مافی پەنابەری لە نیوان یاسای نێودەوڵەتی و شەریعەتی ئیسلامیدا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

مافی پەنابەری لە نیوان یاسای نێودەوڵەتی و شەریعەتی ئیسلامیدا

 

لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی نوێدا کۆمەڵێك بنەمای جەوهەری هەن پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤەوە کە، بابەتی پەنابەرییان لەسەر بنیادنراوە. لە گرنگترین ئەو بنەمایانەش بریتین لە مافی مرۆڤ بۆ ژیان کردن، مافی مرۆڤ بۆ ئازادی و ڕێگەگرتن لە کۆیلایەتی و ئەشکەنجەنەدانی مرۆڤ، مافی مرۆڤ بۆ ئازادی هاتوچۆ نیشتەجێ بوون. بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە مافی پەنابەری لەم بەڵگەنامانەی خوارەوە ئاماژە دراون:

 یەکەم: جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە ساڵی ( ١٩٤٨) دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو لە لایەن کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوەکەوە، وەك دان نانێك بۆ هەموو ئەو مافە سەرەتاییانەی مرۆڤ کە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم پێشێلکران و لە ژێر کاریگەری ئەم پێشێلکارییەدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی داڕمان و تێكچوونی سیستەمی ژیانکردن و بەڕێوەبردنی گشتی بوویەوە. سەرەکی ترین ئەو مافانەی لەو جاڕنامەدا سەبارەت بە پەنابەران هاتووە ئەمانەن: (ماددەی (٢) کەڵك وەرگرتن لە تەواوی ماف و ئازادییەکان، مافی ژیان و ئاسایشی کەسەکی ماددە (٣)، ماددەی (٥) نەهێشتنی هەر جۆرە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی دژ بە بنەما مرۆییەکان، ماددەی (٧) یەکسانی لە بەردەم یاسادا، ماددەی (١٣) مافی هاتوچۆ و ئازادی هەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێ بوون، ماددەی (٢٣) هەبوونی مافی کاروپیشە، ماددەی (٢٦) مافی دەست ڕاگەیشتن بە پەروەردە و فێرکردن).

دووەم: بەڵگەنامەی تایبەت بە مافی پەنابەران (پەیماننامەی پەیوەندی دار بە پێگەی پەنابەران) کە لە (٢٨/٧/١٩٥١) نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی تایبەت دا ئەم پەیماننامەی دەکرد و لە (٢٢/٤/١٩٥٤) چووە بواری جێبەجێکردنەوە. پەیماننامەکە لە (٤٦) ماددە پیک دێت و (١٤٥) وڵاتی ئەندامن تیایدا. ئەم ڕێککەوتننامە کاریگەری تەواوی هەبوو لەسەر مافی پەنابەران و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووە هۆی گۆڕانی بارودۆخی پەنابەران. پەیماننامەکە پێناسەی پەنابەری کردووە بەوەی کە کەسێکە (ترسێکی بنچینەی هەیە کە سەرکوت بکرێت بەهۆکاری ڕەگەز، ئاین، نەتەوە یان ئەندامیەتی لە گروپێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، یان سیاسی، وە لەدەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەی خۆیەتی، یان بەهۆی ئەو ترسەوە، ناتوانێت کە، لەولاتەکەی خۆیدا پارێزراوبیت؛ یان کەسێکە کە، هیج رەگەزنامەیەکی نییە و لەدەرەوەی ئەو وڵاتەیە کە تێیدا نیشتەجێبووە پێشتر، وە لەبەر ئەو ترسە، ناتوانێت، یان نایەوێت بگەڕیتەوە بۆی). گرنگترین بەڵێنەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بریتین لە: ( مافی یەکسانی (ماددەی ٢)؛ مافی ئازادی ئاینی (ماددەی ٤)؛ مافی کارکردن و داهاتی کار (ماددەی ١٧)؛ مافی هاتوچۆ و گاڕان لەناو وڵاتەکەدا (ماددەی ٢٦)؛ مافی یەکسانی لەبەردەم یاسادا (ماددەی ١٦)؛ مافی خویندن (ماددەی ٢٢)؛ مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامە).

