لەبەرامبەر ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتیدا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار ئیستیحقاقی گەلی كوردستانەو تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییەو دەشڵێت: دەبێت یەكێتی بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستاو دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لە ئەستۆ بگرێت.
دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوو ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە شاری سلێمانی، لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق كۆبوویەوەو بڕیاریدا، كە پشتگیری تەواوی (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) بكات بۆ سەرخستنی بۆ ئەو پۆستە.
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی، لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كوردو هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوی ناوەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی واژۆ كردووەو لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەشكردووە.
(مەحمود موحەمەد) وتەبێژی پارتی لەڕێگەی ڕاگەیەندراوێكەوە وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دایەوەو دەڵێت: ڕاگەیەندراوەكەی یەكێتی لەبارەی پارتی و ڕەوشی سیاسی و پرسی سەرۆك كۆمار هەندێ بەلاڕێدابردن و بێ ئینسافی تێدا بوو، بۆیە بە باشی دەزانین ڕای گشتی كوردستان لە ڕاستی و دروستی بابەتەكان ئاگادار بكەینەوە.
وتەبێژی پارتی، جێهێشتنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە، بە یەكەم هەنگاوی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ تێكدانی یەكڕیزی لایەنە كوردستانییەكان لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناودەبات.
لەبارەی بابەتی سەرۆك كۆماریش دووپاتی دەكاتەوە، كە ئەو پۆستە ئیستیحقاقی گەلی كوردستانەو تەنیا موڵكی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو نییە، هەر بەپێی ئەو بنەمایەش دەبێ تەنیا كاندیدێك دیاری بكرێت كە ڕەزامەندی و پاڵپشتی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر بێت و دەشڵێت: دەبێت بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستاو دواتری ئەو لێكترازانەی هاتۆتە كایەوە لە ئەستۆبگرێت.