هیچ مرۆڤێك ئەم نمایشە جوانەی نێو گەردوون نابینێت
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هیچ مرۆڤێك ئەم نمایشە جوانەی نێو گەردوون نابینێت

 

 

سەمای ئەندرۆمیداو ڕێی كاكێشانیش بەڕێوەیە، بەڵام بەداخەوە مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئەم سەمایەو نمایشە بێ وێنەیەی نێو گەردوون نابینێت.

دوای نزیكەی (3800) ملیۆن ساڵ گەردوون جوانترین نمایش دەكات بۆ بونەوەرە زیرەك و بەئاگایەكانی ئەو كاتە، ئێمە لە ئێستاوە بەو نمایشە دەڵێین دروستبوونی میڵكۆمیدا.

میڵكۆمیدا ئەو مێگا گەلەئەستێرە زەبەلاحەیە كە جارێ بەرجەستە نەبووە، بەڵام لە داهاتووێكی زۆر دوور دروست دەبێت كاتێك ڕێی كاكێشان و ئەندرۆمیدا بەتەواوی تێكەڵی یەكتر دەبن و جوانترین سەما لەگەڵ یەكتر دەكەن، ئەوساكە جوانترین نمایش و گەلەریاش لە ئاسمانەوە پێشكەش بە دیدی بونەوەرە زیرەك و بەئاگاكانی ئەو كاتەی نێو گەردوون دەكەن، لە ئێستادا هەردوو گەلەئەستێرە بە خێرایی پتر لە (400) هەزار كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بەرەو یەكتر بەڕێوەن، بۆیە ئێستا دڵنیاین كە تێكەڵ بوونی ئەو دوو گەلەئەستێرە شتێكی مسۆگرەو تەنیا پەیوەستە بە تێپەڕبوونی كات.

ئێمەی مرۆڤی هۆمۆسێیپیان، ئەو بوونەوەرە زیرەك و بەتوانایەین كە لە ئێستادا گەیشتووین بە ئاستێكی ئەوەندە بەرز لە پێشكەوتنی زانستی دەزانین پێش ملیارەها ساڵ چی گوزەراوەو ڕوویداوە لە نێو گەردوون، تەلەسكۆپی هابل ڕۆژانە وێنەكانی گەردوونمان نیشان دەدات كە هی پێش ملیارەها ساڵە، هەتا هەندێك لەو دیمەنانەی گەردوون كە دەیانبینین هی پێش دروستبوونی خۆرو گۆی زەوی و كۆمەڵەی خۆریشن.

ئێمەی مرۆڤ لەپاڵ تەماشاكردنمان بۆ ڕابردوو، ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی بێ وێنە لە زانستی فیزیای گەردوونناسی دەتوانین مەزەندەی پێشهاتەكانی داهاتووی دورو زۆر دوریش بكەین.

لە گەردوون بە گشتی گەلەئەستێرەكان لە یەكتر دووردەكەونەوە بەهۆی تەوژم و هێزی كشانی گەردوون كە لەڕاستیدا كشانی بۆشایی ئاسمانی هەموو گەردوونە بەبەردەوامی لەوەتەی دروست بوونی، بەڵام بەم دواییە دەركەوتووە گەلەئەستێرە لە یەكتر نزیكەكان زیاتر لەیەكتر نزیك دەبنەوە بەهۆی زاڵبوونی هێزی كێشكردنی نێوانیان بەسەر خێرایی كشانی گەردوون، لەداهاتوودا ئەو گەلەئەستێرە لە یەكتر نزیكانە مێگا گەلەئەستێرەكان دروست دەكەن، لە بابەتێكی تایبەتیدا بەم نزیكانە بەناوی چارەنوسی گەردوون بە وردی باسی ئەم دیاردەیە دەكەم.

گەلەئەستێرەی ئەندرۆمیدا نزیكترین گەلەئەستێرەی گەورەیە لە ڕێی كاكێشان، ڕێی كاكێشان ئەو گەلەئەستێرەیە كە ئێمەو كۆمەڵەی خۆرەكەی ئێمەی تێدایە، ئەندرۆمیدا بێ وێنەیە لە زەبەلاحی، پتر لە یەك تریلیۆن ئەستێرەی تێدایە وەك خۆری ئێمەو بچوكترو گەورەتریش، ئێستا دوو ملیۆن و نیو ساڵی تیشكی لە ئێمە دوورە، ئەندرۆمیداو ڕێی كاكێشان دوو گەلەئەستێرە زەبەلاحەكەی گروپە گەلەئەستێرە نێوخۆییەكانن كە ژمارەیان پترە لە (50) گەلەئەستێرە.

لە دوای نزیكەی (3800) ملیۆن ساڵ، ئەندرۆمیدا كە بە دێوە گەلە ئەستێرە دەناسرێت لەبەر گەورەیی لەگەڵ ڕێی كاكێشان دەگەن بەیەكترو لە سەماو نمایشێكی گەردوونی جوان و بێ وێنە تێكەڵی یەكتر دەبن، گەردوونناسان لە ئێستاوە ناویان لەو مێگا گەلەئەستێرەی دروست دەبێت ناوە میڵكۆمیدا.

ئەم ڕووداوە زۆر سەرنجڕاكێش دەبێت بۆ ئەو بوونەوەرانەی ئەو كاتە لە ژیاندا دەبن لە نێو كۆمەڵەی خۆری ئێمە یان هەر شوێنێكی ئەو دوو گەلەئەستێرەیە، هەروەكو لە وێنەكەدا دیارە كە نیگارێكی مەزەندەكراوە، ئەو كاتە ئاسمان ئەوەندە جوان خۆی دەنوێنێت، ڕەنگی دەگۆڕێت و دەنەخشێنرێت بە هەزارەهاو هەزارەها ئەستێرەی نوێ و پڕشنگدار لەگەڵ تانەی هایدرۆجینی ڕەنگاوڕەنگ.

بێ گومان تا ئەو كاتە نەوەكو هەر مرۆڤ نەماوە بەڵكو هەسارەكەشمان بەهۆی كشانی توێكڵی خۆر بەكەڵك هیچ جۆرە ژیانێك نەماوە، مەگەر زۆر پێش ئەو كاتە مرۆڤ یان وردتر بڵێین نەوەكانی ژیانی زیرەك هەسارەی زەویان جێ هێشتبێت و كۆمەڵێك لانەو پێگەی تریان لە نێو گەلەئەستێرەی ڕێی كاكێشان دۆزیبێتەوە.

(نوسینی: لوقمان حەوێز)

 

 

هه‌واڵی گرنگ