چەند رۆژێک پێش ئێستا کوڕێکی تەمەن ٣ ساڵ لە بەریتانیا بەهۆی پەلاماری سەگەوە لە ماڵێکدا گیانی لەدەستدا. هەر لەو کاتەشدا بوو کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە کوردستان لەلایەن چەند سەگێکەوە لە ماڵێکدا کوژرا.
تا ئێرە چیرۆکەکە زۆر نزیکە لە یەکتر. دوو منداڵ لەلایەن سەگەوە پەلامار دراون و گیانیان لەدەستداوە.
بەڵام ئەوەی زۆر جیاوازە مامەڵەی بەرپرسانی ئەمنی و پۆلیس و راگەیاند و کۆمەڵگەیە لەگەڵ ئەم رووداوە. ئەوەی لە کوردستان روویدا دەرخەری نەبوونی یاسا و رێزە بۆ ژیانی منداڵێک کە سەگ خواردوویەتی، ئەوەی لە بەریتانیاش کرا نیشانەی هەبوونی یاسا و رێز و مافی مرۆڤە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو کەسێک.
چۆن منداڵێک کە سەگی دراوسێکەیان کوشتویەتی بەخێرایی بەخاکدەسپێردرێت بەبێ راپۆرتی پزیشکی دادی؟ چۆن پۆلیس و هێزی ئەمنی و داواکاری گشتی قسەیان نیە و لێکۆڵینەوە ناکەن؟ چۆن راگەیاندن پێش پۆلیس قسە لەگەڵ خێزانی کچەکە دەکات؟ چۆن هەموو کەس قسە دەکات و رێز لە تایبەتمەندی خێزانەکە ناگرێت؟ بۆچی پێش بەخاکسپاردنی لێکۆڵینەوە نەکرا بەڵکو دوای فشاری سۆشیاڵ میدیا گۆڕەکەی هەڵدرایەوە کە تەنیا دایکەکان تێدەگەن ئەوە چەند قورسە؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە نەدەبوو لە ساڵی ٢٠٢٢ کە مرۆڤایەتی گەیشتووەتە ئەوپەڕی پێشکەوتن ئێمە بیکەین، دەبوو هەموو شتێک بە رێکاری یاسایی بڕۆیشتایە وەک ئەوەی لە بەریتانیا روویدا.
لە بەریتانیا دوای ئەوەی کوڕێکی سێ ساڵ لە ماڵێکدا لە شاری مانچستەر لەلایەن چەند سەگێکەوە کوژرا، ئەمەی خوارەوە کاردانەوەکان بوون.
-سەرەتا پۆلیس و ئەمبوڵانس دەچنە شوێنی رووداوەکە و خێرا منداڵەکە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
-پۆلیس پەتی زەرد لە دەوروبەری ئەو ناوچە دەدات و هێزی خۆی دادەنێت تاوەکو ئەو کاتەی هەموو لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان دەکات لەو شوێنەدا، ئەگەر چەند هەفتەیەکیش بخایەنێت.
- منداڵەکە دوای مردنی دەبرێتە پزیشکی دادی و بە وردی هۆکار و شێوازی مردنەکەی دیاریدەکرێت.
- پۆلیس سەرەتا قسە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکە دەکات و لێدوانیان لێوەردەگرێت.
- پۆلیس کەسێک دەستگیردەکات بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات بۆ رێزگرتن لە رێکارەکانی دادگا.
- سەگەکان هەموویان دەستگیردەکرێن و یەکێک لە سەگەکانیش بەشێوەی پزیشکی لەناوبراوە.
- پۆلیس داوا لە خەڵک دەکات گومان بڵاونەکەنەوە و هەمووان رێز لە تایبەتمەندی خێزانەکە دەگرن لەو ساتە سەختەدا. خێزانەکەش قسە بۆ میدیا ناکەن بەڵکو راگەیەنراویکی نوسرا بڵاودەکەنەوە بۆ دەربڕینی ئەوەی روویداوە و رێزگرتن لەو منداڵەیان.
- ناوی هیچ کەسێک بڵاوناکرێتەوە تا دادگا بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکە نەدات کە زۆرجار زیاتر لە ساڵێک دەخایەنێت.
سەیری ئەو جیاوازە گەورە بکەن لەنێوان کوردستان و بەریتانیا بۆ مردنی کەسێک، تەنیا هۆکارەکەش ئەوەیە لە بەریتانیا یاسا هەیە و مرۆڤ لە ژیان بێ یان مردوو دەبێ رێزی لێبگیرێت. ئەوە دەرخەری ئەوەیە لە کوردستان یاسا نییە و حکومەتێک هەیە کە تەنیا گرنگی بە کۆکردنەوەی پارە بۆ بنەماڵەکان دەدات و ئەوەی گرنگ نەبێ لەلای ژیانی گەلەکەیەتی.