دوای ئەو هێرشانەی كرانە سەر كێڵگەی غازی كۆرومۆر لە ناوچەی قادر كەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ، دوێنێ ڕێگری لە تیمێكی سەربازی سوپای عێراقی كرا، كە ویستیان بەناوی لێكۆڵینەوەوە بچنە سەر كێڵگەكە.
كێڵگەی غازی كۆرومۆر، دەكەوێتە ناوچەی قادر كەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ و نزیكە لە شاری كەركوكەوە، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدات، لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، دووجار بە كاتیۆشا هێرشیكراوەتە سەر، هێرشەكانیش لە سنوری كەركوك و لە ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجام دراون.
(رەمك ڕەمەزان) قایمقامی چەمچەماڵ، لە لێدوانێكیدا بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: هێرشەكان زیانی گیانی و مادیان بە دواوە نەبووە، لێكۆڵینەوەش لە هێرشەكان بەردەوامن.
ڕۆژانە لە كێڵگەی غازی كۆرومۆر، (453) ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنرێت، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ، بەرهەم هێنانی غاز لەو كێڵگەیە بگەیەندرێتە (570) ملیۆن پێ سێجا، هەروەها لەو كێڵگەیە ڕۆژانە (11) هەزار بەرمیل كۆندێنسەیت كە جۆرە مادەیەكە لە نێوان غازو نەوتی خاوو هەرێم وەكو جۆرێكی زۆر باشی نەوتی خاو مامەڵەی لەگەڵ دەكات، بەرهەم دەهێنرێت.
هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرومۆر لە كاتێكدایە، پارتی و یەكێتی ناكۆكن لەسەر چۆنیەتی ناردنە دەرەوەی غازی ئەو كێڵگەیە، هەروەها عێراق و هێزە شیعەكانیش دژی ناردنە دەرەوەی غازی ئەو كێڵگەیەن لە ڕێگەی توركیاوە.
دوای هێرشەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرومۆر، چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی عێراقی ویستیان لە ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتووەوە بەرەو كێڵگەی كۆرومۆر بڕۆن، بە بیانووی ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان دەكەن، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕێگەیان پێنەدرا.
سەرچاوەیەكی سەربازی هەرێم كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە دەنگی ئەمریكای وتوە، گومان دەكەین، ئەو هێزە بەبیانووی لێكۆڵینەوەوە، ویستبێتیان ئەحداسیاتی ناوچەكە وەربگرن.
لای خۆشیەوە (وەهاب ئەحمەد) بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە وتی، دوو هێزی عێراق لە دوو قۆڵی جیاوەو بێ هەماهەنگی هاتبوونە ناوچەكە بەبیانووی ئۆپەراسیۆنەوە، دواتر كشانەوە.
وتیشی، چوار ئۆتۆمبێلی سەربازی تر بە جیا هاتبوون، گوایە دەچنە كۆرومۆر بۆ لێكۆڵینەوە، بەڵام لە بازگەكە ڕێگەیان پێنەدراو گەڕانەوە.
كێڵگەی غازی كۆرومۆر، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە كەوتۆتە ژێر فشاری هێزە عێراقیەكانەوەو مەترسی زیاتریشی لەسەرە، نزیكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوەو یەكێكە لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەرێمی كوردستان.