پاش سەرهەڵدانی جەنگی ڕوسیا- ئۆکراینا و گرانبوونی نرخی کاڵای خۆراکی ، حکومەتی ئێراق ڕایگەیاند کە ناتوانن دەسوەردە نە نرخی کەلوپەلەکان ، چونکە بازاڕ ئازادەو بازرگانەکان هاوردەی کەلوپەل دەکەن ،نەک حکومەت .
بەڵام بۆ دابەزاندنی نرخەکان حکومەت بڕیاری داوە جگە لەوەجبەکەی پێش ڕەمەزان ، لە مانگی ڕەمەزانیشدا دوو وەجبە کەلو پەلی خۆراکی دابەش بکات بەسەر هاووڵاتیاندا ، بێگومان ئەوکاتە بە ڕێسای خستنە ڕوو وخواست ( العرض والطلب) نرخەکان بەشێوەیەکی ئوتوماتیکی دادەبەزن.
دیارە دابەشکردنی خۆراک لەڕێگەی بریکارەکانەوە، لە تێکرای ئێراق بەکوردستانیشەو، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێ و جێبەجێ دەکرێ .
سەیر ئەوەیە لە هەرێم ئەم سیستمی دابەشکردنە سستەو کەموکورتی زۆری تیایە، هەربۆنمونە : پاش تێپەڕبوونی ٤ مانگ لەساڵی ٢٠٢٢ ،هێشتا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەشە ئاردێک دابەش نەکراوە ، خۆراکەکانی دیکەش پێش ڕەمە زان وەجبەیەک و لەمانگی ڕەمەزانیشدا نەک دوو وەجبە وەکو بڕیار دراوە ،بەڵکو تائێستا کە لەکۆتایی مانگی ڕەمەزان و مانگی نیسانداین ، هێشتا نیو وەجبە واتە تەنها چەند مادەیەک ( زەیت و شەکر ) لەهەندێ شوێن برنجیش دابەشکراوەو وەجبەو نیوێکی ڕەمەزان چارەنوسی دیار نیە .
ئەمە لەکاتێکدا بە پێی بەدواداچونی من، لە ناوەڕاست و باشوری ئێراق تا پێش ١٠ ڕۆژ ، لەسەنتەری پارێزگاکان هەردوو وەجبەی ڕەمەزان و لە قەزاو ناحیەکانیش وەجبەیەکی تەواو بە (ئارد) یشەوە دابەشکرابوو ، چاوەڕێی وەجبەی دووەم بوون.
بەندە وەک کارێکی ڕۆژنامەنوسی ،بۆ بەدواداچونی ئەم پرسە ، لەڕێگەی ئنتەرنێتەوە پرسیارێکم ئاراستەی وەزیری بازرگانی هەرێم کرد : ئایا هۆکاری ئەو دواکەوتنە نەهاتنی بەشەخۆراکی پێویستە لە لایەن وەزارەتی بازرگانی ئێراقەوە ،یان گرفتی تەکنیکی هەیە لێرە بۆ دابەشکردن ؟
لە وەڵامدا بەڕێزی وتی : کێشە لای ئێمە نیە ،بەڵکو بەغدا چی بنێرێ لێرە دابەش دەکرێ. دواتر بۆ بەدوادا چونی کێشەی دواکەوتنی هاتنی بەشە خۆراکی هەرێم ، داوام لە پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغدا کرد کە سۆراخێکی ئەو پرسە لە وەزارەتی بازرگانی فیدراڵ بکات ، ئەویش بەڵێنی دا ..
بەداخەوە مێدیاکانی هەرێم وەکو پێویست ، کاری بنکۆڵکاری و بەدوادا چوونی ورد بۆ ئەم کێشەیە ناکەن .
پێدەچێ دەسەڵاتدارانی هەرێمیش هیچ خەمی ئەمەیان نەبێ ، ئەگینا دەبوایە لەڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە لە بەغدا ، بەدواداچونی جددی بۆ بەشەخۆراکی هاوو ڵاتیان بکەن ، چونکە بۆشاییەکی باشی بۆ چینی هەژارو کەمدەرامەتی کوردستان پڕکردۆتەوە و ئەگەر بێتوو ئەو بەشە خۆراکە ببڕێت ،یان بەڕێکو پێکی دابەش نەکرێت ، کاریگەریی خراپتر لەسەر بژێوی ئەو چینە دروست دەبێ و نرخی کەلوپەلە خۆراکیە بنەڕەتیەکان زیاتر بەرز دەبێتەوە..