لە وەڵامی هێرشی دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە چەک لە کۆمەڵگا و ژیانی ئاسایی دووربخرێتەوە، هەروەها پێویستە ئەو تاوانانە سنووردار بکرێن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بەزووترین کات تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
زۆر دڵگران و خەمباربووین بەبیستنی هەواڵی هێرشکردنەسەر دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین و گیانله‌ده‌ستدانیان، كه دوو کەسایەتیی زانستیی دیاربوون لە کوردستان.
ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی قووڵی خۆمان بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە، دووپات لە گرنگیی هەوڵەکانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بۆ دەرکردن و ڕێکخستنی یاساکانی قەدەغەکردنی هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و پێویستە چەک بەهەموو شێوەیەک لە کۆمەڵگه و ژیانی ئاسایی خەڵک دوور بخرێتەوە و سنوورێک بۆ ئەو تاوانکارییانە دابنرێت.
دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین، توانیان بەزووترین كات تاوانبار دەستگیر بكه‌ن و داواش لە دادگاکان دەکەین بەپێی یاسابەرکارەکان تووندترین رێکارى لەگەڵ بگیرێتەبەر و هیچ ئاسانکارییەکی بۆ نەکرێت، بۆئەوەی نەبێتە هۆکار بۆ زیادبوونی ئەوجۆرە تاوانکارییانە، کە هاوشێوەی کەمە و بە کلتووری ئێمە نامۆیە و هەرگیز کەس زاتی بەرزکردنەوەی سەری نەکردووە لە ئاست مامۆستا و زاناکاندا، نەوەک تەقەکردن لێیان.
دووبارە خەمباری خۆمان بۆ شەهیدبوونی پڕۆفیسۆر د. كاوان ئیسماعیل- راگری كۆلێژی یاسا و پ.ی.د. ئیدریس حه‌مه‌خان- مامۆستا له كۆلێژی ئه‌ندازیاری، دووپات دەکەینەوە و سه‌ره‌خۆشی لە خۆمان و کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکانیان دەکەین، له خوای گه‌وره داوارین سەبوورى به‌هه‌موو لایه‌ك ببه‌خشێت و هه‌ردوو مامۆستای شه‌هیدیش به‌بەهەشتی به‌رینی خۆی شاد بکات.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان