بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ڤۆلكسواگن چیرۆكێكی دوورو درێژی لە پشتەوەیەو بە یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانە دادەنرێت كە توانی بەرامبەر هەموو ئاستەنگییەكان بوەستێت و ناوێكی دیاربێت لەناو جیهانی ئۆتۆمبێلدا.
ئەم ئۆتۆمبێلە ساڵی (1937) لەسەر راسپاردەی هیتلەر دەستكرا بە بەرهەمهێنانی و لە لایەن پارتەكەی هیتلەرەوە بودجەی بۆ تەرخانكراو خودی هیتلەر ئەندازیارێكی سەر بە پارتەكەی بەناوی (فیردیناند پۆرشێیە) ی راسپارد كە دامەزرێنەری ماركەی بورشی ئەڵمانی بوو بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە دیزاین بكات، كە نرخەكەی (140) دۆلار تێپەڕ نەكات بۆ دوو مەبەست: یەكەمیان، بۆ ئەوەی ببێتە ئۆتۆمبێلێك هەموو گەلی ئەڵمانی بەكاریبهێنێت، بەرهەمهێنانیشی هێندە گەشە بكات كە بتوانرێت هەناردەی وڵاتانی دەرەوەش بكرێت، دووەمیش، بۆ پڕوپاگەندە بوو بۆ دەسەڵاتی بەهێزی خۆی لە هەموو ئەڵمانیادا.
لە ئایاری ساڵی (1937) دا كارگەیەك بەناوی (جیزۆڤەر) لە شاری (ڤۆلسبۆرگ) بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەكە دروستكرا، دواتر لە ئەیلولی هەمان ساڵدا ناوەكەی گۆڕا بۆ (ڤۆلكسواگن) كە ناوەكە بریتی بوو لە دوو وشەی (ڤۆلكس) بە مانای گەل و (واگن) بە مانای ئۆتۆمبێل، نۆبەرەی بەرهەمەكە پێشكەشی هیتلەرو چەند فەرماندەیەكی سەربازی كراو دواتر بە هەموو ئەڵمانیادا بڵاوبووەوە، هەرچەندە پێش ئەوكاتە لە هەر پەنجا ئەڵمانییەك تەنها كەسێكیان ئۆتۆمبێلیان هەبوو، بەڵام بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە خەڵكێكی زۆر توانیان بیكڕن.
قەبارەی ئۆتۆمبێلەكەو پێكهاتەكەی ...
ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیە قەبارەیەكی بچووكی هەبوو، جۆرێك دروستكرابوو كە تەنها دوو دەرگای پێشەوەی هەبوو جێگەی دوو كەسی گەورەو سێ منداڵی تەمەن دوو بۆ پێنج ساڵی تێدا دەبووەوە، هەروەها دیزاینەكەشی وابوو كە بزوێنەرەكەی لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەكەدا بوو.
لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا یەكەم بەرهەمی ڤۆلكسواگن بە ناوی (kdf) كە كورتكراوەی (Kraft- durch- freude) بوو مانای (بەختەوەری لە رێگەی هێزەوەیە) خرایەڕوو، هەر بە راستیش وابوو، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێك كێشەی خستنە بازاڕەوە ناوەكە گۆڕا بۆ (ڤۆلكسواگن)، دواتریش نازناوی (Beetle) ی لێنراو بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی (1938) دا لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەرلین بۆ ئۆتۆمبێل نمایشكرا.
لە ساڵی (1939) دا جارێكی تر جیهان كەوەتەوە دۆخێكی نالەبارو جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسا، ئیدی كارگەی ئۆتۆمبێلی ڤۆلكسواگنیش لە كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبێلەوە بووە كارگەی دروستكردنی پێداویستی سەربازی بۆ جەنگەكە.
دوای كۆتاییهاتنی جەنگیش بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر ئەڵمانیا كەوت و ئەو وڵاتە دابەشبوو بۆ ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوا، كارگەی ڤۆلكسواگن كەوتەوەكار، بەڵام لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیاداو لەیەك ساڵدا (10) هەزار ئۆتۆمبێلی دروستكرد.
