لەباربردنی منداڵ: ماف یان تاوان
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەباربردنی منداڵ: ماف یان تاوان

لەباربردن یەکێکە لەو بابەتانەی کە، لەڕۆژی ئەمڕۆدا زۆرترین گفتگۆی فەلسەفی و یاسای و ڕەوشتی و بایەلۆجی و دینی لەبارەوە دەکرێت، بەجۆرێک کە، مرۆڤایەتی دابەشی دوو بەرەی دژ کردووە کە، هەندێکیان پشتگیری دەکەن، وەک مافی ئافرەت لەهەلسوکەوتکردنی ئازادانە بەسەر جەستەی و هەندێکی تریشیان دژایەتی دەکەن، بەبەڵگەی پاراستنی مافی ژیانی کۆرپە. ئەم ڕاجیاوازییە لە بیروبۆچوندا رەنگدانەوەی هەیە لە راستی ژیانی کۆمەلایەتی و یاسای وڵاتاندا بەشێوەیەک کە، هەندێکیان ڕێگە دەدەن بەلەباربردن و پرۆسەکە بەشیوەیەکی ئاشکراو لەژیر چاودێری پزیشک و بەئامێری پزیشکی تایبەت بەڕیوەدەچێت و لەهەندێک وڵاتانیشدا، پرۆسەکە ڕیگەپێدراو نیە لە یاسادا و بەنهێنی و لەلایەن کەسانی ناشارەزا و بەسود بینین لە ئامیری نەریتی و سادە بەڕیوەدەچیت. لەباربردن لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دیاردەیەکی بەربڵاوی جیهانییە، بەجۆرێک کە، بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە (٥٦) ملیۆن حاڵەتی لەباربردن هەیە و بەهۆیەوە (٤٧٠٠٠) ئافرەت گیانی لەدەست دەدەن. بۆیە لەبەرانبەر هەوڵی قەدەغەکردنی دیاردەکە بەیاسا، هەوڵدانی کاریگەریش هەیە بۆ بەیاسایکردنی پرۆسەکەو ڕێگە گرتن یان کەمکردنەوەی مردنی ژنان بەهۆیەوە.  

لەباربردن چیە؟

بریتیە لە پرۆسەی کۆتایی هێنان بە دووگیانی،. لەباربردن دەکرێت بە دوو ڕێگە ئەنجام بدرێت: بە ڕێگەی نەشتەرگەری یاخود لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بە لەباربردن. لەباربردن دەکرێ لەخۆوە ڕووبدات بەبێ ویست کە ئەمەیان زۆرترین حاڵەتەکان سێ مانگی سەرەتای دووگیانی دەگرێتەوە. هەروەها لەباربردن دەکرێ ئارەزوومەندانە بێت لە پێناو هەندێ ئامانج و بەرژەوەندی ئابوری و کۆمەڵایەتی، یاخود سەلامەتی گیانی دایک یان ناتەواوی کۆرپەکە .

مێژووی لەباربردن

لەباربردن دیاردەیەکە کە هەر لەسەرەتای دروست بوونی ژیانی خێزانی مرۆڤ بوونی هەبووە بەوپێیەی کە لەبارچوون بە سروشتی و بەبێ ویستی مرۆڤ ڕودەدات، بەڵام دیاردەکە لەگەڵ بەها ڕەوشتی و دینییەکانی مرۆڤ هەمیشە لەناکۆکیدا بووە. تۆمارە مێژوویەکانی ئاماژە بەکۆمەڵیک حاڵەتی لەباربردن دەدەن لەمێژووی کۆندا لەلای چینییە کۆنەکان، هیندیە کۆنەکان، لە لای یۆنانی و ڕۆمانییە کۆنەکان و تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا لە نێو کۆمەڵگەی مەسیحیەکاندا، بەڵام حاڵەتەکان زۆربەبەیان ئارەزومەندانە نەبوونە. بەیاسایکردنی لەبابردنی دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک روسیا  وەک یەکەمین دەوڵەتی جیهان دیاردەکەی بەسنورداری بەیاسایکرد ، دوای ئەویش ئایسلەندا و سوید. هەتا ڕۆژی ئەمرۆ، ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دیاردەکەیان بە یاسای کردووە، یان بەتاوان نایناسن (٦٥) دەوڵەتە، بەلام زۆربەی زۆری ئەو دەوڵەتانە ماوەیەکیان دیاریکردووە کە  لە (١٢) هەفتەی سەرەتای دوگیانییە وە دەست پیدەکات بە ئارەزومەندانە و هەتا تەمەنی (٢٤) هەفتەی دوگیانی بەردەوام دەبێت، کاتێک دەستدرێژی سێکسی یان هۆکاری ئابوری یان ناتەواوی کۆرپە لەئارادابێت. بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەباربردنی ناتەندروست سێیەمین هۆکاری سەرەکی مردنی دایکانە لەسەرانسەری دونیا لەرۆژی ئەمرۆدا، بەجۆرێک کە ڕۆژانە (۱۲٦۰۰۰) کۆرپە لە سەرانسەری جیهان بەشێوەی ئارەزوومەندانە لەباردەبرێن کە ئەم ژمارەیە ساڵانە دەگاتە (٥٦) ملیۆن حالەت .

