هۆكاری بوونی ئازار لەپێیەكاندا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

هۆكاری بوونی ئازار لەپێیەكاندا

 

 

پێویستە بزانین كە مەرج نیە بوونی ئازار لە پێیەكاندا هۆكارەكەی پەیوەندی هەبێت بە بوونی ناتەواوی لە پەنجەكانی پێدا یاخود بەهۆی بوونی پێكانەوە بێت لە پێیەكاندا، هەندێ جار بوونی ناتەواوی لە بڕبڕەكانی پشتدا وەكو داخزانی دیسكەكان دەبێتە هۆكاری سەرەكی ئەم ئازارە ئەویش بەهۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی دێت بۆ ماسولكەو بەستەرەكانی پێ.

زۆربەی جار لەم حاڵەتەدا جگە لە ئازاری پێ یەكان ئازاری قاچیشیان دەبێت نەخۆشەكان.

هۆكارەكانی ئازاری پێیەكان بە گشتی ...

1. هەوكردنی بەستەری پشتەوەی قاچ.

2. پچڕانی بەستەری ئەخیلیس.

3. پێكانی ڤاچ و شكاندن لە ئێسكەكەكانی پێ و پەنجەكاندا.

4. بوونی ئێسكی زیادە لە پێداو هەوكردنی بەستەری بنی پێ.

5. هەوكردنی كیسی نێوان جومگەكانی پێ.

6. بوونی مێخەكەو كلس لەبەستەرەكانی پاژنەی پێدا.

7. نەخۆشی شەكرە دەبێتە هۆی ئازاری دەماری قاچ.

8. فلات فووت (پێی تەخت).

9. دەردە شاهانە.

10. داخوران لە جومگەكانی قاچ دا، هەوكردن لەئێسكی قاچ دا.

11. نەخۆشی رایناودس (Raynaud phenomenon ): كەئەمیش بریتیە لە تەسكبوونەوەی بۆرییەكانی خوێنی قاچ.

12. تارسال تونیل (tarsal tunnel syndrom).

13. بەكارهێنانی بەردەوامی پێڵاوی ناتەندروست و پاژنە بەرز.

14. نەخۆشی ڕۆماتیزمەكان.

15. خزانی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشت.

16. تەسك بوونەوەی كەناڵی دڕكە پەتك.

17. بوونی داخوران لە جومگەكانی نێوان بڕبڕەكانی پشتدا كە دەبێتە هۆی فشار لەسەر دەمارەكان.

18. بوونی ئێسكی زیادەی دەرپەڕیو لە پەنجە گەورەی پێ دا.

19. نەخۆشی بورگر (burger disseas): كەئەمیش بریتییە لە هەوكردنی مولولەكانی خوێن لە قاچ دا دەبێتە هۆی گیرانی مولولەكان.

20. هەندێ جار كەمی هەندێك ڤیتامین و كانزاكان لەوانە ڤیتامین بی و دی لەوانەیە ئازارو سڕی دروست كەن لە پێی و قاچەكاندا.

نیشانەكانی :

نیشانەكان دەگۆڕێن بە گوێرەی نەخۆشیەكە، بەڵام ئەو كەسانەی ئەم جۆرە ئازارانەیان هەبێت، ئەوە زیاتر ئازاری پێیەكان پەیوەندیان هەیە بە كێشەیەك لە بڕبڕەكانی پشتدا:

1. نەمانی توانای بەرزكردنەوەی قاچ بۆ سەرەوەو لەوانەشە سڕی هەبێت لە ناوەڕاستی بەشی خوارەوەی قاچ و پێ یەكاندا.

2. بوونی كەوتنی قاچ (foot drop): كاتێك فشار لەسەر ئەو دەمارانە دروست دەبێت كە لەبڕبڕەكانی پشتەوە دێن لەوانەیە ئەمە دروست بێت، كە نەخۆشەكە هەست بە قورسیەك دەكات كە بەهۆیەوە ناتوانێت پێیەكانی بنوشتێنێتەوە بۆ سەرەوە وەزیاتر لەكاتی فشار لەسەر دەماری (L5) دا روودەدات، هەروەها ئازاریش دروست دەكات لە ماسولكەكانی بەشی پشتەوەی قاچداو پەنجە گەورەی پێ و بەشی پێشەوەی پێیەكان.

3. بوونی ئازار لەپاژنەی پێدا لەگەڵ سوتانەوەو سڕی كە ئەوە دەگەیەنێت فشار هەیە لەسەر دەماری (S1)، كە ئازارو بێهێزی دروست دەكات لە ماسولكەكانی پشتەوەی قاچداو نەخۆشەكە ناتوانێت لەسەر بەشی پێشەوەی قاچیدا بڕوات، یاخود ناتوانێت بەباشی سەیارە لێبخوڕێت یاخود بەپێ بڕوات.

هەندێ خاڵی گرنگ لە دەستنیشانكردنی ئازاری قاچ دا :

نەخۆش دەبێت زانیاری تەواو بدات لەسەر شێوەی ئازارەكە، هەروەها هەندێ جار پێویست بە هەندێ پشكنینی خوێن و تاقیگە دەكات بۆ زانینی هۆكاری ئازارەكە، پشكنین بە ئامێری سۆنەر بۆ زانینی هەوكردنی بەستەرەكان، هەروەها ئەشعەی ڕەش و سپی ‏(Xray)، ئەشیعەی تەنووری پشت هەندێ جار پێویستە.

چارەسەركردن :

بەپێی جۆری نەخۆشیەكە جیاوازە.

(د. هەڤین كەمال شاهـ موحەمەد – ئەندامی ئەكادیمیای ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن)

 

هه‌واڵی گرنگ