ساڵی (1948) دیسانەوە كەوتەوە دەست دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای خۆرئاواو بەرهەمەكانی كارگەكەش خەریكبوو بە جیهاندا بڵاودەبوویەوە بە تایبەت لە ئەمریكا، ئیدی ئەو ئۆتۆمبێلە بەناو شەقامەكانی ئەمریكادا دەسوڕایەوە.
ساڵی (1972) كۆمپانیای ڤۆلكسواگن ریكۆردی فرۆشتنی شكاند، هەر زوو شێوەو قەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلە چووە دڵی خەڵكەوەو هەرزانییەكەشی هۆكارێكی تر بوو كە زۆر كەس بیكڕێت، ئەمەش وایكرد رێژەی فرۆشتنی ڤۆلكسواگن بگاتە (52%) و رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە ئەوروپییەكانی تر دابەزێت بۆ (27%)، لەوكاتەوەو بۆ ساڵانی دواتریش ڤۆلكسواگن تەنها ئۆتۆمبێل نەبوو، بەڵكو ئەوەی خاوەنی بوایە وەك ئەوە بوو بە خەڵك بڵێت من لە سەرمایەداریدا نقوم نەبووم، هەروەها ئۆتۆمبێلەكە بووە هێمای ئەندامانی بزووتنەوەی (هیپی) و لە شەستەكانیشدا رەوشەكە وا بەردەوام بوو ئەندامانی بزووتنەوە رۆشنبیرییەكان ببوونە لایەنگری سەرسەختی ئۆتۆمبێلی فۆڵكسواگن یان (Beetle) بەجۆرێك نرخەكەی گەیشتە (1600) دۆلار لە كاتێكدا فۆرد نرخی (2700) دۆلار بوو.
ساڵی (1972) كۆمپانیای ڤۆلكسواگن بە فرۆشتنی (25) ملیۆن ئۆتۆمبێلی مۆدێلی (T) توانی ئەو ریكۆردە جیهانییە بشكێنێت كە پێشتر بە ناوی كۆمپانیای فۆردەوە تۆماركرابوو بەوەی (15) ملیۆن ئۆتۆمبێلی فرۆشتبوو، هەروەها خواستێكی زۆری لەسەر بوو لە چەندین فیلمی هۆڵیودیشدا رۆڵی خۆی بینی.
لە سەرەتای هەشتاكاندا ژاپۆن هاتە سەر هێڵ و ویستی كێبڕكێ لەگەڵ ڤۆلكسواگندا بكات و ئۆتۆمبێلێكی نوێی خستە بازاڕەوە كە نوێترو هەرزانتر بوو هەرچەندە ئەوە زەبرێكی كاریگەر بوو لە (ڤۆلكسواگن) درا، بەڵام نەمردو ژیانی نوێی لە مەكسیك و بەرازیل و باشووری ئەفریقیا دەستپێكردەوە.
دوای ئەو مێژووە دێرینەی لە ساڵی (2015) دا ڤۆلكسواگن تووشی قەیرانێكی گەورە بوو كە لە جیهاندا بە ئابڕووچوونی دیزل ناسراوە، چونكە ئەو كۆمپانیایە ژمارەی ئەگزۆزی ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساختەدەكرد كە بە بزوێنەری دیزل كاریان دەكرد، بەڵام لەو ساڵەدا دانی بە راستییەكاندا ناو بەهۆیەوە (30) ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو كەیسە، بەڵام وەك هەمیشە ڤۆلكسواگن كاتێك دەكەوێتە كێشەوە هەر زوو تێیدەپەڕێنێت و بە ئۆتۆمبێلێكی نوێوە دێتەوە گۆڕەپانەكەو شەیدایانی سەرسام دەكات و لەو كاروانەی بەردەوام دەبێت كە زیاتر لە هەشت دەدەیە گرتوویەتییە بەر.
كەشتی نووح