سۆشیال مێدیا وەک جێگرەوەی ڕاگەیاندنی تەقلیدی
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سۆشیال مێدیا وەک جێگرەوەی ڕاگەیاندنی تەقلیدی

شکستی مێدیاو ڕاگەیاندنی گشتی و تەقلیدی لە کوردستان و ناوچەکە و بەجوانی ئەنجام نەدانی ئەرکەکانیان وەک دەسەڵاتی چوارەم ، هۆکارێکی سەرەکیە بۆ ڕۆژ بەڕۆژ گەشەکردنی (مێدیای ئەلیکترۆنی بەگشتی و سۆشیال مێدیا) بەتایبەتی .
ئەو بۆشاییەی کە ئەمرۆ میدیای تەقلیدی و گشتی نەیتوانیوە پڕی کاتەوە ، سۆشیال مێدیا هەوڵ دەدا پڕی کاتەوە..
ئیتر هەندێ جار بەچاکی و هەندێ جاریش بەسەقەتی و ناڕێکی ، بەڵام ئەم مێدیایە زیاتر تینویەتی جەماوەر دەشکێنێ و زۆرترو ڕوونتر پەنجە دەخاتە سەر کەموکوڕی و برینەکان و ڕاشکاوانەتر پەنجە بۆ گەندەڵیەکان ڕادەکێشێ.
ئاخر کەناڵە تەقلیدیەکانی ڕاگەیاندن بەڕاستی وەکو پێویست خۆیان ماندو ناکەن و بەدوای پرس و ڕوداوەکاندا ناچن ، بنکۆڵکاری ورد بۆ کێشەکان ناکەن ، بەڵکو ئەوەی دەیکەن ، بڵاوکردنەوەی هەندێ هەواڵی سواوە لەگەڵ بەدواداچونێکی ڕوکەشانەی دوابڕاو ،کە هیچ کاریگەرییەک بەجێ ناهێڵێ.
هێشتا مێدیا لەکوردستان نەیتوانیوە پێمان بڵێ : بۆچی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لەهەرێم و لەبەشەکانی دیکەی ئێراق وەکو یەک نیە و لێرە دوا دەکەوێ ،یان کوالیتی خراپە ؟ مێدیا لێرە نەیتوانیوە بەوردی بەدواداچوون بۆ کێشەی گرانی بەنزین و سوتەمەنی بەگشتی بکات و خراپی کوالیتیەکەی شی بکاتەوە..
بە بۆچوونی خۆم مێدیا ( ڕاگەیاندن) ئەگەر سەربەخۆو ئازاد نەبێ وئەگەر کاراکتەرەکانی پرۆفیشناڵ و ئازاو لێبڕاو نەبن و پیشەییانە کارنەکەن ، ناتوانێت ئەو مێدیایە بێت کە ڕای گشتی دەجوڵێنێ، ناتوانێت ببێتە ئەو ڕاگەیاندنە کە پێی بوترێ ( دەسەڵاتی چوارەم ، یان خاوەن شکۆ ).
بەداخەوە ڕاگەیاندن لەکوردستان یان حیزبیە ،یان لەسێبەری حیزبدایە و بەپارەی حیزبە گەورەکان هەڵدەسوڕێ و لەسەر پێی خۆی ڕانەوەستاوە.
هەروەها مێدیاکارەکانیش یان کادرو لایەنگری حیزبن ، یان موچەخۆری حیزبن ، لەهەمانکاتیشدا لەڕووی پیشەییەوە هێشتا لەئاستی پێویستدا نین و پیشەکەیان نەبۆتە ناسنامەو جێی شانازی بۆیان .
لەڕاستیدا هەموو ئەمانە کۆسپ و ئاستەنگن لەبەردەم ئەم ڕاگەیاندنە تەقلیدیە دا کەنەتوانێت پەیامی خۆی بەجوانی بگەیەنێت و (بینەرو بیسەرو خوێنەرەکانی) تێرو دڵخۆش بکات.
هەربۆیە ڕۆژ بەڕۆژ (سۆشیال مێدیا) گەشەدەکات و فراوانترو کاریگەرتر دەبێ و لەبەرامبەریشدا مێدیاو ڕاگەیاندنی باو پاشەکشە دەکات.

هه‌واڵی گرنگ