ھاتووچۆی سلێمانی لەبارەی تابلۆی نوێ ڕایگەیاند بە ھۆی سیستەمی پێدانی تابلۆی ستانداری یەکگرتووی نوێ قەرەباڵغییەکی زۆر لە بەڕێوەبەراییەتییەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دروستبووە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە گۆڕینی تابلۆی کۆن بە تابلۆی نوێ بە زۆرەملێ نیە بۆ ئەوانەی کە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەسەر نەچووە و تا کۆتایی ھاتنی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، شۆفێر یاخوود خاوەنی ئۆتۆمبێل سەر پشک کراوە لە گۆڕێنی تابلۆ نوێیەکە.
ئاماژە بەوەشكراوە كە لە ئێستادا ھاوڵاتییەکی زۆر بەر لە دەستپێکردنی دەوامی رەسمی نۆرە دەبەستن بۆ بە دەست ھێنانی تابلۆی نوێ کە زۆریان نە ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بەسەرچووە و نە کاری کڕین و فرۆشتنیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە.
ئەوەش هاتووە كە بەھۆی ژمارەی زۆری ئەو ھاوڵاتییانەی سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکەن قەرباڵغی و جەنجاڵی و لۆد دروستبووە.
لەبڵاوکراوەکەی ھاتووچۆی سلێمانیدا ئەوەش هاتوە: " چەندین کۆبونەوەمان ئەنجام داوە وە بە زووترین کات ژمارەی ئەفسەر و کارمەندی زیاتر دابین دەکەین و بە تایەبەتی بۆ بەشی تۆمار و پشکنین و گۆرینی تابلۆ و لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بە بەرنامە و پلانێکی نوێ کارەکان ڕای دەکەین وە ئەمڕۆش تا سەعات ٤ی ئێوارە بەردەوام کار بۆ ھاوڵاتیان کراوە سەرەرای کۆتای ھاتنی دەوامی رەسمیمان."