هەندێ منداڵ كە شیری قوتوو دەخۆن یان شیری دایك دەخۆن و دایكەكە شیرو بەرهەمەكانی شیر دەخۆن هەستیاری بە پرۆتینی شیرەكە دروست دەكەن.
هەندێ لە نیشانەكانی هەستیاری بە پرۆتینی شیری مانگا :
1. غازات و سك رەق بوون و ئاوسانی زۆر، ئاساییە منداڵی ساوا غازاتی و هەندێ نارەحەتی هەبێت بە شیر بەتایبەتی لە (6) مانگی سەرەتای تەمەن، بەڵام ئەگەر هەستیاری بە شیر هەبێت نارەحەتی و رەقبوونی سكی زۆرتر دەبێـــــت و گریان و نارەحەتی زۆری دەبێت.
2. ڕشانـــــەوە : لەسەرەتای تەمەندا تا (1) ساڵی ئاساییە منداڵ جار جار قوڵپی شیر بهێنێتەوە بەشەرتێك گەشەو تەندروستی منداڵەكە ئاسایی بێت، بەڵام لە هەبوونی هەستیاری بە شیر رشانەوەی منداڵەكە زۆر دەبێت و گەشەی منداڵەكە زۆر كەم دەكات یان دەوەستێـــت.
3. سكچوونــی بەردەوام.
4. هەندێ جار خوێن لە پیسایی منداڵەكە دەبنیرێـــت.
5. سووربوونەوەی پێست و ووشـــكە بیرۆ.
6. كۆكەو تەنگە نەفەســــی.
شەرت نیە ئەو منداڵەی هەستیاری بە پرۆتینی شیری مانگا هەبێت هەموو ئەو نیشانانەی هەبێت، ئەگەری هەیە یەك یا دوو نیشانەی هەبێـــــــت.
دەستنیشان كردنی (تشخیص) :
هەستیاری بە شیر بە شێوەی كلینیكاڵ تەشخیس دەكرێت واتا بە نیشانەكانی، پشكنینێكی وا نییە بە شێوەیەكی (100%) دەسنیشانی بكات وەك باسم كرد ئەگەری هەیە منداڵەكە تەنها یەك نیشانەی هەبێت بۆیە گەر پزیشكی منداڵان گومانی هەبێت لەم نەخۆشییە ئەوا شیری تایبەت پشنیار دەكات بۆ منداڵەكە دوای (2 – 4) هەفتەیەك لە بەكارهێنانی ئەم شیرە وەردە وردە نیشانەكانی نەخۆشیەكە نامێنێت، پشكنینی پیسی هەندێك جار سوودی هەیە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە.
چارەســــــەر :
1. ئەگەر منداڵەكە تەنها شیری قوتوو بخوات ئەوە دەبێت شیرەكەی بۆ بكەیت بە شیرێكی تووبی تایبەت كە لەلایەك پزیشكی منداڵانەوە بۆی دیاری دەكرێــــت.
2. ئەگەر تەنها شیری دایكی خوارد ئەوە دایكەكە دەبێت بە هیچ جۆرێك شیرو هەر شتێك كە شیری تێدایە نەیخوات، لەگەڵ نەخواردنی ســـۆیەو ئەو خواردنانەی كە سۆیەی تێدایــــە.
3. منداڵەكە شیری قوتوو و شیری دایكی خوارد ئەوا شیرە قوتووەكە دەگورێت بە شیری تایبەت وەك باسم كرد لەگەڵ ئەوەدا دایكەكە وەك باسم كرد بە هیچ شێوەیەك نابێت شیرو سۆیا بخوات.
4. دوای (6) مانگی كە دەست دەكەیت بە پێدانی خواردن جگە لە شیر دەبێت منداڵەكە بە هیچ شێوەیەك شیری مانگاوو سۆیاو ئەو خواردنەی كە شیرو سویای تێدایە نەیخوات.
پرسیار : تا چی تەمەنێك هەستیاری بە شیری مانگا بەردەوام دەبێـــت ؟
وەڵام : لە (50%) ی منداڵ كە هەستیاریان هەیە بە شیر لە تەمەنی (1) ساڵی باش دەبن، بەڵام هەندێ جاریش تا (3) ساڵ ئینجا باش دەبن، هەندێك هەستیاریان تا گەورەبوون بەردەوام دەبـــــن.
تێبینی : لای هەندێك هەڵە تێگەیشتنێك هەیە ئەم نەخۆشییە جیاوازە لەگەڵ هەستیاری بە لاكتۆز كە شەكری شیرە نەك پرۆتین.
(د. ئـاكــــۆ كـــەریــم جـــــەلال – پسپۆری نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان)