یەكێك لە هۆكارە باوەكانی سەردانیكردنی منداڵان بۆ پزیشكی ددان هەبوونی ئازارە لە ددانەكانیان، ئەمەش ترس و دڵەراوكێ لەلایان دایك و باوكانەوە دروست دەكات لەكاتی هەبوونی كلۆری لە ددانی منداڵەكانیان.
پێویستە بزانرێ كە مینای ددانی شیری لاوازترە لە ددانی هەمیشەیی، هەر بۆیە ئەمەش بە یەكێك لە هۆكارەكانی خێرا كلۆربوونی ددانی شیری دادەندرێت و دەبێتە بڵاوبوونەوەی كلۆری لە ددانی منداڵان.
لەبەر ئەمە، چەند هەنگاوێك دەگیرێتە بەر لەلایەن پزیشكی ددانەوە بۆ پارێزگاریكردن لە ددانی شیری و رێگریكردن لە كلۆربوونی.
هەندێك لە دایك و باوكان بڕوایان وایە كە ددانی شیری كاتییەو كلۆربوونی كێشەیەكی ئەوتۆ نیە، دوای دەركەوتنی ددانی هەمیشەیی منداڵان تووشی گرفتی كلۆربوونی ددان نابن! بەڵام بێ ئاگان لەوەی كە ددانە شیریەكان ڕێنێشاندەری ددانی هەمیشەیین، واتە لە ئەگەری هەبوونی كێشە لە ددانە شیریەكاندا، ئەوا كلۆرو بەكتریای ددانە شیرییەكان دەگوازرێنەوە بۆ ددانە هەمیشەییەكان بە هۆكاری ئەوەی منداڵان لە دوای تەمەنی شەش ساڵی، ددانە هەمیشەیی و شیریەكانیان لە یەك كاتدا دەبێت.
لەدەستدانی ددانە شیرییەكان دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند ئاڵۆزیەك، بۆ نموونە، لەدەستدانی بڕەر (ددانی پێشەوە) كە كاردەكاتە سەر ڕووخسارو قسەكردنی منداڵان، هەروەها گاڵتەپێكردنیان لەلایەن هاوتەمەنەكانیانەوە، كە ئەمەش گرفتی دەروونیان بۆ دروستدەكات، هەروەها دەبێتە هۆكاری لەدەستدانی ددانە كەڵبەكان (ددانی بەشی دواوە) كە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفتی جوین و وردكردنی خۆراك كە ئەمەش كاردەكاتە سەر فەرمانی گەدە لە داهاتوودا.
چەند گرفتێكی تری لەدەستدانی ددانە شیریەكان بریتین لە جوڵاندنی ددانە شیریەكان و نەهێشتنی بۆشایی بۆ هاتنە دەرەوەی ددانە هەمیشەییەكان بەمەش منداڵان تووشی گرفتی نارێكی ددانە هەمیشەییەكان دەكات و پێویستی زیاتریان بە راستكردنەوەی ددان دەبێت.
دایكان و باوكان چۆن بتوانن پارێزگاری لە ددانی منداڵەكانیان بكەن ؟
كاتێك دایكان و باوكان گرنگی تەواو بە ددانی منداڵەكانیان دەدەن لە ڕووی پاك راگرتن، شوشتن، هەروەها سەردانیكردنیان بۆ كلینیكی پزیشكی ددان، هەر بۆیە بۆ پاراستنی ددانەكان لە كلۆربوون پێویستە ساڵانە دوو جار بەمەبەستی بەكارهێنانی ماددەی فلۆراید بۆ بەهێزكردنی مینای ددانی شیری و پاك راگرتنی ددانەكان و بەكارهێنانی فڵچەو هەویری تایبەت بە منداڵان و دووركەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەكان و ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەكر.
دەبێت ئەوە روون و ئاشكرابێت بۆ دایك و باوكان كە بەبێ جێبەجێكردنی ئەو رێكارانەی كە لە سەرەوە باسمان كرد ناتوانرێ بەتەنها بەبەكارهێنانی ماددەی فلۆراید رێگری لە كلۆربوونی ددانەكان بكرێت.
(د. زیلان عوسمان شوانی – پزیشكی نەخۆشییەكانی ددانی منداڵان)