لەباربردن و یاسای نێودەوڵەتی:

لە دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ بووە بەیەکێک لە ئەجێنداکانی ڕیکخراوەکە و لە ماوەی سێ دەیە لە دامەزراندنیدا، ڕێکخراوەکە چەندین بەڵگەنامەی گشتی و تایبەتی دەرکرد و چەندین دەزگا و لیژنەی تایبەتی بۆ ئەو بابەتە دامەزراند. ئەگەرچی لە هیچ یەکێک لە بەڵگەنامە سەرەکیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، لەباربردن وەک مافی ئافرەت نەناسێنرا لەبەر دژیەکی دیاردەکە لەگەڵ باوەڕی گشتی خەڵک و یاساکانی وڵاتانی ئەندام و دامەزراوە تایبەتەکانی ڕێکخراوەکەش خۆیان لەو بابەتە کەمێک دەپاراست هەتای دەیەی کۆتای سەدەی بیستەم، بەڵام لە دوای ساڵی (١٩٩٤) ەوە کە کۆنفرانسی نیودەوڵەتی تایبەت بە پڕۆگرامی دانیشتوان و گەشەسەندن بەسترا، ڕێکخراوی نەتوەیەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ باس لە مافی ئافرەت دەکەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە هۆکارە تەندروستیەکان تەنانەت لە حاڵەتی لەباربردندا. بە واتایەکی تر، یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ گرنگی بەباتەکە دەدات لە ڕوانگەی پێویستی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە وەک مافێکی جەوهەری ئافرەت، نەک مافێکی شارستانی ئافرەت کە، ئازاد بێت بۆ هەڵسوکەتکردن بە جەستەی خۆیەوە، بەڵام وەک لە کار و لێدوانی لیژنە تایبەتمەندەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەردەکەوێت، مەیلی ڕێکخراوەکە زیاترە لەڕێگەپیدانێکی سنوردار، لەحاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و هەژاری و ناتەوای رەوشی فیزیکی کۆرپەکە،  بۆ بە یاساکردنی ڕەهای پرۆسەکە لە داهاتویەکی نزیکدا.  

لەباربردن لە ڕوانگەی ئیسلامیەوە:

روانگەی ئیسلام بۆ بابەتی لەباربردن روانگەیەکی ڕەوشتیە و وەک ڕێسایەکی گشتی ڕێگە پیدراو نییە پڕۆسەکە، هەرچەندە هەندێک حاڵەت هەیە کە پڕۆسەکە پاساو دەدات و لەدەرئەنجامدا ئاسای دەکات. قورئانی پیرۆز ژمارەیەکی زۆر ئایەت لە خۆ دەگرێت پەیوەندیدار بە پیرۆزی مافی مرۆڤ بۆ ژیان و تەنیا لە کاتی بەرگریکردن لەو مافە یان گەندەڵی لەسەر زەوی ڕیگە بە کۆتایهێنان بە ژیانی مرۆڤ دەدات. هەرچەندە، لەسەر بنەمای فەرمودەیەکی پیغەمبەر، هەندێک لەزانایان دروست بوونی مرۆڤ دەکەنە چوار قۆناغ کە هەرقۆناغێک (٤٠) ڕۆژ دەخایەنێت. قۆناغەکانیش: نطفة، علقة، مضغة، روح. بەگوێرەی بۆچونی گشتی زانایان، ژیانی کۆرپە لە دوای کۆتای هاتنی قۆناغی سێیەم دەستە پیدەکات کە (١٢٠) ڕۆژ دەخایەنێت. شافعیەکان پێیان وایە کە  لەباربردن هەتا ڕۆژی (١٢٠)ەم ڕێگە پیدراوە. حەنەفیەکان هەتا ماوەی (٤) مانگ لە ڕودانی دوگیانی ڕێگە بە لەباربردن دەدەن. مالیکیەکان ماوەی (٤٠) ڕۆژ دیاری دەکەن بۆ لەباربردن لەبەرواری دروست بوونی حملەوە. حنبەلیەکانیش لە دوای (٤٠) ڕۆژ لەباربردن قەدەغە دەکەن. شایەنی ئاماژەدانە کە ئەم ڕێگە پیدانە تەنیا کاتێکە کە لەباربردنەکە بە هۆکاری ڕەوشتی پاساو بدرێت، وەک مەترسی جدی لەسەر ژیانی دایکەکە. وە لەدوای ئەو ماوەیەی کە زانایان دیاریانکردوە، لەباربردن بە هیج جۆرێک ڕێگەپیدراو نییە، تەنانەت کە ژیانی دایکەکەش لەمەترسی دابێت. ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئیسلام، بابەتی دەستدرێژی سێکسی و هەژاری وەک پاساو نابینێت بۆ لەباربردن.  

