ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرای كرد، ڤایرۆسێكی نوێی كۆڕۆنا بەناوی (NeoCoV) لە وڵاتی چین دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا مەترسیداری ڤایرۆسەكە روون نەكراوەتەوە.
ڕێكخراوەكە ڕایگەیاندووە، زاناكانی چین جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنایان دۆزیوەتەوە، وەك ڕێكخراوەكەش داوامانكردووە ئەنجامی سەرەتایی تۆژینەوەكانیان لەسەر ڤایرۆسەكە بۆمان بنێرن.
تەندروستی جیهانی جەختی لەوەكردۆتەوە، كە تاكو ئێستا زانیاریان لەسەر مەترسیداری جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نییەو ناشزانن ڕێژەی مەترسییەكەی بۆ سەر مرۆڤ چەندە.
زانا چینییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشكرایان كردبوو كە جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنایان دۆزیوەتەوە كە سەرچاوەكەی لە ئاژەڵانەیەو ڕەنگە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە.
زانایانی چین ناویان لە جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا ناوە نیۆكۆڤی (NeoCoV) و بۆ یەكەم جاریش نموونەیان لە ئەفریقیای باشوور دۆزیوەتەوە كە لەنێو شەمشەمە كوێرەكان بڵاوبۆتەوەو پێشبینیش دەكەن لەماوەیەكی نزیكی داهاتوودا بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕاشیگەیاند، كە زۆرینەی جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا سەرەتا لە ئاژەڵاندا سەرهەڵدەدات بەتایبەتیش لە شەمشەمەكوێرە كە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دادەنرێت.
جەختیشی كردەوە كە تۆژینەوەكان دەریانخستووە (75%) ی سەرجەمی جۆرە نوێیەكانی ڤایرۆسەكان سەرچاوەكەیان سەرەتا لە ئاژەڵاندا سەرهەڵدەدات و دواتریش بە هەموو جیهان بڵاو دەبێتەوە.