كوردیو
ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان بەیاننامەیەكی ناڕازی بەرامبەر هەوڵی لابردنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی بڵاودەكاتەوە.
دەقی بەیاننامەی ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان:
بەیاننامەی ناڕازی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان، بەرامبەر هەوڵی لابردنی وانەی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی
بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
ـــ مامۆستایانی بــــــەرێز
ـــ قوتابیانی خۆشەویست
ـــ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان
ئێمە لە رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر بە پرۆژە یاسای پەروەردە و فێکردن دەردەبڕین کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە لە بەرامبەر ئەو بڕگە و مادانەی کە باسی گۆڕینی وانەی پەروەردەی ئیسلامی و ئاینناسی دەکات بۆ هەر ناونیشان و پێشنیارێکی تر، (یان هەر هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی بابەتی پەروەردەی ئیسلامیی) کە بڕوامان وایە ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر لەوە زیاتر دەخوازێت کە لە چوارچێوەی وانەیەکی نیمچە فەرامۆشکراوەدا بێت، چ جای ئەوەی هەوڵی لابردن و گۆڕینی بدرێت!، لە نێو میللەتێکدا کە شانازی دەکات بە موسڵمانێتی و بەهای پێکەوەژیان و لێبوردەیی.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە رۆژ دوای رۆژ بەها کۆمەڵایەتیی و کوردەوارییەکان کە ئاوێتە و هەماهەنگن بە پرەنسیپە باڵاکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەبەردەم کاڵبوونەوە و هەرەسدان.
هیوادارین لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی ڕاستەقینە و مێژوویی سەرشانیان هەڵبستن و رێگری تەواو بکەن لەو لادانە نەخوازراوە، و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان نەهێڵن ئەم بیرۆکە ناپەسەندە بکرێتە یاسا.
ئێمە لە گەشەپێدان، وەک رێکخراوێکی زیندووی بواری پەروەردەی باڵا و زانست و داهێنان بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارەمەدەنییەکان رێگری تەواو دەکەین لە بەرامبەر ئەم هەوڵە نەخوازراوەدا.
مەکتەبی سکرتاریەتی رێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان
٢٠٢٢/٦/٢٧