كوردیو
پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت،"بەفر ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست کردووە و رێگاکان مەترسیدارن، بۆیە تکا دەکەین ئەوەى کارى زۆر پێویست و بەپەلەى نەبێت ڕێگاکانى دەرەوەى شار بەکارنەهێنێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-1-2022 پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە،"ئاگادارى سەرجەم هاوڵاتییان و شوفێرانی سنوورى پارێزگاکەمان دەکەینەوە بەهۆى ئەو شەپۆلە بەفرەى لەدوێنێ شەوەوە شار و شارۆچکە و گوند و ناوچەکانی سنوورى پارێزگاکەمانى گرتۆتەوە، سەربارى ئەوەى تیمەکانى حکومەت لە بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر و بەرگرى شارستانى و هاتووچۆى هەولێر و تیمە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام لەکارکردندان بۆ ڕاماڵینى ڕێگاکان لە بەفر و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و شوفێران، لەگەڵ ئەوەدا بەفر ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست کردووە و رێگاکان مەترسیدارن".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە،"تکا دەکەین ئەوەى کارى زۆر پێویست و بەپەلەى نەبێت ڕێگاکانى دەرەوەى شار بەکارنەهێنێت و لەماڵەکەى خۆتان بمێنەوە، بۆ گەشت و سەیران و بەسەربردنى چەند کاتێکى خۆش خۆتان دووچارى کێشە و مەترسى نەکەن".
جێگەی باسە، لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران و هاوڵاتییان دروستبووە.