قەترە لە بری چاوێلكەی خوێندنەوە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قەترە لە بری چاوێلكەی خوێندنەوە

 

 

پێشتر كەسێك كە دەچووە تەمەنەوە گرفتی بینینی بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئێستا بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و شاشە زیرەكەكان ئەو گرفتەی پێش خستووە.

پزیشك و پسپۆڕانی چاو ئاماژە بەوە دەدەن كە مرۆڤ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی و بەهۆی هەندێك نەخۆشییەوە توانای بینینی لاواز دەبێت، چونكە لەو تەمەنەدا هاوێنەی چاو وشك دەبێت و ماسولكەكانی چاو دەبێت هەوڵی زۆرتر بدەن بۆ سەرنجدان لە شتە نزیكەكان و بەم حاڵەتەش دەوترێت كورت بینی پیری و ئەمەش كەسەكە ناچار دەكات لە كاتی خوێندنەوەو هەندێك كاری وردەكارییدا چاوێلكە بەكاربهێنێت، بەڵام ئێستا ئەم گرفتە تەنها بەتەمەنەكان بە دەستییەوە ناناڵێنن، بەڵكو كەسانی گەنج و تەنانەت منداڵیش ئەو كێشەیەیان هەیە، ئەویش بە هۆی بەكارهێنانی لە رادەبەدەری ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و شاشە زیرەكەكانەوەیە لە شوێنی داخراوو كەم ڕووناكییدا، هەروەها هەندێك نەخۆشی بۆ ماوەیی و زگماكیش ڕۆڵی خۆیان هەیە.

هەر بۆیە ماوەیەك پێش ئێستا پزیشكەكانی ئەمریكا پێشنیازیان كردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە قەترەیەكی تایبەت بەكاربهێنرێت لە بری چاوێلكە بە مەبەستی گۆڕینی مەودای بیلبیلەی چاو.

دەرئەنجامە كلینیكییەكانی ئەو قەترەیەش بە بەشداری (750) خۆبەخش سەلـمێندرا كە تەمەنیان لە نێوان (40 – 55) ساڵدا بوو، ئەو خۆبەخشانە دوای بەكارهێنانی قەترەكە توانیان سێ هێڵی وردو زیاتری تابلۆی پشكنینی چاو ببینن و دوای بەكارهێنانی قەترەكەش تەنها (15%)ی خۆبەخشەكان تووشی پاشهات بوون لەوانە هەندێكیان تووشی سەرئێشەیەكی سووك بوون هۆكارەكەشی باشتر بوونی بینینان بوو مێشك پێویستی بەوەیە كە بڕێكی زۆرتری زانیاری بینراو پرۆسیس بكات، هەروەها (5%) یشیان چاویان سوور بۆتەوەو ئاوی كردووەو باش نەیانبینیووە.

پێویستە بوترێت ئەو قەترەیە لە رۆژێكدا یەكجار بەكار دەهێنرێت، چونكە توخمی كارای بیلۆكاربینی تێدایەو مەودای بیلبیلەی چاو گرژ دەكات و گرژ بوونی بیلبیلەكانیش بینین باشتر دەكەن و كەسەكە وێنەی شتەكان رونتر دەبینێت و ئەمەش هەموو رۆژەكە بەردەوام دەبێت.

بەپێی ئەنجامە كلینیكییەكانیش خۆبەخشەكان توانیان باشتر شتەكان ببینن، تەنانەت لەكاتی روناكییەكی خراپیشدا، چونكە چاوخۆی دەگونجێنێت لەگەڵ دەوروبەردا.

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی ئەم جۆرە قەترەیە بۆ شوفێرییكردن لە شەودا و یان بۆ كاركردن لە شوێنێكدا كە روناكی پێویستی لێ نەبێت، هەروەها نابێت ئەوانە بەكاری بهێنن كە تەمەنیان (60 – 65) ساڵە، چونكە قەترەكە گرفتی دووربینی چارەسەر ناكات، جگە لەوانەش، لەگەڵ ئەوەی ئەو قەترەیە دەتوانرێت لەگەڵ قەترەی دیكە بەكار بهێنرێت، بەڵام دەبێت جیاوازی ماوەی بەكارهێنانەكانیان لە پێنج خوولەك كەمتر نەبێت.

شایانی باسە دامەزراوەی پزیشكی ئەمریكی (FDA) رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی قەترەكە پێشانداوە بەو مەرجەی لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بنووسرێت و تەنها دەرمانخانەكان بۆیان هەبێت بیفرۆشن.

 

(كەشتی نووح – تارا شێخ عوسمان)

 

هه‌واڵی گرنگ