ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەوشی شنگال تاوتوێ دەکات
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رەوشی شنگال تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی پێشهاتەکانی رەوشی قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا دەکات، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و پەکەکە لە قەزای شنگال روویدا.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی میدیای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی 14ی ئایاری 2022، دانیشتنی ژمارە هەشت لە وەرزی یەکەمی یاسادانان لە ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا بەرنامەی کاری دانیشتنەکە خراوەتەڕوو کە بریتییە لە دەنگدان بە پرۆژە یاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و گەشەپێدان کە لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئامادە کراوە.

لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، تاوتوێی پێشهات و رووداوەکانی ئەم دواییەی قەزای شنگال دەکرێت.

هەروەها بڕگەی سێیەمی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بۆ گفتوگۆی گشتیی داندراوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و پەکەکە لە قەزای شنگال روویدا، لە پێکدادانەکاندا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.

هه‌واڵی گرنگ