کاتێک شیرین ئەبو عاقلە پێکراوە 150 مەتر لە سەربازانی ئیسرائیلییەوە دوور بووە
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

کاتێک شیرین ئەبو عاقلە پێکراوە 150 مەتر لە سەربازانی ئیسرائیلییەوە دوور بووە

دەرکەوتووە کاتێک خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوا پێ کراوە، ١٥٠ مەتر لە هێزەکانی ئیسرائیلەوە دوور بووە.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی "Haaretz"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکانی سوپای ئیسرائیل هێشتا روون نییە کە شیرین ئەبو عاقلە لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەیدا بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل یاخود چەکدارانی فەڵەستین کوژراوە.

لەلێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، کاتێک خانمە پەیامنێری کەناڵی ئەلجزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوا پێ کراوە، ١٥٠ مەتر لە هێزەکانی ئیسرائیلەوە دوور بووە.

هاوكات رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی هەڵکوتانە سەر کەمپی پەنابەران لە جەنین لەلایەن سەربازانی هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل چەندین جار تەقە کراوە، بەڵام هێشتا نازاندرێت ئەو گولـلەی بەر شیرین ئەبو عاقلە کەوتووە گولـلەی ئیسرائیل بوو یاخود گولـلەی ئەو فەڵەستینییانەی تەقەیان کردووە.

ئەوەش هاتووە: ئەو گولـلەیەی بەر سەری شیرین ئەبو عاقلە کەوتووە، ٥،٥٦ میلیمەتر بووە و لە چەکی جۆری M16ی ئۆتۆماتیکی ئەمریکی دەرچووە، بەڵام ئەم چەکە لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلی و شانە چەکدارییەکانی کەناری رۆژئاوایشەوە بەکار دەهێندرێت.

لای خۆیەوە رۆژنامەی "Yediot Ahranot" بڵاوی کردەوە کە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز داوای لە دەسەڵاتداریێتی فەڵەستینی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، ئەو گولـلەیەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی شیرین ئەبو عاقلە، رادەستی ئیسرائیلی بکات.

پێشتر وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین،لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە خانمە پەیامنێر شیرین ئەبو عاقلە-ی تەمەن ٥١ ساڵ لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی سەربازانی ئیسرائیلی داگیركەر کە گولـلەی راستەقینەیان بەکارهێناوە، سەری بە سەختی بریندار بووە و پاشان گیانی لەدەستداوە.

شیرین ئەبو عاقلە رووماڵی ئەو هەڵمەتەی دەکرد کە رۆژی رابردوو سوپای داگیركەری ئیسرائیل بۆسەر کەمپی جەنین ئەنجامی دا.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست هێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو.

هه‌واڵی گرنگ