بەنزینیان بە قاچاغ رەوانەی هەرێم كردووە، عێراق 150 بەنزینخانەی داخست
كوردی عربي English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

بەنزینیان بە قاچاغ رەوانەی هەرێم كردووە، عێراق 150 بەنزینخانەی داخست

 

 

نزیكەی 150 بەنزینخانەی ئەهلی لە كەركوك و شەنگال دادەخرێن، ئەوەش بە بڕیاری حكومەتی عێراق و بە چەند هۆكارێكی جیاواز، لە نێویاندا نەبوونی مۆڵەت و تۆمەتی قاچاخچێتی.

بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی لە بەیانی ئەمڕۆوە ئەو بەنزینخانانەی لە شاری كەركوك بەنزینی بازرگانیان دەفرۆشت، بە تەواوی داخراون و كارناكەن.

لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڕیار دەرچووەو ئاگاداركراونەتەوە كارەكانیان رابگرن، چونكە مۆڵەتی رەسمی حكومەتی فیدراڵیان نییە.

هەروەها بەشێك لەو بەنزینخانانە تۆمەتباركراون بەوەی هۆكارن بۆ دروستبوونی قەیرانی بەنزین لە كەركوك، بەبێ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتریان لە بەغداوە لەسەر ئەو تۆمەتە پێبدرێت.

نزیكەی (120) بەنزینخانە لە كەركوك بڕیاری داخستن دەیانگرێتەوە كە بەنزینی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر هەر لیترێك بە نرخی (1200 تا 1450) دینار دەفرۆشن.

لە كەركوك 27 بەنزینخانەی حكومی و 68 بەنزینخانەی ئەهلی كە مۆڵەتیان هەیەو لەكاردان بەنزینی حكومی 450 دیناری بەپێی كۆبۆن دابەشدەكەن، لەو ژمارەیەش دوو بۆ سێ بەنزینخانەیان بەنزینی حكومی بە نرخی بازرگانی بۆ هەر لیترێك بە هەزار دینارو بەبێ كۆبۆن دەفرۆشن.

بڕیاری داخستنی بەنزینخانە ئەهلییەكان تەنیا لە كەركوك نییە، بەڵكو چەندین ناوچەی دیكەی پارێزگای نەینەواش دەگرێتەوە.

كەركوك ناو بڵاویكردۆتەوە، (20) بەنزینخانەی ئەهلی لە قەزای شەنگال داخراون، لەگەڵ چەندین بەنزینخانەی قەزای تەلەعفەر.

تۆمەتەكە ئەوەیە بەشێك لە بەنزینخانەكان بە قاچاخ بەنزین رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (1300) دینارەو بەهۆیەوە بەشێك لە شوفێران دەچنە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی هاوسنوری پارێزگاكانی هەرێم بۆ وەرگرتنی بەنزین.

 

هه‌واڵی گرنگ