سێیەم: پرۆتۆکۆلی ساڵی (١٩٦٧) تایبەت بە بارودۆخی پەنابەران کە لە (١١) ماددە پێك دێت. پەیماننامەی ساڵی (١٩٥١) تەنها ئەو کەسانەی دەگرتەوە لە پێش ساڵی (١٩٥١) ئاوارەبوبون تەنها لە جوگرافیای ئەوروپاشدا، بەڵام پرۆتۆکۆلی (١٩٦٧) پەیماننامەی ساڵی (١٩٥١) چوارچێوەی جوگرافیای دیاریکراوی نەهێشت و کات و ڕووداوەکانی بەشێوەیەکی بێ سنور دانا. شایەنی ئاماژەدانە کە تا ئێستا (١٤٥) وڵات ئەندامن لەو پرۆتۆکۆڵە.

چوارەم: کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (١٤/١٢/١٩٦٧) بەبڕیاری (٢٣١٢) جاڕنامەی پەنابەری هەرێمی دەرکرد کە لە (١٤) ماددە پێك هاتووە: ماددەی (١): لە جاڕنامەکەدا هاتووە مافی پەنابەری لەلایەن دەوڵەتان دەبەخشرێت وەك جێبەجێکردنی سەروەری دەوڵەت بۆ کەسانێك کە، تێدەکۆشن لە دژی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم، بەڵام ماددەی (١) بڕگەی (٢) دەڵێت ئەو مافە نابێت بەکەسانێك ببەخشرێت کە هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانی دوژمنکاری و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

بۆ جێبەجێکردنی بنەماکان، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین میکانیزمی هەیە، لە گرنگترین ئەوە میکانیزمانە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران و

فەرمانگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەرانە.

بابەتی مافی پەنابەری یەکیکە لە بابەتە گرنگەکان لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلامیشدا. (حەنەفیەکان) پێناسەی پەنابەریان کردووە بە (مستأمن) کە، کەسێکە بچێتە وڵاتێکی ترو داوای پەنابەری بکات جا ئەو کەسە موسڵمان بێت یان نا موسڵمان بێت. (ابن قيم) پێی وایە کە، (مستأمن) بریتییە لەو کەسەی دێتە ناو دەوڵەتی ئیسلامی بە مەستی پەناگرتن. هاوشیوەی یاسای نێودەوڵەتی، بنچینەی مافی پەنابەری لە یاسای ئیسلامیشدا کۆمەڵیک بنەمای شارستانییە، وەک مافی ژیان، مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و کاری دڵرەقانە و نامرۆڤانە، یەکسانی لەبەردەم یاسادا کە لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەردا ئاماژەیان پێدراوە و شایستەن بەهەر مرۆڤێک بێ جیاوازی نەتەوە و نەژاد و زمان و ئاین و ڕەگەز و ڕەنگ . بە واتایەکی تر، قورئانی پیرۆز لە چەندین ئایەتدا باس لە ڕێزگرتن لە پەنابەران و کۆچ بەران دەکات و داوا دەکات کە مافەکانیان بۆ دابین بکرێت و لە سوننەتەکانی پەیێغەمبەریشدا وەها ڕاستییەک زۆر بەرچاوە.

 ئیسلام ڕێگەی بە پەنابەری داوە لەم بارودۆخەی خوارەوەدا: (بەهۆی دین یان باوەڕەوە؛ بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان؛ لە ترسی زوڵم و زۆری و کوشتن؛ هیجرەت بۆ بەدەستهێنانی زانست و زانیاری). هەروەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (وَإِنۡ أَحَدٞ مِّنَ ٱلۡمُشۡرِكِينَ ٱسۡتَجَارَكَ فَأَجِرۡهُ حَتَّىٰ يَسۡمَعَ كَلَٰمَ ٱللَّهِ ثُمَّ أَبۡلِغۡهُ مَأۡمَنَهُۥۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمۡ قَوۡمٞ لَّا يَعۡلَمُونَ). لە تەفسیری ئەم ئایەتە پیرۆزەدا (ئیبن قودام ئەلمەقدیسی) دەڵێت: هەر کەسێك داواکاری پەنابەری پێشکەش بکات بۆ فیربوون و خوێندنی شەریعەتی ئیسلام، دەبێت مافی پەنابەری پێبدرێ. لە سەر بنەمای ئەم ئایەتە دەتوانین بڵێین لەسەر دەوڵەتی ئیسلامی پیویستە کە، مافی پەنابەری بدات بە هەر کەسێك کە، بۆ ناسینی ئیسلام دێتە ناوی کە، ئەمەش بە تایبەت ئەوانە دەگرێتەوە بۆ موسڵمان بوون یان  بۆ شارەزا بوون لە دینی ئیسلام دێن.