لەباربردن لە هەرێمی کوردستان:

شایەینی ئاماژەدانە کە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەباربردن قەدەغەیە و لە یاسادا وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) لە ماددەکانی (٤١٧ ، ٤١٨ ، ٤١٩) باس لە لەباربردن دەکات و  بەکارێکی تاوانکارانە هەژماری دەکات، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە مەترسی لە سەر ژیانی دایکەکە هەبێت یان ناتەواوییەک لەکۆرپەکەدا هەبێت. بۆ سه‌لماندنی ئەوەش پێویست بە ڕاپۆرتی پزیشکی تایبەت هەیە و دەبێت ڕاپۆرتەکە لە دامەزراوەیەکی تەندروستی تایبەتەوە دەربچێت.

ڕوانگەی لۆجیکی بۆ لەباربردن:

 ڕوانینەکان لەبارەی لەباربردنەوە جیاوازن، هەندێک بەشێوەی ڕەها دیاردەکە قبوڵ دەکەن و مافی ئافرەت بەهەبوونی ئازادی هەڵسوکەوتکردن بەسەر جەستەی خۆیەوە زاڵ دەکەن بەسەر مافی کۆرپە بۆ ژیان. لە کۆتایدا کۆرپەکە بیبەش دەکەن لە هەموو پاریزگارییە ڕەوشتی و یاساییەکان. لەبەرانبەردا هەندێکی تر مافی کۆرپە بۆ ژیان زاڵ دەبینن لەبەرانبەر مافی دایکەکە بۆ ئازادی هەڵسوکەوتکردن بەسەر جەستەییدا. لەو نیوەندەدا بۆچونی سێیەم هەیە کە، وەک ڕێسایەکی گشتی لەباربردن بە کارێکی نامرۆڤانە دەبینێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ڕیگەی پیدەدات، کاتێک حاڵەتەکان بە هۆکاری رەوشتی پاساو دەدرێن، وەک مەترسی لەسەر ژیانی دایکەکە. بۆچونی ئێمە لەگەڵ بۆچونی سیێەمە کە، روانگەی ئیسلامە بۆ بابەتەکە، بەوەی کە، ڕیگەپیدانێکی سنوردار بە لەباربردن هەبێت، کاتێک لەبابردنەکە هۆکاری ڕەوشتی و تەندروستی هەیە. ئەم بۆچونە ڕوانینێکی کردەی و لۆجیکیە و کارناکاتە سەر پیرۆزی ژیانی مرۆڤ و خێزان و ڕیکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە. ئەگەر کاریگەریشی هەبێت، کاریگەرییەکی سنورداری دەبێت.

لەکۆتایدا، جێگەی خۆیەتی کە کاریگەری ئیسلام بەسەر یاسا و کۆمەڵگە کەمان بنرخێنین کە ژیانی زۆربەی کۆمەڵگەی ئیمەی تائێستا پاراستووە لە وەها ئاریشەیەکی قوڵی کەسی و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی لەڕیگەی خۆپارێزی سێکسی بەر لە ژیانی هاوسەرگیری و سەنتەرگرتنی ژیانی کۆمەڵگە لەدوای پڕۆسەکە، بۆیە دەکرێت ئیسلام وەک ڕیگای ژیان بۆ خەلکانی نامسوڵمان و روانگەی ئیسلامی بۆ بابەتی لەباربردن، وەک وڵامێکی جەوهەری بۆ ئەو پرسەگەردونییە پێشنیار بکەین.   

 

 

هه‌واڵی گرنگ