ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، لە یەكی مانگی یەكی ساڵی (2020) ەوە بۆ (31/12/2021) ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە هۆی پەتای كۆڤید – 19 ەوە (14.9) ملیۆن كەس لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم ژمارەیە بە زیادەڕۆیی لە هەژماركردنی گیانلەدەستدانەكان دادەنرێت لەبەرئەوەی ژمارەی ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە ڕەنگە مردنەكەیان بەهۆی پەتاكەوە نەبووبێت.
دكتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گەبریێسس بەڕێوبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم داتایە ڕاستەقینەیە تەنها ئاماژە ناكات بە تەنها یەك كاریگەری پەتاكە، بەڵكو ئاماژە دەكات بەو پێویستییەی كە دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان وەبەرهێنان لە سیستەمی تەندروستیەكی شیاودا بكەن بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی تەندروستی بكەن لەكاتی قەیرانەكانداو هاوكات سیستەمێكی زانیاری تەندروستی بەهێزیشیان هەبێت.
هەروەها وتیشی: ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO پابەندە بە كاركردن لەگەڵ هەموو وڵاتاندا بۆ بەهێزكردنی سیستەمی زانیاری تەندروستی بۆ دروستكردنی داتای باشتر لەپێناو بڕیاردانی باشترو ئەنجامی باشتردا.
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وتیشی: لە (84%) ی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوروپاو ئەمریكا بوون.
ڕێكخراوەكە ڕاشیگەیاند، ژمارەی مردووان لە نێو پیاواندا لە (57%) بووە واتە رێژەكە بەرزتربووە لە مردنی ئافرەتان كە لە (43%) بووە، هەروەها ڕێژەی گیان لەدەستدانی كەسانی بەتەمەنیش بەرزتر بووە.