لە چ كاتێكدا نەشتەرگەری غودەی دەرەقی پێویستە ؟
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لە چ كاتێكدا نەشتەرگەری غودەی دەرەقی پێویستە ؟

 

 

ئاوسان و پەیدابوونی گرێ لە غودەی دەرەقی حالەتێكی زۆر باوەو لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هیچ كێشەیەك بۆ نەخۆش درووست ناكات ، بەلام لە بەشێكی تووشبوان بۆی هەیە ببێتە شێرپەنجەی غودە ، یاخود بەشێوەیەكی زۆر گەورە دەبێت و پێویست بە نەشتەرگەری دەكات . رێژەی گەورە بوونی غودە لە نێوان ئافرەتان زیاترە لەپیاوان، بە تایبەتی لە تەمەنی سەرووی چل ساڵیەوە .

هۆكارەكانی ئاوسانی غودەی دەرەقی چین ؟

1. بەشێوەیەكی گشتی لە ئافرەتانی دووگیان و هەندێك جار لە گەنجانیش غودە دەپەنمێ و تۆزێك گەورە دەبێت، ئەمەیان بە حاڵەتێكی فسیۆلۆژی دادەنرێت و هیچ كێشەیەك دروست ناكات ( Simple goiter ).

2. كەمی ئایۆدێن بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی گەورەبوونی غودەی دەرەقی دادەنرێت ( Endemic goiter )، هەرچەندە زیادكردنی ئایۆدین لەگەڵ خۆی بە رێژەیەك ئەو كێشەیە چارەدەكات، بەڵام تاكوو ئێستاش لە زۆر ووڵاتانی ئاسیاو ناوەڕاستی ئەفریقیا حاڵەتێكی زۆر باوە، ئایۆدین بەشێوەیەكی سەرەكی لە ماسی و خواردنە دەریاییەكان بوونی هەیە.

3. بەشێك لەو نەخۆشانەی تووشی تەسەمومی غودە دەبن بە هۆی نەخۆشی گرێڤیزەوەیە ( Graves disease )، ئەوانەی تووشی تەمبەلی غودەش دەبن بەهۆی نەخۆشی هاشیمۆتۆ، ( Hashimotos disease ) ئەگەری ئەوە هەیە كە غودە گەورە ببێت.

4. هەندێكجار غودە بەهۆی بوونی گرێیەكەوە گەورە دەبێت ( Nodular goiter )، بوونی گرێ بۆی هەیە تەنها لایەكی غودە، یاخود هەموو گلاندەكە بگرێتەوە.

5. گەورەبوونی غودە بە هۆی شێرپەنجەی غودەی دەرەقی.

نیشانەكانی گەورەبوونی غودە چین ؟

1. لە زۆربەی نەخۆشەكاندا لە جگە هەستكردن بە ئاوسان و گەورەبوونی غودە، هیچ نیشانەیەكی تر بەدیناكرێت.

2. ئەگەر غودەكە زۆر گەورە بێت بۆی هەیە نەخۆش تووشی تەنگە نەفەسی بكات، یاخود دەبێتە هۆكاری بە زەحمەت قوتدانی خواردن، ئەم نیشانانە زیاتر لەو نەخۆشانە بەدیدەكرێت كە غودەكەیان زۆر گەورە دەبێت و بەشێكی گلاندەكە چۆتە بەشی سەرووی سیەكان و قەفەسەی سینگ.

3. وەك لە هۆكارەكانی باسمان كردووە، بەشێكی نەخۆشەكان بۆی هەیە نیشانەكانی پەك كەوتنی یاخود تەسەمومی غودەیان هەبێت.