جۆری دووەم بریتیە لە حاڵەتی ئەگەری ڕێگەدان بە پێدانی مافی پەنابەری. ئەم جۆرەیان کە دەوڵەتی ئیسلامی سەر پشکە لەوەی کە مافی پەنابەر بدات بە کەسی پەنابەر یان نا بۆ ئەو کەسانەی کە جگە لە ناسینی ئیسلام بە هۆکارێکی تر دێنە ناو دەوڵەتی ئیسلامی. دەوڵەتی ئیسلامی سەرپشکە بە گوێرەی بارودۆخی ناوخۆیی دەوڵەتەکە و بە گوێرەی بارو دۆخی کەسی پەنابەر بڕیاریدا لە پێدانی مافی پەنابەری یان پێنەدانی، وەک پەنابەری لە ترسی ژیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، نموونەی ئەمەش ئەو بەسەر هاتەیە کە لە زەمانی پێغەمبەردا، هاوسەری زەینەبی کچی پەیێغەمبەر بەناوی (أباعاص) پەنای گرت بە زەینەب و زەینەبیش پەنای دا و دواتر پێغەمبەر فەرمووی: بچووکترین کەسی موسڵمانان دەتوانێت پەنای خەڵک بدات.

هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ( إِنَّ ٱلَّذِينَ تَوَفَّىٰهُمُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ ظَالِمِيٓ أَنفُسِهِمۡ قَالُواْ فِيمَ كُنتُمۡۖ قَالُواْ كُنَّا مُسۡتَضۡعَفِينَ فِي ٱلۡأَرۡضِۚ قَالُوٓاْ أَلَمۡ تَكُنۡ أَرۡضُ ٱللَّهِ وَٰسِعَةٗ فَتُهَاجِرُواْ فِيهَاۚ فَأُوْلَٰٓئِكَ مَأۡوَىٰهُمۡ جَهَنَّمُۖ وَسَآءَتۡ مَصِيرًا٩٧ إِلَّا ٱلۡمُسۡتَضۡعَفِينَ مِنَ ٱلرِّجَالِ وَٱلنِّسَآءِ وَٱلۡوِلۡدَٰنِ لَا يَسۡتَطِيعُونَ حِيلَةٗ وَلَا يَهۡتَدُونَ سَبِيلٗا٩٨). واتە: بەڕاستی ئەوانەی کە، لە سەرەمەرگدا فریشتە گیانیان دەکێشن لە کاتێکدا ئەوان هەمیشە ستەمیان لە خۆیان دەکرد واتە (ئیمان و باوەڕیان لە مەترسیدا بوو کەچی کۆچییان نەدەکرد بۆ نیشتمانی ئیمان بە توندی پێیاندا هەڵدەشاخێن) دەڵێن: باشە ئێوە لە چی دابوون و لە کوێ ژیانتان دەبردە سەر، لە وەڵامدا دەڵێن: ئێمە بێ دەسەڵات و لاواز کراو بووین لەسەر زەویدا. فریشتەکان دەڵێن: باشە ئایا زەوی خوا فراوان نەبوو تا کۆچ بکەن بۆ نیشتمانێك کە ئیمان داران تێدا سەربەست بوون،  یاخود فەرمان ڕەوا بوون، ئا ئەوانە شوێنەواریان دۆزەخە کە، جێگە و ڕێگە و سەرەنجامێکی ناخۆش و ناساز و خراپە، مەگەر ئەوانەیان کە بە ڕاستی بێ دەسەڵات و لاوازن لەوپیاوانەی ژن و منداڵیان لەگەڵ دایە و ناتوانن گۆڕانکارییەك بۆ خۆیان بکەن و هیچ ڕێگەیەکیش شارەزا نین بۆ چارەسەر و دەربازکردنی خۆیان. لە تێگەیشتن بۆ ئەم ئایەتانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە، پەنابردن بۆ شوێنێك کە، ماف و ئازادییەکان تێیدا پارێزراوە، واجبێکی شەرعیە لە یاسای ئیسلامدا، ئەگەر جێبەجێی نەکەی و بە دوای شوێنێکی پارێزراو دا نەگەڕێی بۆ ئەوەی بتوانی بە تەواوی پیادەی مافەکانت بکەی، ئەوە بە جەهەننەم سزا دەدرێیت کە، قورسترین سزایە لە لایەن خواوە بۆ بەندەکانی.

