(براكاش چوكسی) گەورە بازگانێكی (52) ساڵەی هیندییە، لە شاری بورهانپوری ویلایەتی مادیا برادیشی ناوەندی ئەو وڵاتە كۆشكێكی هاوشێوەی كۆشكی تاج مەحەلی بۆ ژنە (27) ساڵەكەی دروستكرد.
چوكسی دوای تەواوبوونی كۆشكەكەو لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەداوە دروستكردنی كۆشكەكەی لەسەر رووبەری (50) هێكتار زەوی بونیادی ناوە سێ ساڵی خایاندووەو نزیكەی (260) هەزار دۆلاری تێچووە كە دەكاتە (20) ملیۆن روپێەی هیندی و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژنەكەیدا چەند جارێك چوونەتە شوێنی كۆشكەكەی تاج مەحەل بۆ وەرگرتنی زانیاری لە بارەی وردەكاری كۆشكە بنەڕەتییەكەو لەگەڵیشیدا لە ئینتەرنێت چەندین وێنەی (3D) كۆشكەكەیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بە تەواوی ببێتە نموونەیەكی بچوككراوەی ئەو كۆشكە بە ناوبانگە.
چوكسی ئەوەشی راگەیاندووە كە ئەو كۆشكە دیارییەكە بۆ ژنەكەی لە هەمان كاتیشدا دیارییە بۆ شارەكەیی و سەرجەم دانیشتوانەكەی.
وتیشی: راستە كۆشكەكەمان شوێنێكی تایبەتی خێزانییە، بەڵام هەرگیز رێگر نابم لەوانەی دەیانەوێت بۆ بینینی تاج مەحەلە بچووكەكە سەردانمان بكەن، بەڵام بەو مەرجەی رێز لە تایبەتمەندییە خێزانییەكانمان بگرن.
هەر بۆیە چوكسی و خێزانەكەی ناوبەناو پێشوازی لەو میوانانە دەكەن كە دەچن بۆ بینینی كۆشكەكەو زۆرجاریش بووك و زاوا تازەكان لە ناو باخ و چیمەنەكانی ئەو كۆشكەكەدا وێنەی یادگاری دەگرن.
پێویستە بووترێت: چوكسی یەكەم كەس نییە بیرۆكەی خانوەكەی لە شێوەی ئەندازیاری تاج مەحەلەوە وەربگرێت، بەڵكو لە ساڵی (2013) شدا یەكێك لە لێپرسراوانی هیندستان بۆ بەزیندوو راگرتنی یادی ژنەكەی هاوشێوەی كۆشكەكەی تاج مەحەلی لە ویلایەتی ئۆتار برادیشی باكوری ئەو وڵاتە دروستكرد.
شایانی باسە كۆشكی تاج مەحەل لە سەدەی حەڤدەدا لە لایەن ئیپراتۆر شا جەهانەوە بۆ زیندوو راگرتنی یادی شاژنە مومتازی ژنی دروستكرد كە لەكاتی لەدایكبوونی چواردەیەمین كوڕیاندا گیانی سپاردووەو لەو كاتەوە ئەو كۆشكە بە یەكێك لە شوێنە سەرنجڕاكێشەكانی هیند دادەنرێت و بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش، رۆژانە (70) هەزار كەس لە هیندو سەرتاسەری جیهانەوە سەردانیان كردووە.
چوكسی ئاماژەی بەوە داوە جگە لەوەی دروستكردنی ئەم كۆشكە بۆ دەربرینی خۆشەویستی خۆیەتی بۆ ژنەكەی، لە هەمان كاتیشدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیمەنی كینەیەیە كە لەوڵاتدا دەبینرێت و خەڵك بە هۆی ئایین و تایەفەگەرییەوە دابەش بوون و ئەوانیش دەیانەوێت خۆشەویستی و ئارامگری و هۆگری لە نێو هاوڵاتیانیاندا دروست بكەن.
ئەو دەڵێت: ئەم كۆشكەی من وەك هێمایەكە بۆ خۆشەویستی كە جیاوازییە كۆمەڵایەتی و ململانێ سیاسییەكانمان تێدەپەڕێنێت.
ئەم قسانەش لە كاتێكدایە كە زۆربەی دانیشتوانی هیندستان (ناریندرا مودی) سەرەك وەزیری وڵاتەكە بەوە تۆمەتباردەكەن كە وڵاتی بەرەو لایەنگیری ئاینی و خۆتەرخان كردن بۆ لێنەبووردەیی بردووە.
پێشترو لە ساڵی (2017) یشدا ئەندامێكی پەرلەمانی سەر بە حزبەكەی سەرەك وەزیر ئەوەی راگەیاندبوو كە تاج مەحەل مێژووی كلتووری هیندی گڵاوكردووە، چونكە ئەوەی دروستیكردووە كەسێكی خیانەتكار بووە.
(تارا شێخ عوسمان – كەشتی نووح)