ئایا غوددە تووشی ڕۆماتیزمم دەكات ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئایا غوددە تووشی ڕۆماتیزمم دەكات ؟

 

 

هەم ڕۆماتیزم دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی غوددە، هەم نەخۆشییەكانی غوددەش دەبنە هۆی دروستبوونی نیشانەی ڕۆماتیزم لە كەسی تووشبوودا.

هۆكارێكی سەرەكی توشبوون بە ڕۆماتیزم، بریتییە لە سەرلێشێوانی كۆئەندامی بەرگری، بەجۆرێك لەبری پەلاماردانی بەكتریاو ڤایرۆس و تەنە زیانبەخشەكان، دێت و پەلاماری جومگەو ماسولكەكان دەدات و نەخۆشیان دەخات، لە بەشێكی حاڵەتەكانی غوددەشدا، كۆئەندامی بەرگری سەری لێدەشێوێت و پەلاماری غوددەی دەرەقی دەدات و نەخۆشی دەخات.

(25%) ی حاڵەتەكانی هەوكردنی جومگەی ڕۆماتیزمی، هەمانكات گرفتی تەمبەڵی غوددەیان هەیە.

ئەمانە دەریدەخەن پەیوەندییەكی نزیك هەیە لەنێوان ڕۆماتیزم و نەخۆشییەكانی غوددە.

نیشانە ڕۆماتیزمییەكانی تەمبەڵی غوددە ئەمانەن:

1. ماندوویی و بێهێزی ماسولكەكان، بە تایبەت لە ناوچەی ڕان و شان.

2. لەش داهێزران و بێهیزی گشتی جەستە.

3. ئازارو هەڵاوسانی جومگەكان، بە تایبەت جومگە وردەكانی دەست.

4. هەندێك كات ئازارو ئاوسانی جومگە گەورەكان، وەكوو جومگەی ئەژنۆ.

5. سڕبوون و تەزینی دەست و پەنجەكان، بەهۆی دروستكردنی نەخۆشی كارپاڵ تونێڵ (لەناو خەڵكیدا پێی دەوترێت گیرانی دەمار).

لە زۆر چاڵاكی غوددەشدا هەوكردن و سستبوونی ماسولكەكان ڕوودەدات.

كەسێك كە غوددەی هەیەو ئەم نیشانانەی هەیە، ڕەنگە بەشێك بێت لە نەخۆشی غوددەكەی، بەڵام دووریش نییە ڕۆماتیزمێكی سەربەخۆ بێت، بۆیە تووشبووی غوددە گرنگە ڕاوێژ بە پزیشكی جومگەو ڕۆماتیزم بكات ئەگەر ئەو نیشانانەی هەبوون كە باسمان كردن.

(د. سەروەر سالار چوچانی – پزیشكی پسپۆڕی ئێسك و جومگەو ڕۆماتیزم و فەقەرات)

 

هه‌واڵی گرنگ