بۆ خێزان و کوڕ و کچەکانمان؛ دەزانن چی دەگوزەرێت؟!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بۆ خێزان و کوڕ و کچەکانمان؛ دەزانن چی دەگوزەرێت؟!

ئەگەر پەروەردە و پێگەیاندن لەڕابردوودا قورسبووبێت، لە ئێستا یەکجار قورسە و پرۆسەیەکی سەختە! ئەمڕۆ لەسەرئاستی جیهان و بەپاڵپشتی و سپۆنسەری چەندین دەوڵەت و زلهێزی جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە جیهانییەکان، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانی ئاسایی و باو دەکرێت، دەیانەوێت پێناسەی نوێ بۆ خێزان بکەن و ڕەفتارە لادەر و شازەکانی تێدا جێبکەنەوە ...

ئەمە بەبەرنامە و پرۆژەوە و پاڵشتی دەکەن و کردوویانە بەبێ ڕۆچوونە نێو وردەکارییەکانییەوە! لەڕێگەی پرۆژەی پاڵپشتیکراوەوە و بەکەناڵی ڕاگەیاندن و پەروەردە و کاری کۆمەڵایەتی و یاسادا دەیانەوێت مومارەسە لادەر و ڕەفتارە ناسروشتی و لادانەڕەوشتی و بارە نەخۆشی ئامێزەکان بکەنە ڕەفتاری ئاسایی و حەزی ڕەوا و ئازادیی شەخسی و لەبری چارەسەر؛ شەرعییەتی بۆ پەیدا بکەن، نێربازی و هاوڕەگەزخوازی و گۆڕینی ڕەگەزیی بێ پاساو چەندەها ڕێ و شوێنی تر بە شەرعیی و ئاسایی بناسێنن...

لەبری پرۆژەیەکی تەکامولی و تەواوکاریی نێوان ئافرەت و پیاو و گەڕانەوەی مافی خوراوی ئافرەتان و داکۆکی لێکردنیان، پرۆژەی فیمینیزمی و بەسەنتەرکردنی مێیینە و جێندەری دەکەنە بریتی و چارەسەر، کە ئەم چەمکانە خۆی لەخۆیدا قەیران و کێشەن و لەبری چارەسەر قەیرانی تر بەدوای خۆیاندا دەهێنن!! لەهەمووی خراپتر ئەوەیە هەوڵ دەدرێت دامودەزگای زانکۆکان و وەزارەتەکان بکەنە پردی پەڕینەوە و گەیشتن بەو ئامانجانە و دواتر تێکدانی بەشێک لەو کلتوورە جوانانەی تاوەکو ئێستا هۆکاری مانەوەی تایبەتمەندی نەتەوەیی و کلتووریی و ئایینییمانە...

لێرەوە ئەرکی هەموو کەسێکە کەلەخەمی نەتەوەو کلتوور و ئەخلاق و بەهاکاندایە، بەدەر لە ئینتیمای حیزبی و هەندێ تایبەتمەندی بیرکردنەوەی سیاسی و دەیەوێت یەکەی خێزان پارێزگاریی لێبکرێت و سبەی کوڕ و کچ و نەوەکانی گیرۆدەی لادانی ئەخلاقی و تێکشکانی دەروونیی و کۆمەڵایەتی نەبن، با ناتەبا و ناکۆک بێت بەو هەوڵە نەشیاوانەی لەئارادان و لەهەر پێگەیەکدایە لەبەر خوا و خۆی و خەڵک ڕێگربێت لە بەئەنجام گەیاندنیان، چونکە دوواجار ئەوەی زیان دەکات هەموومانین، کۆمەڵگەکەمانە، خێزان و نەوەکانمانە! ئەمە ململانێی ژیاری و کلتوورییە، ئەوان دەیانەوێت نموونەی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن، بەپاڵپشتیی دەرەکی و هاوکاریی شوێنکەوتووانیان لەناوخۆدا...

ئەوانە لاوازیی جۆراوجۆرییان قۆستووەتەوە و ئیستیغلالی پێگەکانیان دەکەن بۆ گۆڕینی کلتوور و دونیابینیی ئێمە، لە پاڵیشیدا فەند و پاڵپشتیی دارایی زەبەلاح وەردەگرن...

بۆ نەوە و کچ وکوڕەکانمان، بەتایبەت قوتابخانەکانی ئامادەیی کچان و کوڕان و سەرەتای زانکۆدا، گرنگە بە وریاییەوە مامەڵەبکەن لەگەڵ ئەم دۆخ و بارە نوێیەدا، ڕاستە ئێوە لەژێر پەستانی گەورەی جووڵاندنی غەریزەیی و حەزدان، دەزانم هەوڵی گۆڕینی قەناعەتتان لەدەیان کەناڵەوە لە ئارادایە، بەڵام دوواجار پاراستنی خۆتان و ناسنامەتان لەهەموو شت گرنگترە، بەپێچەوانەشەوە دەکەونە زەلکاوی مەینەتی و دەیان نەخۆشیی دەروونیی و جەستەیی، کە بەژیان و چارەنووستان باجەکەی دەدەن! دایکان و باوکانیش ئەگەر لەسەرەتای تەمەنی مناڵی و هەرزەکارییدا خەمی مناڵ و نەوەکانیان نەخۆن و بەئەندازەی خۆراک و پۆشاک و بگرە زیاتر لەوەش لەخەمی پەروەردە و پێگەیاندنیان نەبن، ئەوا باجی ئەم کەمتەرخەمییە بەمادی و مەعنەوی دەدەنەوە، لەبری ئەوەی مناڵەکانیان جێگەی دڵخۆشیی و گەشی و ڕوونیی دیدەیان بن، دەبنە هۆکاری خەم و خەفەت و لێڵی چاو و نائارامیی دەروون...

تێبینیی: بۆ ئەم دێڕانە چەندین هەوڵ و پرۆژە و ناوو کەسایەتی و سەنتەر و دەزگا و ڕێکخراو لە ئارادان، مەبەستمان نییە قسەیان لەسەر بکەین، بەهیوای ئەوەی ئەم پرۆژە نەشیاوانە بوەستێنرێت و هیچ کەسیش ویژدانی ڕێگەی نەدات ببێتە کەرەستەی کارە قێزەونەکان. د.فاتح سەنگاوی

 

هه‌واڵی گرنگ