هۆكارەكانی دروست بوونی چەوری لە جگەر
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هۆكارەكانی دروست بوونی چەوری لە جگەر

 

 

1. لە دۆخی ئاساییدا، بڕێكی زۆر كەم، یاخود چەوری لە جگەر نابینرێت، هەندێك كەس چەوری زێدەی لە جگەردا كۆدەبێتەوە، كە لای خەلك بە چەوری جگەر دەناسرێت، هەر كاتێك (5 – 10%) لە كێشی جگەر بوو بە چەوری، ئەو كاتە بە حاڵەتی چەوری جگەر دەناسرێت.

2. لە بەشێكی زۆری ووڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا نزیكەی (25%) ی دانیشتوان حاڵەتی چەوری جگەریان هەیە، بەشێكی زۆر لەو كەسانە ئاگادارنین، كە ئەو چەوریەیان هەیە.

3. چەوری جگەر لای زۆربەی كەسەكان هیچ نیشانەیەك دروست ناكات و زۆربەی حاڵەتەكان بە ڕێكەوت لە رێگەی پشكنینی خوێن یاخود سۆنار، كە بۆ مەبەستی نەخۆشیەكی تر بۆ كەسەكە دەكرێت، بەدیار دەكەوێت.

4. بەشێكی كەم لەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان هەیە تووشی هەوكردنی جگەر دەبن، لەو كاتانەدا لە پشكنینی خوێندا ئەنزیمەكانی جگەر بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوەو بۆی هەیە وا لەنەخۆشەكە بكات هەست بە ماندووبوون و سك ئێشە بكات.

5. بەشێكی زۆر كەم لەو نەخۆشانەی، كە بەشێوەیەكی توند تووشی هەوكردنی جگەر دەبن، بۆی هەیە لەماوەیەكی درێژدا دووچاری ریشاڵبوونی جگەر ببن، كە ئەمەش حاڵەتێكی ترسناكەو ئەگەر نەخۆشەكە چارەسەر وەرنەگرێت بۆی هەیە ببێتە پەككەوتنی جگەر، لەو حاڵەتەدا كۆمەڵێك نیشانە لە نەخۆشەكە دەردەكەوێت و دەبێت لە نزیكەوە لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆر چارەسەری وەربگرێت.

6. چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانەی، كە كێشیان زیادە یان قەڵەون، بە تایبەت لەو كەسانەی ورگیان گەورەیە بەدیاردەكەوێت، هەروەها هەندێك نەخۆشی تر هەیە ئەگەری تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەكات، وەك نەخۆشی شەكرەو ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە، بە تایبەت چەوری سیانە.

7. هەوكردنی جگەر بەهۆی چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانە بەدیاردەكەوێت، كە لەنێوان تەمەنی (40 – 60) ساڵیدان، هاوكات ئەو منداڵانەش، كە كێشیان زیادەو قەڵەون ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە.

8. تێبینی كراوە ئەو كەسانەی قەڵەون و بە شێوەیەكی خێرا كێشیان دادەبەزێنن، ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە.

9. چارەسەری چەوری جگەر پەیوەستە بە گۆڕانكاری لە ژیانی نەخۆش، نەخۆش دەبێت لە پاڵ وەرزش، پەیڕەوی سیستەمێكی خواردنی تەندروست بكات، ئەوانەی كێشیان زۆرە بەتایبەت ورگیان هەیە، دەبێت هەوڵ بدەن بە شێوەیەكی تەندروست كێشیان دابەزێنن، بەشێوەیەك لەهەفتەیەكدا لەنیو بۆ یەك كیلۆ زیاتر نەبێت، ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، دەبێت بەشێوەیەكی باش شەكرەكەیان كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە بۆی هەیە پێویستیان بە دەرمان بێت بۆ دابەزاندنی چەوری سیانە، لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكاندا دوای پەیڕەوكردنی رژێمێكی خواردنی تەندروست و دابەزاندنی كێش، چەوری جگەرو مەترسیەكانی نامێنێت.

10. تا ئێستا دەرمانێكی دیاریكراو بۆ چارەسەری چەوری جگەر نیە، بەڵام دەكرێت جۆرێك لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشی شەكرە بەكاردەهێنرێت، بۆ بەشێك لەو نەخۆشانەش بەكاربهێنرێت، كە تووشی هەوكردنی جگەر بووینە، دیارە ئەوەش دەبێت لەژێر چاودێری پزیشكی پسپۆردا بێت.

(د. عارف گۆران – پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی هەناو – لەندەن)

هه‌واڵی گرنگ