قابیلمانە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

قابیلمانە

بەداخەوە لەدوای ٣٠ ساڵ حکومڕانیان ئەم دووحیزبە بەوانەشەوە کە بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومڕانین نەک هەرنەیانتوانیوە خزمەتی خەڵک و خاک و میللەتی خۆیان بکەن بەڵکو لەسایەی گەندەڵکاری و دزی و پیسی و زۆرخۆریاندا، لەبەرمەبنای پشکپشکێنەو زۆن و دڕدۆنگی و شارچێتیاندا تادێت ئەم هەرێمی کورستانە قەرزارترو ژێربارتر دەکەن.

تادێت خەڵکەکەی برسی و تینو دەکەن و بێ سوتەمەنی و دەرمان و کەم تفاق و بێ موچەو بێکاریان دەکەن.

لەولاشەوە بێ نینۆک و ژێرچەپۆک و زەلیل و دەستەمۆو سەرشۆڕیان دەکەن . خەبات و دەستکەوت و قوربانیدانی لەمێژینەیان کەمئەرزش و بێبایەخ دەکەن.

لەڕێگەی هێنانی دیسکۆو کچە مۆدێل و سۆشیال میدیاو کەناڵە کانیانەوە ئەخلاق و کەلتورو ڕەسەنایەتییان لەکەدارو پێ باردەکەن و شانازیکردن بە مێژینەی جوانی باب و باپیرو کوردەواریان لەخاچ دەدەن هەموو ئەمانە مشتێکن لەنمونەی خەرمانە چەوت و چەوێڵەکانی دەسەڵات کە تەنها مەبەستێکیان هەیە ئەویش سیاسەتی مانەوە بۆ بەهێزەکانە کە بریتییە لە سیاسەتی دارستان و ئاژەڵکاری.

خراپتر لەهەموو ئەمانە دەستەمۆکردنی کەمینەیەکە لەپێناو بێدەنگکردنی زۆرینەکەداو پاشانیش لەڕێگەی هەمان ماستاو چی و قۆرغکارو بەرژەوەندیخوازو هەلپەرستانەوە ئەوەی بیانەوێ ئەنجامی دەدەن ، ئەوان دەکەنە پردێک بۆ خۆڵ لەچاوکردن و ڕازیکردن و چەواشەکاری نێوخۆیی و نێو دەوڵەتان.

کەبەداخەوە بەهۆی بێ دەنگی میللەتی کوردەوە تاهەنوکە ئەوەی ویستویانە جێبەجێیان کردووە کورد وتەنی لە تەڕ دەخۆن و لە ووشک دەبەن.

کەوابوو دەمەوێ ئەوە بڵێم بەر لە حکومەت ئێمەی میللەتی کورد نەقیزەمان دەوێ نەقیزەی وشیاری و بێداری، نەقیزەی لەخەو ڕاچەڵەکین ، نەقیزەی شکاندنی بێدەنگی و بێنازی ، نەقیزەی بێهەڵوێستی و کەڕولاڵی خودای گەورەش دەفەرموێت (ان الله لايغير مابقوم حتى يغيروا مابانفسهم). واتە خودا گەلێک ناگۆڕێ تائەوگەلە خۆی خۆی نەگۆڕێت.

کەوابوو لەپێناو هەستانەوەو بوژانەوەو ژیانەوەی خۆمان و نەوەکانی ئایندەمان دەبێ بێداربینەوەو چیتر ڕێگە بەم هەموو گەندەڵی و بێویژدانی و فەسادی و کاولکاریەی دەسەڵات نەدەین هەموو ئەمانەش بەیەک دەستی و یەک گورزەیی و یەکهەڵوێستیمان دەبێت وەک شاعیر دەڵێ:

تەنها پەنجەیەک هیچی پێناکرێ کەکردت بە پێنج کێ بەرگەی دەگرێ بەجرێک دەبێت جارێکی تر هەموو ڕێگاکانی مەدەنی تاقی بکەینەوە بەتایبەتی هەڵبژاردن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری بەڵام خۆپیشاندانێک دوور لە توندو تیژی و بەکارهێنانمان لەلایەن حیزبە سیاسیەکانی دیکەوە ئەمانە دووڕێگای سەرەکین کەناکرێ میللەت لێیان بێ هەڵوێست و کەم هەڵوێست بێت گەرنا دۆخەکە بەجۆرێ ئاخێزو بێزێندراوە چارەسەرکردنی تادێت گران و قورس و ئەستەم دەبێت میللەتیش بەردەوام دەچەوسێندرێتەوەو تادێت هەژارو بێدەسەڵات و بێنینۆکتر دەکرێت دواجاریش زیانەکە بۆ هەموانەو خوداش دەسەڵاتێک بەردەوام دەکات کە قابیلمانە .

 

هه‌واڵی گرنگ