پشتێنی سەلامەتی ئامڕازێكە داهێنراوەو لەناو هەموو ئۆتۆمبێلەكاندا هەیە بۆ ئەوەی لەكاتی رووداوەكانی هاتوچۆدا مرۆڤەكان بپارێزێت و كەمترین زیانیان پێبگات.
هەرچەندە لە ساڵی (1870) دا یەكەمین ئۆتۆمبێل داهێنرا، بەڵام باشترین سیستەمی پشتێنی سەلامەتی (50) ساڵ دوای داهێنانی ئۆتۆمبێل كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو داهێنانی ئەم ئامرازەش وەك پراكتیزەكردنی یاسای یەكەمی نیوتنە كە دەڵێت: (تەنێكی نەجوڵاو بە نەجوڵاوی دەمێنێتەوەو تەنی جوڵاویش بەردەوام دەبێت لە جوڵەكەی بەخێراییەكی رێك و لە هێڵێكی رێكدا ئەگەر هیچ زەبرێكی دەرەكی كاری تێنەكات).
كێ پشتێنی سەلامەتی داهێنا ؟
لە سەدەی نۆزدە دا ئەندازیاری ئەمریكی (جۆرج كیلی) جۆرێكی سەرەتایی پشتێنی سەلامەتی داهێنا بۆ ناو ئۆتۆمبێلەكانی ئەوكاتە كە تەنها ناوچەی كەمەری دەگرتەوەو بۆ ئەمەش لە ساڵی (1885) پێشەنگی داهێنانی پێدراوە.
دواترو لە ساڵی (1958) دا ئەندازیاری سویدی (نێڵز بۆهلین( (Nils Bohlin) جۆرە پشتێنێكی سەلامەتی داهێنا كە بە (پشتێنی سێ خاڵی) ناسراوەو توندو تۆڵیشی زیاتر بوو، بۆ یەكەمجاریش ئەو جۆرە پشتێنە لە ئۆتۆمبێلەكانی ڤۆلڤۆی سویدیدا بەكارهێنراو بۆ ماوەی چەند ساڵێك تاقیكرایەوەو دەركەوت رێژەی مردن و برینداربوونی سەختی سەرنشینانی ئۆتۆمبێل لە رووداوەكانی هاتوچۆدا كەمتردەكاتەوە، هەمان ساڵ پێشەنگی داهێنانی درایە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نێڵز مافە بازرگانییەكەی ئەو داهێنانەی رەتكردەوەو چاوچنۆكی نەنواند بۆ ئەوەی هەموو ئۆتۆمبێلێك ئەو پشتێنەی تێدا هەبێت، دوای ماوەیەكی كەم زۆربەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا هەمان رێچكەی كۆمپانیای ڤۆلڤۆیان گرت و پشتێنی سەلامەتیان لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا دانا، لە شەستەكانی سەدەی رابردووشەوە ئیدی هەندێك وڵات یاسای تایبەتیان بە پشتێنی سەلامەتی دەركرد و بەستنی ئەو پشتێنەیان بۆ شۆفێرو سەرنشینەكان كردە ناچاری و سزای مادیشیان بۆ سەرپێچیكەرانی بڕیارەكە دانا.
راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە سەلامەتی شۆفێری ئاماژە بەوە دەكات، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەمڕۆ پشتێنی سەلامەتیان هەیە، كەچی هێشتا هەندێك كەس هۆشیارنین و پشتێنەكە بەكارناهێنن و بەشتێكی زیادە و بەستنی بەبێگار دەزانن، هەر بۆیە تائێستاش ساڵانە بەهۆی ڕووداوەكانی هاتوچۆوە (1.35) ملیۆن كەس لە جیهاندا گیان لە دەستدەدەن.
كورتەیەك دەربارەی داهێنەری پشتێنی سەلامەتی ...
نێلز ئیڤار بۆهلین لە (17ی تەمموزی 1920) لە شاری هارنوساندی سوید لەدایك بووەو لە ساڵی (1930) بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری تەكنیكیدا بەدەستهێناوەو لە ساڵی (1942) دا لە كۆمپانیایەكی دیزاینكردنی فڕۆكەدا كاریكردووەو پاشان بۆتە ئەندازیاری سەلامەتی و دڵنیایی لە كۆمپانیای ڤۆلڤۆ بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە شاری گۆتنبۆرگی سویدو لە ساڵی (1959) داو دوای داهێنانی پشتێنی سەلامەتی سێ خاڵی بووە بەڕێوەبەری بەشی سەلامەتی لە هەمان كۆمپانیا.
جگە لە پشتێنی سەلامەتی ...
نێلز بۆهلین ئەو كاتەی لە كۆمپانیایەكی دیزاینكردنی فڕۆكە بووە گەشەیداوە بە كورسی فڕۆكەوان، بە جۆرێك وایكردووە ئەو كورسییە لە فڕۆكە سەربازییەكاندا بەشێوەی جوڵاو بێت و لەكاتی هەر مەترسییەك فڕۆكەوانەكە بتوانێت بە دوگمەیەك لە فڕۆكەكەوە هەڵدرێتە دەرەوەو بەهۆی پەرەشوتەوە بگاتە شوێنێكی سەلامەت لە مردن رزگاری بێت.
رێزلێنان ...
بەهۆی ئەوەی زۆربەی وڵاتان كۆكبوون لەسەر ئەوەی داهێنانەكەی بۆهلین یەكێكە لە گرنگترین ئەو داهێنانەی لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا لەسەدەی نۆزدەدا كراوەو گیانی كەسانێكی زۆری رزگاركردووە، ئیدارەی نیشتمانی سەلامەتی هاتوچۆی ئەمریكا لە واشنتۆنی پایتەخت مەراسیمێكی گەورەی رێزلێنانی بۆ كردو وەك خاوەن داهێنانی رزگاركەری مرۆڤایەتی لە قەڵەمیدا، هەروەها ئەكادیمیای شاهانە بۆ زانستە ئەندازیارییەكانی سویدیش خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشیوەو دوای چەند ساڵێكیش لە سەركەوتنی داهێنانەكەی كراوەتە ئەندامی رێكخراوی نێودەوڵەتی سەلامەتی.
نێلز بۆهلین لە 26 ی ئەیلولی 2002 و لە تەمەنی 82 ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ كۆچی دواییكردو كە لە ژیاندا بووە هەمیشە ئەو قسەیەی دوبارە كردۆتەوە: (ئەوەی لە هەموو شت زیاتر دڵخۆشم دەكات كە یەكێك دەبینم پێم دەڵێت، ئەو پشتێنی سەلامەتییەی تۆ ئازیزێكی لە مردن رزگاركردم).
(كەشتی نـــوح)