ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی قوماش ڕایدەگەیەنێت: : لەئێستادا نرخی قوماش بەڕەێژی ٣٠% گران بووە.
عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی قوماش، ڕایگەیاند: لەئێستادا نرخی قوماش بەڕەێژی ٣٠% گران بووە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوت كەوا دەكات تەواوی بەرهەمە پیشەسازیەكان گران بێت، تەنها لەعێراق لەبەرئەوەی بەرهەمی پیشەسازی تێدا كەمە بوینەتە وڵاتێكی بەكاربەر نەك بەرهەمهێن، نرخی نەوت كاتێك گران دەبێت قوماش گران دەبێت، هەروەها لۆكەو خوریو هاوكات ماددەی پۆلیستەر كە لەنەوت دروست دەكرێت قوماشی پێ بەرهەم دێت گران بووە .
عەتا حاجی رەجەب ئاماژە بەوەش دەكات كە نرخی قوماش بەڕێژەی ٣٠% گران بووە، ئەگەر قوماشێك پار ساڵ هەر مەترێكی بە ٨ دۆلار بوبێت ئێستا بوەتە ٩ دۆلارو ٢٠ سەنت، ئەمەش بۆبازاڕو فرۆشتن كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕ و هاوردە كردنی قوماش بەزۆری لەوڵاتی چینەوە دەكرێت و لەوڵاتی هندستان و ئەندەنوسیاو تایوانو تایلەند هاوردەی قوماشی ژنانو پیاوان دەكرێت.
ئەم بازرگانەی قوماش ئەوەشی رونكردەوە كە هاوردەكردنی قوماش بۆ هەرێمی كوردستان زۆرە، بەتایبەت قوماشی ئافرەتان زۆرترە لەبەرئەوەی خواست لەسەری زۆرەو نرخیشی هەرزانترەو هاوڵاتیان گرنگی بەدورینی جلوبەرگیش دەدەن وەك ئەوەی كە جلی ئامادەكراو بكڕن.
نرخی جلوبەرگی ئامادەكراو لەوڵاتانی بەرهەمهێنەر گران بووە بەهۆكاری بەرزبونەوەی نرخی قوماش، ئەوەش وایكردووە لەئێستادا نرخی جلوبەرگی ئامادەكراو لەبازاڕەكانی كوردستان بەرزبونەوە بەخۆیەوە ببینێت.
زریان سیروان، یەكێك لەبازرگانانی هاوردەكردنی جلوبەرگی ئامادەكراو ڕایگەیاند: وڵاتی توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین جلوبەرگی ئامادەكراوی تیادا دروست دەكرێت، ئێمەش لەوێوە جلوبەرگ هاوردە دەكەین، لەئێستادا دەوترێت نرخی لیرە دابەزیوە دەبێت جلوبەرگ هەرزان بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لەكاتی ئامادەكردنی جلوبەرگدا پێویستیان بە بەرهەمی سەرەتایی هەیەو ئەو بەرهەمانە لەدەرەوەی توركیا هاوردە دەكرێت و بەدۆلار مامەڵەیان پێوە دەكرێت.
وتیشی : وڵاتی توركیا گەر قوماش هاوردە نەكات ئەوا پێویستی بە بەرهەمی سەرەتایی دروستكردنی قوماشە كە ئەوەش لۆكەیە، هەرچەندە توركیا خۆشی پەموو لۆكە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هێشتا بەشی ناكاو لۆكەش هاوردە دەكات لەوڵاتی پاكستانەوە، هاوكات ماوەی دوو ساڵیشە وڵاتی چین لۆكەی پاكستان دەكڕێت بەهۆی كەمی لۆكە لەوڵاتەكەی، ئەمەش وایكردووە نرخی بەرهەمە سەرەتاییەكان دوو هێندە زیاد ببێت بەراورد بەساڵی ڕابردوو .
زریان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: لەماوەی دوو مانگدا لەوڵاتی توركیا نرخی هەر تیشێرتێك یەك دۆلارو ٣٠ سەنت زیادی كردووە، سەرەتای مانگی دەی ٢٠٢١ لەوڵاتی توركیا تیشێرتم كڕیوە بە ٥ دۆلار، بەڵام سەرەتای مانگی دوازدەی ٢٠٢١ نرخی ئەو تیشێرتە بووە بەشەش دۆلارو ٣٠ سەنت، پێدەچێت ئەو نرخانەش زیاتر بەرز ببنەوە .
ئەوەش ڕوندەكاتەوە دابەزینی بەهای لیرەی توركی وایكردووە نرخی تەواوی كاڵاكان لەتوركیا گران بێت، هاوڵاتیان بەدەست زیادبونی باجو گرانبونی نرخی خۆراكو هۆكارەكانی گواستنەوە گیرۆدەن، بەرزی نرخی بەهای دۆلار وایكردووە هەموو پێداویستیەكانو دەستی كاریش گرانبێت لەوڵاتی توركیا .
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان چەندین جۆری جلوبەرگ بەكوالێتی جیاجیا خراونەتە ڕوو، كڕیاران هەریەكەیان بەپێی خواستی خۆیان دەیانكڕن، كە نرخەكانیان بەپێی كوالیتیان جیاوازە.
ئەو وتی: ساڵانی ڕابردوو هاوڵاتیان خواستیان لەسەر كوالێتی باشی قوماش بوو، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە كێشەیان نییە، كوالێتی چۆن بێت تەنها كەمێك ڕەونەقی هەبێت، دەڵێن بۆ دوو سێ جارە لەبەری دەكەین، بۆ پارەیەكی زۆری پێبدەین لەم قەیرانەدا .
بەشێكی زۆری كاسبكارانو بازرگانانی جلوبەرگی ئامادەكراو لەوڵاتی توركیاوە زۆرترین جۆرەكانی جلوبەرگ دەهێننە هەرێمی كوردستان، گرانبونی هەرجۆرە كاڵایەك لەو وڵاتە كاریگەری دەبێت لەسەر كڕیاران لەناوخۆی هەرێمی كوردستان.
بەشێك لەبازرگانان خوازیارن كە حكومەتی هەرێم هاوكاریان بێتو پشتیوانی مادییان بكات لەهێنانی كارگەی دروستكردنی قوماش بۆ كوردستان، لەبەرئەوەی ساڵانە پارەیەكی زۆر دەڕواتە دەرەوە بۆكڕینی قوماش، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر ئابوری هەرێم هەبووە.
عەتا حاجی رەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بازرگانی قوماش كە بەڕۆژنامەی بازرگانی و پیشەسازی ڕاگەیاند، ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵانە بەملیۆنەها دۆلار دەچێتە دەرەوە بۆ كڕینی قوماش، چین و هیندستان و توركیا سەرچاوەی ژیانی هەموو كوردستانن بۆ قوماش، ئەو وتی : ئەگەر ئەو كارگانە بهێنینە كوردستان كە قوماش دروست دەكەن، داهاتێكی باش بۆ كوردستانو حكومەت دەگەڕێتەوە، دیارە لەئێستادا ناتوانین ئەو كارگانە بهێنین چونكە پێویستی بەتێچونێكی زۆر هەیە، هیوادارم لەچەند ساڵی داهاتودا بەهاوكاری حكومەت ئەوكارگانە بهێنینە هەرێمی كوردستان، چونكە داهاتێكی باش دەگەرێتەوەو هەلیكاری زیاتریش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێت .