سەرکردەکانى یەکێتى ئەورووپا پێگەى "وڵاتى کاندید"یان دایە ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

سەرکردەکانى یەکێتى ئەورووپا پێگەى "وڵاتى کاندید"یان دایە ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا

سەرکردەکانى وڵاتانى یەکێتیى ئەورووپا، بڕیاریان دا پێگەى "وڵاتى کاندید" بدەن بە ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا و بڕیارەکەش لە کاتى بەڕێوەچوونى کۆبوونەوەى لووتکەى سەرکردەکانى یەکێتى ئەورووپا لە برۆکسل راگەیەندرا.

سەرۆکى ئەنجوومەنی یەکێتىی ئەورووپا، چارلز میشێل، لە پەیامێکیدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە هەردوو زمانى ئۆکرانى و رۆمانى بڵاوی کردووەتەوە بریارەکەى بە "مێژوویى" ناوبردووه‌.

چارلز میشێل لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: "ئەو بڕیارەى ئەمڕۆ بۆ یەکێتى ئەورووپا هەنگاوێکى زۆر گرنگ پێكده‌هێنێت" و پیرۆزیایى لە گەلانى ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا کرد.

لای خۆیه‌وه‌ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین پیرۆزبایى لە سەرۆکى ئۆکرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکى و سەرکۆمارى مۆڵدۆڤا، مایا ساندو کرد و رایگه‌یاند: "وڵاتەکانتان بەشێکە لە خێزانى ئەورووپا. بڕیارە مێژووییەکانى ئەمڕۆى سەرکردەکانیش ئەمە پشتراست دەکاتەوە".

ئۆکرانیا چوار رۆژ دواى دەستپێکردنى هێرشەکانى رووسیا لە ٢٨ى شوباتى ٢٠٢٢دا داواکاریى کاندیدبوونی بۆ یەکێتى ئەورووپا پێشکەش کردبوو، و مۆلدۆڤا و جۆرجیاش لە ٣ى ئادارى ٢٠٢٢دا داواکارییان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست پێشکەش کردووە. ئەنجوومەنی یەکێتیى ئەورووپا لە ٧ى ئاداردا داواى لە کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەورووپا کردبوو بۆچوونى خۆى له‌وباره‌یه‌وه‌ رابگەیه‌نێت.

کۆمیسیۆنى یەکێتى ئەرووپا، لە ١٧ى حوزەیران بۆچوونى خۆى لەسەر پێدانى پێگەى بەربژێربوون بۆ ئۆکرانیا و مۆلدۆڤا راگەیاند. سەبارەت بە جۆرجیا کۆمیسیۆنەکە پێشنیازى ئەوەى کرد کە لە داهاتوودا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکەى بکرێت بە مەرجێک دیدگایەکى ئەورووپى پێشکەش بکات و پابەندى پێوەرەکان بێت.

پێگەى کاندیدبوون یەکەم هەنگاوى ئەو پرۆسەیەیە کە ساڵانێکى زۆر دەخایەنێت بۆ وڵاتێک کە دەیەوێت ببێتە ئەندام لە یەکێتى ئەورووپا. دواى پێدانى پێگەى کاندیدبوون بە وڵاتێک، دانوستانەکانى بوون بە ئەندام بە مەرجى جێبەجێکردنى مەرجەکان لە قۆناغەکانى داهاتوودا دەستپێدەکات. ئەگەرى هەیە دانوستانەکانى ئەندامبوون چەند ساڵێک بخایەنێت.

 

هه‌واڵی گرنگ