گەورەبوونی غودە چۆن دەستنیشان دەكرێت ؟

جگە لە پشكنینی خوێن بۆ دلنیابوونە لە فەرمانی غودە، پشكنینی نەخۆش لەلایەن پزیشكی پسپۆر زۆر گرنگە، سۆناری مل ( Thyroid ultrasound ) وەك هەنگاوی یەكەم بایەخی خۆی هەیە، باشترە سۆنار لەلایەن كەسێكی پسپۆرەوە بكرێت، جگە لە دیاریكردنی قەبارەی غودە، لە رێگای سۆنار كۆمەڵێك زانیاری وورد بەدەست دەگەیەنێت، بۆ نموونە ئەگەر گلاندنەكە خزابێتە بەشی سەرووی قەفەزەی سینگ، لە رێگای سۆنار لە بەشێكی زۆری نەخۆشەكان دەتوانرێت زانیاری وورد دەربارەی گرێكانی غودە بەدەست بهێنرێت ئەگەر نیشانەی شێرپەنجەیان پێوە دیاربێت، لە هەندێك حاڵەت دوای سۆنار، نەخۆش پێویستی بە سی تی سكانی مل و بەشی سەرووی سیەكان دەبێت.

هەنگاوێكی تری زۆر گرنگ بۆ بەشێكی ئەو نەخۆشانەی كە گرێیان هەیە وەرگرتنی سامپلە لە رێگای دەرزیەك، ئەو كارە زۆر ئاسانەو لە چەند دەقیقەیەك زیاتر ناخەیەنێت و هیچ ئازارو لێكەوتەی خراپی بۆ نەخۆش نیە، هەموو نەخۆشێك پێویستیان بەو پشكنینە نابێت، بەڵام لەوانەی كە ئەگەری شێرپەنجە هەیە دوای پشكنینی سۆنار دەبێت سامپل وەربگیرێت بۆ دلنیابوونەوە.

چارەسەرەی گەورەبوونی غودە چۆن دەكرێت ؟

دوای هەڵسەنگاندنی نەخۆش لەلایەن پزیشكی پسپۆڕو دڵنیا بوونەوە لە گەورەبوون و ئاوسانی غودە، كە بە هۆی شێرپەنجەوە نیە، لە زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكان جگە لە دڵنیاكردنەوەی نەخۆش هیچی تر پێویست ناكات، بەشێكی نەخۆشەكان پێویستیان بە چاودێری و دووبارەكردنەوەی سۆناری مل دەبێت.

دەبێت ئەوە بزانرێت كە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی هەیە نەخۆش تووشی كۆمەڵێك كێشە بكات و راستەوخۆ دوای نەشتەرگەری یاخود بۆ ماوەیەكی درێژ، پێویستە ئەو نەخۆشانە لە ژێر چاودێری پزیشكی پسپۆری هۆرمۆنەوە ببینرێن و تێگەیشتن لەگەڵ پسپۆری نەشتەرگەری هەبێت بۆ بریاردان دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

1. نەشتەرگەری بۆ هەموو ئەو نەخۆشانە پێویستە، كە تووشی شێرپەنجەی غودە دەبن، یاخود ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە.

2. ئەو نەخۆشانەی غودەیان زۆر گەورە بووەو بۆتە هۆكاری تەنگەنەفەسی و زەحمەتی قوتدانی خواردن پێویستیان بە نەشتەرگەری دەبێت.

3. لە بەشێكی خانمان هەرچەند گەورەبوونی غودە هیچ كێشەیەكی بۆیان دروست نەكردووە، نەشتەرگەری وەك هۆكارێكی جوانكاری ئەنجام دەدرێت.

4. بەشێك لەو نەخۆشانەی تووشی تەسەمومی غودە دەبن و گلاندەكەیان بە رادەیەكی زۆر گەورەیە دەبێت، نەشتەرگەری لابردنی غودە وەك ڕێگایەكی چارەسەری سەیر دەكرێت، بە تایبەت لەو نەخۆشانەی دوای بەكارهێنانی دەرمانیش نەخۆشیەكەیان دەگەرێتەوە.

5. هیچ حەبێك یان دەرمانێك كاریگەری لە كەمكردنەوەی ئاوسان و گەورەبوونی غودە نابێت و تاكە رێگای چارەسەری نەشتەرگەریە ئەگەر پێوست بكات.

(د. عارف گۆران - پسپۆڕی ڕاوێژكاری نەخۆشیەكانی هەناو)

هه‌واڵی گرنگ