كوردیو
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت،"دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران ئاگاداری سەردانی کردنی شاندی هەرێم بۆ ئێران نین،چونکە ئێستا هەموو شتەکان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای کونسڵگەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت".
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران لە وەڵامی ئەو پرسیارەی تا چەند ئاگاداری سەردانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستانن؟ بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە،"حەز دەکەم بە ڕاشکاوی شتێک بڵێم، دەمێکە وەکو نوێنەرایەتی هەرێم لە تاران لەو هەڵسوکەوت و هاتۆچۆیانە ئاگادار نین وەک خۆی ، چونکە ئێستا هەموو شتەکان لە هەولێر و سلێمانیەوە لە ڕێگای کونسڵگەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، خۆیان لە پەیوەندیدان و شاندەکان ڕێکدەخن، بە تایبەتی ئەو شاندانەی ئەگەر بە فڕۆکەی تایبەت بێن و بگەڕێنەوە کەمتر ئێمە ئاگامان لێیە، منیش وەک ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستومە کە هاتوون، لەبەرئەوە ناتوانم نە ڕەتی بکەمەوە نە پشتڕاستی بکەمەوە کە هاتون یا نا. "
نازم دەباغ وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، ئایا ئەوە خاڵی لاواز نیە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کە وەفدێکی هەرێم بێتە تاران و ئێوە ئاگادار نەبن یا ڕێکخەر و بەشداری کۆبونەوەکانیان نەبن؟لە وەڵامدا نازم دەباغ وتی " ئەوە هەم خاڵی لاوازە، وە هەم ئاساییە، چونکە سیستمی پەیوەندییەکان زیاتر لە ڕێگای حیزبکانەوەیە، نەک لە ڕێگای حکومەتەوە، بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆمەوە، چەندین جار شاندی ئێرانی چۆتە هەولێر و سلێمانی چاوی بە لایەنەکان کەوتووە، بەڵام پێم وانیە کەسێک گوێی لەوە بوبێت ئەو شاندانە چاوییان بە سەرۆکی حکومەت یا وەزیری ناوخۆ کەوتبێت بە ئاشکرا، بەڵکو ئەگەر ڕوویدابێت لە چوارچێوەی ئەو پڕۆتۆکۆلەی کە پەیوەندییە حیزبیەکان هەیانە یەک لە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بینیووە، چ یەکێتی یا خود چ پارتی".
سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ پارتی و یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان؟ نازم دەباغ وتی" وەک دەزانرێت بە هۆی ئەو سیاسەتانەی لەو دواییانە لە عێراقدا پیادەکرا، (جەنابی ئاغای قائانی) چوو سەردانی (جەنابی کاک مەسعود بارزانی) و یەکێتی و لایەنەکانی تری کرد ئەو پەیامەی گەیاند، کە نابێت کورد بەشێک بێت لەو پڕۆسەیەی کە نێوماڵی شیعە تێکدەدات و یا بەشێک بێت کە هەمیشە لەناو عێراق کێشە دەنێتەوە، بۆیە پێموایە هەمیشە بەرزی و نزمی هەبووە لە پەیوەندییەکان، بەڵام وەک کوردەواری خۆمان دەڵێن( نەگەیشتۆتە مریشکەڕەشە). "
سەبارەت بەوەی ئایا کورد لە پیام و هۆشدارییەکانی ڕابردووی ئێران تێگەیشت؟لە وەڵامدا نازم دەباغ وتویەتی " من پێم وابێت کورد بەشێوازێکی پەرش و بڵاوی هەریەکە و لێکدانەوە و تێگەیشتی هەبووە، بە تایبەتی ئاگامان لێبوو کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆرتر ڕەچاوی ئەو داواکارییانەی دەکرد بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێو مااڵی شیعە یا نەچونە پاڵ هیچ لایەنێک، ئێستاش دوای کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی بە سەرۆکایەتی( کاک مەسعود) وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد "هەوڵی بەردەوامی و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران دەدەن لەو ڕووەوە کەوتونەتە هەوڵ و کۆشش. "