ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ئاشكرایدهكات،، لە ساڵی ڕابردوودا 376 پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون
بەپێی ئاماری ساڵی 2021ی ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، بەپێی ئامارەکە لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا 376 پێشێلکاریی بەرامبەر 564 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی کراون، لەکاتێکدا پێشتر هەریەکە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و دەزگای میترۆ ئاماری جیاوازیان لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە..
وردەکاریی پیشێلکارییەكان بەمجۆرەیە، ژمارەی دەستگیرکردن نۆ حاڵەت، ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردن 146 حاڵەت، هێرش و سووکایەتی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان 26 حاڵەت، لێدان چوار حاڵەت، دوو حاڵەتی وەرگرتنی بەڵێننامە.
هەروەها دوو حاڵەتی هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراون، ئازاردان 10 حاڵەت، یەک تەقەکردن، دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی 36 حاڵەت تۆمارکراون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئامارەکان زەنگێکی مەترسیدارن بۆ دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، پیشاندەری ئەوەن دۆخی ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدایە.
ڕێکخراوەكه ئاماژهی بهوهش كردووه، زۆرترین پێشێلکاری لەلایەن سێ لایەنەوە کراون، کە بە پلەی یەکەم هێزە ئەمنییەکان و دوای ئەوان پەرلەمانی کوردستان دێت و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە پلەی سێیەم دێن لە پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، زۆرترین پێشێلکاریش بەرامبەر بە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان کراون.
پێشتر دەزگای میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ئاماری ساڵی 2021ی پێشێلکارییەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، 353 پێشێلکاریی بەرامبەر 260 ڕۆژنامەنووس ئەنجامدراون، هەروەها سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاماری پیشێلکارییەکانی هەمان ماوەی بڵاوکردەوە و بەپێی سەندیکا، 79 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامدراون، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگا ڕۆژنامەنووسییانەی پیشێلکارییان بەرامبەر کراوە 187 ڕۆژنامەنووس و دەزگا بوون.