چۆن خواردن بدەین بە منداڵی تەمەن ژێر یەك ساڵی ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چۆن خواردن بدەین بە منداڵی تەمەن ژێر یەك ساڵی ؟

 

 

 

خواردن پێداویستەیەكی سەرەكی گەشەی مرۆڤەو بەكەمی و یان نەبوونی خواردنی دروست مرۆڤ گەشە ناكات و دەپوكێتەوەو بەدخۆراك دەبێت، لەگەشە دەوەستێت و تووشی دارمانی جەستە دەبێت.

سەرەكیترین و باشترین و گونجاوترین خواردنی منداڵ لەشەش مانگی یەكەم تەنها شیری دایكە، كەهەموو پێداویستیەكانی گەشەی دروستی تێدایە بۆ منداڵ.

دەستپیكردنی خواردن جگە لە شیر بە گشتی لە دوای شەش مانگی دەست پێ دەكات وە زۆربەی ئاكادییمیەكانی تەندروستی منداڵان وابەباش دەزانن خواردن لە دوای چوار مانگی دەستپێكرێت.

پێش ئەوەی خواردن دەستیپێبكرێت دەبێت بزانین كە منداڵ ئامادەی خواردنی هەیەو لایەنی جەستەش ئامادەیە كە بەم خاڵانە دەناسرێتەوە.

1. دەبێت منداڵ سەروملی توند بێت بتوانێت خۆی رابگرێت.

2. حەزی لە خواردن هەبێت بەوەش هەستی پێ دەكرێت كەوا لیكی زۆر دەبێت، دەستی بۆ دەمی دەبات، كاتێك خواردن دەبینێت یان یەكێك خواردن دەخوات زۆر خۆشی دەردەبڕێت و وانیشان دەدات كە ئەویش حەزی پێ دەكات بۆی پەرۆشە.

3. كاتێك خواردنی دەخەیتە ناو دەم دەیخاتە ئەم لاو ئەولای دەمی و لیكی زۆرە بۆ تەركردن و شلكردنەوەی زیاتری خواردنەكە.

لەشەش مانگی یەكەم ...

شیری دایك سەرەكیترین خواردنەو دەبێت بەردەوام بێت تا بكرێت شەش مانگی یەكەم و تا كۆتایی ساڵی یەكەم ئەگەر تا دوو ساڵ بێت ئەوا زۆر باشتر، وە نابێت هیچ شتی تر بدرێت بە منداڵ بە لایەنی كەم لە چوار مانگ یەكەم تەنانەت ئاویش، شیری قوتوو بەكاردەهێنرێت بۆ كاتی پێویست كە پێكهاتەكانی نزیك كراوەتەوەو لە شیری دایك و بۆ گەشە دروستە لەو كاتانەی كە ناتوانرێت شیری دایك بدرێت بە منداڵ.

زۆر گرنگە پاك و خاوێنی بە تایبەتی مەمەو بوتڵی شیرپێدان و پێویستە چەند دانەیەك بۆ هەر منداڵێكی شیرەخۆرە هەبێت و رۆژانە پاك بكرێنەوە بە شێوازێكی دروست.

لە چوار مانگی بە دواوە سێریا (سیریلاك) دەدرێت بە منداڵ وەكو سەرەتای خواردن پێ دان كە دەتوانرێت لەگەڵ تۆزێك ئاوی پاك، شیری دایك یان شیری قوتو بگیرێتەوە.

زۆر گرنگە كە لەو كاتانە بدرێت كە تەندروستی مندالّەكەو حاڵەتی میزاجی باشبێت و نابێت زۆری لێ بكرێت كە خواردن بخوات یان ئەوەی ئامادەكراوە هەمووی بخوات وە دەبێت بە تازەیی ئامادەكراوو فرێش بێت، دەبێت چاودێری ئەوە بكرێت كە حەزی لێیەتی و بە جوانی دەیخوات، هیچ حەساسیەو هەستیاری پێی نیە یان تووشی هیچ حاڵەتێكی ناكات وەك سكچوون و رشانەوە.

نابێت بەهۆی میدیاو مۆبایل و مەشغول بكرێت تاوەكوو خواردنی پێ بدرێت.

لەهەمان كاتدا سوپی فرێشی ئامادەكراو بە تایبەت لە برنج دەدرێت بە منداڵی چوار مانگەو میوەو سەوزەی وەك و مۆزو سێوو هەرمێ و پەتاتەو گێزەر، كە باش ئامادە كرابێت و هاڕدرابێت و بە شێوەی شل پێشكەش بكرێت.

لە شەش مانگ بۆ هەشت مانگی ...

دووبارە میوەو سەوزەی هاڕدراو وەك مۆزو قەیسی، سێو، خۆخ كە جوان پاك كرابێت و پاشان هاردرا بێت و شل كرابێتەوەو دەتوانرێت شیری بۆ زیاد بكرێت تا شل بێت و تامی خۆشتر بێت، دەتوانرێت گۆشتی مریشك و ماسی بێ ئێسك، وە سەرچاوەی تری پرۆتین و وەك نیسك و فاسۆلیای پێ بدرێت، زەردێنەی هێلكەو ماستیش بۆ ئەو تەمەنە دەبێت.

لە هەشت مانگی بۆ دە مانگی ...

جگە لەوانەی كە لە سەرەوە باس كران نان و سەمون، پەنیرو ماست

لەدوای دە مانگی دەتوانرێت بە كەمی خواردنی ئاسایی و دەستپێبكرێت بە شێوەی شل پێشكەش بكرێت دەبێت هەنگوین و سپێنەی هێلكەو لەگەڵ شیری مانگای فرێش نەدرێت بە منداڵ تا ساڵێكی تەمەن تەواو دەكات خواردنەكان نابێت دەنك یان پارچەی رەقی تێدا بێت بەهۆی نەبوونی یان كەمی دان و ترسی خنكان بەهۆی نەتوانینی جوین و قووت دانی ماددەی رەق.

لە هەموو كاتەكان دەبێت بە زۆری خواردن نەردێت بە منداڵ و چاودێری گەشەو بوونی حەساسیەی لاوەكی بە هەندێ خۆراك لەبەر چاومان بێت.

(د. كاوێس زەنگەنە – پزیشكی پسپۆری منداڵان)

 

هه‌واڵی گرنگ