به‌رپرسێكی یه‌كێتی: پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار ببات
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

به‌رپرسێكی یه‌كێتی: پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار ببات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی به‌ دەنگی ئەمەریکا ووت:"پارتی بۆ بیانوو و چاوبەستن، مەسەلەی کاندید نەکردنی دکتۆر بەرهەم ساڵەحی وروژاندووە، ئەگینا بەجدی کاردەکات بۆ بردنی سەرۆک کۆمار، دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە لەلایەن پارتیەوە، واتای هەوڵدانە بۆ بردنی، لەکاتێکدا ئەمە پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوانمانە."

جەختیشیکردەوە"وەکو یەکێتی هەر هەنگاوێک دەگرنە بەر کە پێویست بکات، گەر پارتی جدی بێت لەبردنی سەرۆک کۆمار."

مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی ڕوونیکردەوە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار کاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێمیش دەبێت، وتی"ناکرێت لێرە باسی یەکڕیزی بکرێت، کەچی لەبەغدا ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر ئەنجام بدریت، بێگومان ئەو ڕێککەوتنە کەلێنی گەورە لەنێو ماڵی کورد دروست دەکات."

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی بەچوونە بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و دیدگا ناڕوونی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام پۆڵا تاڵەبانی وتی"دیدگامان ڕوونبوو، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەبوو پۆستی سەرۆک کۆمار لەناو ماڵی کورد یەکلایی بکرێتەوە و لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەوین کاندیدی هەموو لایەنەکان بێت، پارتی لەو مەسەلە کشایەوە و لەپشت پەردەوە ڕێککەوتنی کرد، ئێمە نەمانتوانی ببینە بەشێک لەو ڕێککەوتنە، چونکە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بوو، ناکرێت بۆ پۆستێک بچیت لەگەڵ چەند لایەنێک ڕێکبکەویت لەسەر حسابی بەرژەوەندیەکانی خەڵک."

وتیشی"نەدەبوو پارتی مافی دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بداتە خۆی، یاخود بڵێت فڵان کاندید بێت و فڵان کاندید نەبێت."

پۆڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەهەموو پێوەرە مێژووییەکان، بەپێوەری پێگەی جەماوەری، مافی حیزبەکەمه‌.

 

هه‌واڵی گرنگ