ئایا نان دەبێتە هۆی قەڵەوی ؟
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئایا نان دەبێتە هۆی قەڵەوی ؟

 

 

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باس لەزیانەكانی نان دەكرێت وەك هۆكارێكی سەرەكی قەڵەوی و نەخۆشیەكانی تر، وای لێهاتووە كە مرۆڤ بەردەوام بە ترسەوە لە نان بڕوانیت و بە گومانەوە بیخوات یا گەر بتوانێت وازی لێ بێنت.

1. ئەو زیانانەی كە باس كراون بریتین لە زیانەكانی ئاردی سپی واتە ئاردی سفرو هەموو پسپۆڕان كۆكن لەسەر ئەوەی كە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروست بكرێت، چونكە ئاردی بۆر وەك دانەوێڵە تەواوەكان پۆلێن دەكرێت و هەر سێ پێكهاتووەكانی گەنمی تێدایە لە كاتێكدا ئاردی سپی تەنها لە (Endosperm) دروست دەكرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و كانزاكانی تێدا نیە.

2. نان بڕێكی زۆری كالۆری تێدا نیە، واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری كێش، بەڵام نانێك كە لە ئاردی سپی دروست كرابێت یەكێكە لەو خۆراكانەی كە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ، هەروەها بە هۆی كەمی ماددە ڕیشاڵیەكان و بەرزی (glycemic index) ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە زیاتر دەكات، ئاردی بۆرو ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆو ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی دەكات.

3. بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لەئارد بە شێوەیەكی گشتی بریتیە لە (178) گرام، بەڵام ئەو ڕێژەیە بەپێی جۆری خواردن و پیشەو چاڵاكی جەستەو ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیكەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لەیادمان نەچێت كە خۆراكی تری وەك پیتزاو كێك و ئیشی هەویرو پسكیت ئارد هەیە.

4. لە هەرێمی كوردستان، نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت كاتێ كە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی كەمتری لێ دەخورێت.

5. ڕێژەیەكی دیاری كراو لە دانیشتوان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناكەوێت و هەرسی ناكەن، لە ئەمریكا ڕێژەی (%7) دانیشتوان ئەم حاڵەتەیان هەیە واتە زۆرینەی خەڵك ئەو كێشەیان نیەو ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.

6. بوونی ڕەشكەو شمڵی و تۆوەكانی تر لەناو نانی ئاردی بۆر سوودەكانی زیاد دەكات، هەروەها بەكارهێنانی خومرە لە بری سۆددە بژاردەیەكی زۆر تەندروستە.

7. گرنگترین هۆكاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە كالۆری لە ڕۆژێكدا، خواردنی دەوڵەمەند بە كاربۆهێدراتی ساددەی وەك ئاردی سپی و برنجی سپی و شەكری دروست كراوو شیرینی بڕێكی زۆر لە كاربی تێدایە لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی زوو برسی بوونەوە، بەڵام ماددە پڕۆتینەكان ماوەیەكی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەكرێن و درەنگتر مرۆڤەكە برسی دەبێتەوە، كەس نیە بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەوبێت بەڵكو كۆی خۆراكی خوراوو جۆرەكەی بە درێژایی ڕۆژەكە پێویستە ئەژمار بكرێت.

8. لە كۆتاییدا كاتی ئەوە هاتووە كە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت ڕۆژانە.

(د. كامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی – پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك)

 

هه‌واڵی گرنگ