كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی لەگەڵ ئەوەی ساڵانێكە وەك یەكەم كۆمپانیا لە پێشەنگی كۆمپانیاكانی جیهانە لە بەرزی نرخی پشكدا، دووبارە توانی بەربەستی (3) تریلیۆن دۆلاریش بشكێنیت و ئاستێكی نوێ لە مامەڵەو ركابەری بازرگانی جیهانی دروست بكات.
كۆمپانیاكە لە ساڵی (2018) و لە مانگی (9) دا بۆ یەكەم جار نرخی پشكەكانی گەیشتە (1) تریلیۆن دۆلار، هەروەها كۆمپانیاكە توانی بەربەستی (2) تریلیۆن دۆلار بشكێنیت لە مانگە (8) ی (2020) دا.
لە ساڵی (2021) بەهۆی فرۆش و خواستی زۆر لەسەر ئایفۆن (13) نزیكەی (35%) نرخی پشكەكانی كۆمپانیاكە زیادی كرد، بەجۆرێك (2) ی ئەم مانگە نرخی تەنها پشكێكی كۆمپانیاكە گەیشتە (182.88) دۆلار.
هەروەها لە چارەكی سێیەمی ساڵی رابردوودا كۆی فرۆشی كۆمپانیاكە (30%) زیادی كردووە بەجۆرێك لە (83) ملیار دۆلار زیاتر بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە كۆمپانیاكە خاوەنی (191) ملیار دۆلاری كاشە.
بەڵام ئەپڵ رەنگە نەتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر بە تەنها لە ئەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، چونكە هەریەك لە كۆمپانیاكانی مایكرۆسۆفت و ئەلفابتی خاوەنداری گۆگڵ نزیكن لە نرخەكەیەوەو لەرابردووشدا بە تەنها ئەو شوێن و ئاستەیان بۆ ئەپڵ بە جێنەهێشتووە.