بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەو گەنجەی بە ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆوە هاووڵاتیانی بێزار دەكرد، دەستگیر كرا.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە: بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، دوای ئاگاداركردنەوەیان كەوا ئۆتۆمبێلێكی جۆری (دۆج) بێ تابلۆ، بە شەقامەكەدا دەسووڕێتەوە و هاووڵاتیان بێزار دەكات، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست.
ئاماژەی بەوەشكردووە: هێزەكانی پۆلیس دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا گرت و شۆفێرەكەشیان بە ناوی (م. ك. ح) دەستگیر كرد.
ئەوەش هاتووە تۆمەتباری ئاماژەپێكراو و ئۆتۆمبێلەكەی، بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێكارە یاساییەكان، ڕادەستی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل كران.