كاتێك منداڵان سیستەمی خواردنیان ناڕێك و پێك بێت و خواردنی تەندروست نەخۆن دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەیان دوابكەوێت و كێشی لەشیان كەم بكات، پێویستە لەشی منداڵ بری ئەو كالۆریە وەربگرێ كە پێویستی پێیەتی و پشكنینی تایبەتی كێش و باڵای لەلایەن دكتۆرەوە بۆ بكرێت تاوەكو بگەیەنرێتە كێشی و باڵای ئاسایی، ئەگەر هات و هەوڵی چارەسەركردنی نەدەیت، ڕەنگە درێژە بكێشێت و ببێتە هۆی دروست بوونی نەخۆشی تر.
بەپێی قسەی پزیشكان، دواكەوتنی گەشەی منداڵ پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە وەكوو، هۆكارە ژینگەییەكان و پێدانی شیری قوتو لە جیاتی شیری دایك و بەردەوام بوونی منداڵ لە شیر خورادن دوای تەمەنی دیاری كراوو نەخواردنی خۆراك بە شێوەیەكی تەندروست و خواردنەوەی شیر لە كاتی جیاوازداو هەروەها هەندێك كات لایەنی دەروونی كاریگەری زۆری لەسەر گەشەی منداڵ هەیە وەكو بێ باوك و دایكی و نەبوونی هۆشیاری لە لایەن دایك و باوكەوە بۆ پەروەردە كردنی منداڵەكەیان، هەروەها ڕەنگە هەندێكی تر لە هۆكارەكان پەیوەندی بە جۆرەكانی هەستیارییەوە هەبێت بە تایبەت بەرامبەر خواردن، یاخود ئەو نەخۆشیە زگماكیانەی منداڵ هەیەتی، یاخود نەخۆشی شەكرە، زۆر هۆكار هەیە كە دەبێتە هۆی دواخستنی گەشەی منداڵ، بەڵام پێویستە لەكاتی هەستكردن بەم حاڵەتە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەیت و پشكنینی تایبەت ئەنجام بدەیت تاوەكو چارەسەری بۆ وەرگریت.
پێویستە خواردنەكان بۆ منداڵان تەندروست و ڤیتامین دار بن، بەرێژەیەكی كەم بێت و ماوەی سێ رۆژێك لەسەر ئەو خۆراكە بەردەوام بێت تابزانرێت منداڵەكە بەچ خواردنێك هەستیارەو پێناكەوێت تا دوربكەونەوە لە پێدانی بەمنداڵ، ئەم خواردنانە كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەكات، چونكە خواردنە بەسودەكان ڤیتامینات و مادەی ئاسن و هەندێ سەرچاوەی پڕۆتیناتی پێویستن بۆ گەشەی منداڵەكە هەندێ خوێ تایبەتن كە بۆ زیندە چاڵاكیەكانی لەش پێویستە، هەموو ئەم خواردنە بە رێژەیەكی دیاریكراو كاریگەری لەسەر جەستەو مێشكی منداڵەكە هەیە، خەو وەك باشترین سەرچاوە بۆ گەشە، خەو یەكێكە لەبنچینە سەرەكیەكانی گەشە، كە كاریگەری راسەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە، هۆڕمۆنی گەشە لەكاتی خەودا زیاتر دەڕێژرێت، باشترین كاتی خەوتن لەنێوان (8) ی ئێوارە بۆ (6) ی بەیانیە، ئەو ماوەیە زۆر باشە بۆ گەشەی منداڵ، باشتر وایە دایكان و باوكان منداڵەكانیان زوو بخەوێنن، هەر شتێك لە شروب یان قەترەی خەو بێ بۆ خەوتنی منداڵ بەكاربێت باش نیەو كاریگەری لەسەر گەشەی مێشكی منداڵان هەیە.
زۆربەی جار جۆری بەخێوكردنەكە هەڵەیە، هەروەها جۆری شیر پێدانەكەی بەتایبەت ئەوانەی شیری قوتو دەدەنە منداڵەكە، چونكە هیچ شیرێك ناگات بەشیری دایك، ئەو پێكهاتانەی لەشیری دایكدا هەیە زۆر باشترە لەوەی لەشیری قوتودا هەیە. هەر بۆیە زۆربەی جار كێشەكە لەخواردنەكاندایە نەك منداڵەكە، بۆ ئەمە رێنمایی دەدرێت بەدایكەكە، یان كەمی ڤیتامینەكانە لەجۆری ئەو خواردنانەی وەریگرتووە، ئەو نەخۆشیانەی لەماوەی دیاریكراوی شەش مانگی یەكەمدا یا دووەمیدا توشیبوە وایكردووە گەشەی دابەزێت، ئەگەر زانرا منداڵەكە كێشی باش نیەو بەدوای هۆكارەكە دەگەڕێت كە دۆزیتەوە چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت كەلە (80%) هۆكارەكان دەزانرێت.
هەروەها زۆربەی جار هۆكارەكەی بۆماوەییە، هەروەها كەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە لە (4) هەزار كەسدا یەك كەس تووشی دەبێت، كەمی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی، بەدخۆراكی، نەخۆشیە درێژخایەنەكان وەك نەخۆشی گورچیلەو نەخۆشیە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەرس و نەخۆشی رۆماتیزم و نەخۆشی سەلەسیمیای گەورە، حاڵەتە دەروونیەكان وەك خەمۆكی درێژخایەن، نەخۆشیە كرۆمۆسومیەكان وەك كونیشانەی داون و تێرنەر، هەندێ نەخۆشی لە كاتی دووگیانی وا دەكات منداڵەكە بچووك دەرچێت وەك نەخۆشی زەخت و شەكرەو كەمخوێن و كەم خۆراكی، نەخۆشی كەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە بە پشكنینێك تایبەت دەسنیشان دەكرێت كە تەنیا لە بەشی گەشەی باڵا دەكرێت، گەر بەهەر هۆكارێك لە كاتی دووگیانی منداڵەكە بچووك بوو وە تا (4) ساڵی گەشەی باڵای منداڵەكە بەپێ پێویست نەبوو، نەخۆشی عیجزی گورچیلەی درێژ خایەن، نەخۆشی كۆنیشانەی تێرنەر.
هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا لە بەشی گەشەی باڵا لە نەخۆشخانەی منداڵان فایلی تایبەتی بۆ دەكرێت ئینجا لە وەزارەتی تەندروستی بڕی پێویستی دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ دابین دەكرێت، بەكارهێنانی ئەم دەرزیە لە (5 – 15) ساڵیە، بۆیە تكایە بێ راوێژی بەشی گەشە ئەم دەرزیە بەكار مەهێنن تا دووربیت لە دەرەنجامە خراپەكانی ئەم دەرزیە.
(د. جوانە حەمە ساڵح – پسپۆر لە نەخۆشی گەشەی منداڵان)