هەروەها ئایەتێکی تری پیرۆزی قورئانیش کە لەسەرمان واجب دەکات کە لە کاتی بێدەسەڵاتی و چەوساندنەوەدا پەنا بۆ شوێنی پارێزراو بەرین. خوای گەورە دەفەرموێت: ( أَلَا يَعۡلَمُ مَنۡ خَلَقَ وَهُوَ ٱللَّطِيفُ ٱلۡخَبِيرُ ١٤ هُوَ ٱلَّذِي جَعَلَ لَكُمُ ٱلۡأَرۡضَ ذَلُولٗا فَٱمۡشُواْ فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُواْ مِن رِّزۡقِهِۦۖ وَإِلَيۡهِ ٱلنُّشُورُ ١٥). واتە: (هەر ئەو زاتەیە زەوی بۆ زەلیل و ملکەچ کردوون، هەرچیتان دەوێت لەسەری دروست دەکەن، چۆنتان بوێت بەکاری دەهێنن، بگەڕێن بە هەموو گۆشە و کەناریدا لە ڕزق و ڕۆزیشی بخۆن کە، پێشکەشتان دەکات، دڵنیاش بن کە سەرەنجامی گەڕانەوەتان بۆ لای ئەو زاتەیە).

خودا، هەروەها دەفەرموێت: (وَٱلَّذِينَ تَبَوَّءُو ٱلدَّارَ وَٱلۡإِيمَٰنَ مِن قَبۡلِهِمۡ يُحِبُّونَ مَنۡ هَاجَرَ إِلَيۡهِمۡ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمۡ حَاجَةٗ مِّمَّآ أُوتُواْ وَيُؤۡثِرُونَ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِمۡ وَلَوۡ كَانَ بِهِمۡ خَصَاصَةٞۚ وَمَن يُوقَ شُحَّ نَفۡسِهِۦ فَأُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡمُفۡلِحُونَ). واتە: ئه‌وانه‌ی که پێشتر ماڵ و شوێنی خۆیان ئاماده کرد بۆ پێشوازیی له کۆچبه‌ران و دڵ و ده‌روونی خۆیان ڕازانده‌وه به‌ئیمان، ئه‌وانه‌شیان خۆش ده‌وێت که، کۆچیان کردووه بۆ لایان و له دڵ و ده‌رونیاندا جێی هیچ جۆره حه‌سوودی و به‌خیلیه‌ك نابێته‌وه (له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که به‌شی کۆچبه‌ران دراوه و به‌شی ئه‌وان نه‌دراوه‌)، حه‌ز به به‌خشینی ده‌ستکه‌وته‌کان به‌وان ده‌که‌ن، فه‌زڵی ئه‌وان ده‌ده‌ن به‌سه‌ر خۆیاندا، هه‌رچه‌نده هه‌ژارو نه‌داریشن، جا ئه‌وه‌ی خۆی له نه‌فسی ڕه‌زیلی بپارێزێت و زاڵ بێت به‌سه‌ریدا، ئا ئه‌وانه هه‌ر سه‌رفرازن. لە ڕاڤەی ئەم ئایەتە پیرۆزەوە بۆمان دەردەکەوێت کە، گرنگی پێدانی مسوڵمانان بەپەنابەران لە مێژودا تەنیا کردنەوەی باوەش و لەخۆ گرتنیان نەبووە، بەڵکو پەنابەران لە زۆر بابەتدا فەزڵیان هەبووە بەسەر دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکە.  

