەكات، ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە سلێمانی و دهۆك (150) هەزار دینارە، لە هەولێر (190) هەزار دینارە، چونكە ڕێگا نادرێت نەوتی سپی داخڵ ببێت، ئەوەشی دەیهێنێت دەبێت بیفرۆشێتە كەسێك بەناوی (نەبەز) ئەویش كۆنتڕۆڵی نرخی بازاڕی كردوەو لەسەر هاوڵاتی گرانكراوە.

هه‌واڵی گرنگ