لە سلێمانی (٩٠٠) کۆمپانیا مایەپووچ بوون
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە سلێمانی (٩٠٠) کۆمپانیا مایەپووچ بوون

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی چەکی بانکییەوە، نزیکەی ٩٠٠ کۆمپانیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی مایەپووچ بوون، پسپۆرێکی ئابوریش دەڵێت، " تاکە چارەسەری ئەو کێشانە ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان".

 

لەمبارەیەوە محەمەد عەتا، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تائێستا نزیکەی ٩٠٠ کۆمپانیا لە پارێزگای سلێمانی مایەپووچ بوون و داخراون.

وتویەتیشی : لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە سەرجەم پرۆژەکان وەستاون و لەوە بەدوا ناوی بەڵێندەر لە هیچ دامودەزگایەکدا نەما بۆ خەرجکردنی پارە.

ئاماژە بەوەشكراوە : لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەران تائێستا هەزار و ٢٨٠ کۆمپانیای تۆمارکردووە، لەو رێژەیەش تەنها ٥٪ی کۆمپانیاکان بیانین و بەوپێیە بێت، ئێستا ٧٠%ی کۆمپانیاکانی سنوری سلێمانی مایەپووچ بوون.

لەبارەی جیاکاری کردن لە دابینکردنی پارە بۆ پڕۆژەکان لە پارێزگاکاندا، محەمەد عەتا جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لەوانەیە جیاکاریی بکرێت لە نێوان سلێمانی و هەولێردا، چونکە پارەیەکی زۆر بۆ پرۆژەکانی ئەوێ تەرخان دەکرێت، بەڵام شتێکی کەم بۆ پرۆژەکانی سلێمانی دادەنرێت، تەنانەت لەم رۆژانەدا نووسراوێک هات بۆ ئێمە کە ۳٦۰ ملیۆن دینار تەرخان بکرێت بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان، بەڵام ئەوەش هەر نووسراو بوو و دەنگی نەما".

بێستون عوسمان یەکێک لە بەڵێندەرەکانی شاری سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کۆمپانیای هەیە، بەڵام پێنج ساڵە مایەپووچ بووە و کۆمپانیاکەی داخستووە و بودجەی دوو پرۆژەیشی تائێستا لەلایەن حکومەتەوە بۆ خەرج نەکراوە.

ئەوەشی وتوە: "پرۆژەکەی ئێمە لە ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ تەواو بوو، حکومەت هات چەکێکی بانکی پێداین، بەڵام بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکردینەوە کە داوای پارە نەکەین، من ئێستا چەکێکی ٧٤ ملیۆنیم لای وەزارەتی داراییە و هەموو ئامێرەکانیشم فرۆشتووە بۆ ئەوەی قەرزەکانمی پێ ببژێرم، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت داوای باجم لێ دەکات".

لای خۆیەوە، نەبەرد کەریم ,مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاریی بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، چارەسەری سەرەکیی ئەو کێشانە ناردنی پرۆژە یاسای بودجەیە بۆ پەرلەمان، کە نزیکەی هەشت ساڵە پرۆژە یاسای بوجە نانێردرێت بۆ پەرلەمان، کە ئەوەش بەئەنقەست بووە لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوە بۆ پەکسختنی جوڵەی ئابووری لە سنووری سلێمانی، چونکە یاسای بودجە گەندەڵیی کەم دەکاتەوە و هەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەیەکیش پشکی خۆی دەبێت.

جێی باسە ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران، لەئێستادا زیاتر لە هەزار پرۆژە لە پارێزگاکە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، بەڵام سەرجەمیان بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە.

 

هه‌واڵی گرنگ