شایەنی ئاماژەدانە کە، پێغەمبەریش لە چەندین فەرموودەدا باس لە بابەتی کۆچ و پەنابەری دەکات بە شیوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆو هانی مسوڵمانان دەدات کە هاوکاری ئەو خەڵکانە بکەن بەهەر هۆکارێک و لەبەرامبەریشدا بەڵێنی لێخۆشبوون و بەختەوەری وەک پاداشت دەدات. هەندێک لە فەرموودەکان گشتگیرن و ئاراستەی هەموو کەسێکن کە ڕووبەڕووی زەحمەتی و ناڕەحەتی دەبێتەوە و هەندێکیش لە فەرموودەوکانیش ڕاستەخۆ ئاراستەی کۆچەبەران و پەنابەرانن. پێغەمبەر دەفەرموێت: ( من نفس عن مؤمن كربةً من كُرَبِ الدنيا نَفَّسَ الله عنه كربة من كرب يوم القيامة ... والله في عون العبد ما كان العبد في عون أخيه). واتە: هەر کەسێک باوەڕدارێك ڕزگار بکات لە ناڕەحەتی دنیا، خوای گەورە ڕزگاری دەکات لە ناڕەحەتی ڕۆژی دوایی... خوا هاوکاری بەندەکەی دەکات، هەتا بەندەکەی هاوکاری براکەی بکات. هەروەها دەفەرموێت: (ما من إمام يغلق بابه دون ذوي الحاجة، والخَلَّة، والمَسكَنة، إلَّا أغلَقَ الله أبواب السماءِ دونَ خلّته، و حاجته، و مسكنته). واتە: هەر ئیمامێك دەرگا بەڕووی کەسێکدا دابخات، کە پێویستییەکی هەیە، یان لەبارودۆخێکی دژوار دایە، یان هەژارە، خوا دەرگای ئاسمانەکان بەڕوی پێداویستی و ناخۆشی هەژاری ئەو کەسەدا دادەخات. هەروەها لە خۆشەویستی مەککە و لەکاتی بەجێهێشتنیدا فەرمویەتی: (والله إنك لخير أرض الله واجب أرضي الله إلى الله و لولا أخرجت منک ما خرجت). واتە: سوێند بە خوا خۆشەویستترین زەوی خوای لای من، ئەگەر قەومەکەم دەریان نەکردبام لێ ی نەدەڕۆیشتم. لەم فەرموودەیەوە تێدەگەین کە، نیشتمان چەندە خۆشەویستە و ئاوارە بوون چەندە دژوار و سەختە، بەڵام لە کاتێکدا کە، ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ دەکەوێتە ژێر هەڕەشە، لەو شوێنەی کەلێی نیشتەجێیە، پێویستە پەنا بۆ شوێنێکی پارێزراو ببات.

لەم فەرموودە پیرۆزانەی پێغەمبەر کە لەسەرەوە ئاماژەماندا، بەڕونی تێدەگەین کە لەئاینی ئیسلامدا کۆچبەران و پەنابەران، لێقەوما و هەژارن، وە یارمەتی لێقەوماوان و هەژاران، کارێکی زۆر نرخێنراوە لە ئیسلامدا و پاداشتی خودا لەسەری بەڵیندراوە، لەبەرامبەردا هاوکاری نەکردن و دەرگا بەڕوداخستنی ئەو خەڵکانە هەڕەشەی لەسەرە بەهەمان کار لەلایەن خوداوە. هەر ئەم چەند ئایەت و فەرموودە بەسە بۆ ئەوەی وڵاتانی ئیسلامی یاسایەکی گشتگیر دەربکەن پەیوەندیدار بە کۆچ بەران و پەنابەران لە وڵاتانی خۆیاندا. شایەنی ئاماژەدانە کە، ئیسلام بەر لە دەرچوونی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە پەنابەران گرنگی داوە بە دیاردەی لیقەومان و ئاوارەکەوتن و پەنابەری، بەجۆرێکی هێندە کاریگەر کە، لەهەڵسەنگاندن و بەراوردکاری ڕیسا پەیوەندیدارەکانی بە ڕێساکانی یاسای نیودەوڵەتی، دەبینین کە زۆر گشتگیرترن و چوارچیوەی پاراستنیشیان زۆر فراوانترە تەنانەت لەڕۆژی ئەمڕۆماندا. هۆکاری لاوازی جیهانی ئیسلامی لە بابەتی پەنابەری و مافەکانی پەنابەران نەبوونی ڕیسای یاسای نییە، بەڵکو پەیڕەوینەکردنی قورئان و فەرمودەکانی پیغەمبەرمانە بەتەواوی.

 

 

 

هه‌واڵی گرنگ